بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی (COP28)

سبەینێ بیست و هەشتەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوبەی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا کە بە کۆپ٢٨ (COP28) ناسراوە، دەست بە کارەکانی دەکاو بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و چاوەڕێ دەکرێت نوێنەرانی ١٩٨ ولات ئامادەبن. کۆنفرانسی پار لە هاوینەهەواری شەرەم ئەلشەیخ لە میسر ئەنجامدرا. هەرچەندە لە کۆنفرانسەکانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ سەرۆک بایدن ئامادە دەبوو، بەڵام لە کۆنفرانسی ئەمساڵدا نە ئەو و نە شی جینپینگ، سەرۆکی چین ئامادە نابن. کۆنفرانسی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا هەوڵدەدات دەوڵەتان بە گشتی و ئەوانەی زۆرترین بڕی غازە زیانبەخشەکان بەرهەمدەهێنن پابەند بکات بە کەمکردنەوەیان. لەو غازە زیانبەخشانەدا، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بە پلەی یەکەم دێت. بە شێوەیەکی گشتی و تێکڕا هەر تاکێک لەسەر ئاستی جیهان سالانە ٦.٦ تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرهەمدەهێنێت. هەرچەندە چەندین سەرچاوەی دروستبوونی ئەو غازە هەن، بەڵام سەرەکیترینیان خەڵوزی بەردین و نەوت و ئەوانەی لە نەوت بەرهەمدەهێنرێن و غازی سروشتییە. زۆرترین بڕی ئەو غازەش لە چین و ئەمەریکا و ئەوروپا بەرهەمدەهێنرێت. بوونی ئەم غازانە لە ئەتمۆسفیردا بۆتە هۆی قەتیس بوونی ئەو گەرمایەی لە زەوییەوە بەرەو ئەتمۆسفیر دەڕوات و ئەمەش بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای دنیا. کەمبوونەوەی باران و بەفر لە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتاندا هۆکارەکەی ئەم بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایەیە. ئێمەش لە کوردستان زۆر بە ڕوونی هەست بەم گۆڕانەی کەشوهەوا دەکەین. لە کاتێکدا کاریگەریی لەسەر هەموو تاکێکمان هەیە، بەڵام هۆکاری سەرەکی ئێمە نین و ولاتانی پیشەسازی و پیشکەوتوون، بۆ نموونە ٪٣٠ بڕی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی جیهان لە چین بەرهەمدەهێنرێت. بە پێێ هەندێک سەرچاوە بڕی دوەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ئەتمۆسفیردا ٪٥٠ زیاترە لەو بڕەی بەر لە شۆڕشی پیشەسازی هەبوو. هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کەمکردنەوەی ئەم بڕە زۆرە و کۆنفرانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێکن لەو هەوڵانە. گەورەترین سەرچاوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە عێراقدا ئەو غازەیە کە لە بیرە نەوتەکان دەردەچێت و دەسووتێنرێت، جگە لە ئەو سووتەمەنیانەی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێن.

ھەواڵی زیاتر