یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

یەکهەڵوێستی باشترین ڕێگایە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان

سەگڤان هالۆ

قۆناغی ئێستا قۆناغێکی ئاڵوز و دژوارە کە ئەمڕۆ هەرێمەکەمان، هەرێمی کورستان پێیدا تێدەپەڕێت
بۆیە ئەرکی سەر شانی حزبە سیاسیەکانی کوردستانە لە ئاست ئەم دۆخە ناهەموارەدا بن و بیرکردنەوەی تەسکی حزبی و بەرژەوەندی تایبەتی وەلاوە بنێن. بە ئاراستەی بەرژەوەندی گشتی هەنگاو بنێن و کوردایەتی بکەنە پێوەری سەرەکیی خەبات و تێکۆشانیان لە نێو گوڕەپانی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا.
شایانی باسە بوونی بۆشایی سیاسی نە لە ڕابردوو و نە لە ئێستا و ئایندەشدا خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان ناکات، بەڵکو زیانێکی گەورە بە پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان دەگەیێنێت و ئەزمونی فیدراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان وەک تاکە ئەزمونێک کە مۆرکی نەتەوەی کورد و کوردستانیانە، بە شێوەیەکی گشتی دەکەوێتە بەر مەترسیەکی گەورەوە.
کەواتە باشترین چارە، یەکدەنگی و یەکڕیزی حزبە سیاسیەکان و گشت پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانە لە سەر بنەمای کوردایەتی. ئێمە گەر خۆمان بەدوور نەگرین و بەزەییمان بە دۆزی ڕەوای خۆمان نەهێتەوە وەک حزبە سیاسیەکانی کوردستان بە پلەی یەکەم بێ جیاوازی و نەگەڕێیینەوە سەر لوژیک و ڕەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی نێوخۆ و عێراق و دەوروبەر بە باشی و ئەقڵانی نەخوێنینەوە، چارەنووسی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاراستەیێکی نادیار پاڵ پێوە دەنێین.
هەر بۆیەش لێرەوەیە کە قۆناغی ئەمڕۆ بەرپرسیاریەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە هەموومان دەخوازێت و پێویستە بەیەکەوە خۆمان بە خاوەنی گەل و نیشتیمانمان بزانین. پارتی دیموکراتی کوردستان و هێژا سەرۆک بارزانی بە درێژایی قۆناغەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان کوردایەتیان لە سەرەوەی هەموو بەرژەوەندیەکی حزبی و تاکەکەسی داناوە تاکۆ ڕوژی ئەمڕومان.
ستراتیجیی پارتی و بارزانیش نەگۆڕە و هەر چەند باجەکەی قورسیش بووبێت لەم دەڤەرە ئاڵوزەدا؛ بەڵام چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت چونکە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فرە ڕەنگە لە ڕووی سیاسیی و نەتەوەیی و ئایینیەوە، حزبەکانی تریش پێویستە بە پەرۆشەوە لە دۆخی هەستیاری ئەمڕۆ بڕوانن ئامانجی سەرەکییان کوردایەتی بێت نەک بە دروشم بەڵکو بە کردار، بۆ ئەوەی هەموومان لەم جوگرافیە سیاسیە ئاڵوزەدا پارێزراو بین لە و هەڕەشە و مەترسیانەی کە دێنە سەر وڵاتەکەمان بە گشتی.
لە کۆتاییدا دەڵێیین بەردەوام بوونی لە یەکترازان بە شێوەیەکی گشتی یەکسانە بە ڕووخانی دەوڵەت و کۆمەڵگە و دەبینە خۆراکی داگیرکاران و ناحەزانی کوردستان و پەشیمانیش دادمان نادات.