ئەو گوندەی منداڵیمی لەگەڵ خۆی بردیادەوەریه‌کی نۆستالیژیا

گەردین بەرزێوەیی

زۆر ئێواران بە یادی ساڵانی ڕۆیشتوو، دەچمەوە گوند و لە گەروێ “مام بارینی” ڕوەو خانوە خاپوورکراوەکان دادەنیشم، هەناسکانم پڕدەبن لە ئاوازی غەریبی، دەمەوێت سەرێک بدەمەوە لە زەمەنی منداڵیم، دەمەوێت لەو سەری گوند هەتا ئەوسەری گوندی، ماڵ بە ماڵ له دەرکەی هەمووان بدەم. دواتریش لەبن دیواری مزگەوتێ لەسەر ئەو کاریتەیە کە وەکو سەکۆیەک بوو دادەنیشم.
لەوێوە بە شەوقەوە چاو دەبڕمە ڕێگا، کە تاو نا تاوێک پیره پیاوێکی ڕووخۆش و بە ویقار دەهاتە مزگەوتێ و دوای کردنی نوێژێکی سوننەت سەرخەوێکیشی لەسەر تاتە نوێژی مزگەوتێ دەشکاند. ئەو ڕۆژانەم دێنەوە یاد کە لەگەڵ هاوڕێکانم لە گۆڕەپانی سەنتەری گوند کە پێیان دەگوت “گەرووک” یاری دووگۆڵیمان دەکرد و ئەو ناوەمان پڕ دەکرد لە تەپ و تۆز، لێ هێشتا ڕەنگاوڕەنگ دەبوو کاتێک پەپوولەی باڵ نەخشینی خەندەو پێکەنینەکانی پیاوە بە شان و شەوکەتەکان، بە تەنیشتمان تێدەپەڕین.
هەندێ جاریش وەختی زەردەپەڕی ئێوارە لە “گەروێ ڕوانزێ” شنەبایەکی فێنک بەسەر هەموو جەستەم دا دەشنێ و ئەمباتەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی کە ئێواران لەسەربانی مزگەوتێ وردە پیاسەمان دەکرد و دووکەڵی جغارەمان بە حەوای دا دەدا دەتگوت تەمی دوای بارانێیە کە لەسەر سەرمان دەبووە تەم و مژ، ئەوجار خوازیاری ئەوە بووین کچۆڵەیەک چاوشاڕێکمان لەگەڵ بکات، ئەوکات هەوای جحێڵایەتی لە کەللەی دەداین و شامان بە سەپانی خۆمان نەدەزانی. هەرگیز ئەو دیمه‌نانەم لەبیرناچن وەختی گەورە کچانی گوند، تەشتەی پڕ لە قاپ و قاچاغیان له سەر سەری دا دەناو بە کۆڵانێ دا دەهاتنە خوارێ، لاوەکان بەراییان لێ دەگرتن و لەوێوە مەوعیدی ژوان و یەکتر بینینیان دیاری دەکرد باشترین شوێن بۆ یەکتر بینین و ژوانگرتنێ ڕێگای کانی ژنان بوو، زۆرجاران بەدەم یەکترەوە پێدەکەنین و تێک دە هەڵەنگووتن، ئای ڕۆژانی خۆشی چەن زوو تێپەڕین..!
هەندێ ئێوارانیش دەچمە سەر گۆڕستانێ گوندی، یەک بە یەک دەست له کێلەکان دەدەم و فاتیحا بۆ ئەو گۆڕانە هەدیه دەکەم کە زەمانێکی دوور و درێژە لەوێ نێژراون، دواتر لەسەر ڕێیێ ناو ڕەزان، چایەکی عەسراوی دەدێمەنێم و ئەگەڕێمەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی کە ئێواران گەنجە بە هیبەتەکانی گوند لە کار دەگەڕانەوە و بۆ خۆشوردن هەمووان له کانی مزگەوتێ نۆرەیان دەگرت و دوای خۆشوشتنیان، بەدەم قسەی خۆش و گێڕانەوەی سەربووردە کانیان، چاوەڕێی نوێژی شێوان بوون. لە پڕێک “مام حاجی حەسەن” بەدیار دەکەوت بە دەنگە زۆڵاڵ و پڕ ئیحساسەکەی خۆیەوە بانگی دەدا”مام حاجی ڕەحمان” قامەتی دەکرد و “مام حاجی عالی” پێشنوێژی دەکرد، دوای هەر نوێژێکیش مزگەوت پڕ دەبوو له زایەڵەی زیکر و تەهلیلی نوێژخوێنان. ئەو سەردەمە هەموو شتێک تام و چێژێکی تایبەتی هەبوو. چەند دیمەنێکی ناوازەبوون ئەو سپێدانەی چۆلەکەکان لەبن پەلەسواندان، دەهاتنەدەر و فڕەکەیان دەکرد، لەسەر لقی درەختە باڵاکانی باخچەی بەر دێ، دەنیشتنەوە و یەکەم گۆرانی خۆیان بۆ خەڵکی ئاوایی دەچڕیی و وەڵاتیان سەرڕێژ دەکرد لە ئاوازی خۆشویستن.
ئای چەند جوان بوون ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانەی کە له ئاستێکی زۆر بەرز دابوون، خەڵکی ئاوایی هەموو کارێکیان بە هەرەوەزی دەکرد، بۆ هەموو ئیشێک هاوکاری یەکتریان دەکرد، زۆربەی کارەکانیان بە زباره ڕایی دەکرد.
ئێستا کە بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە هەوری چاوم باران دادەگرێ و ئەو فرمێسکانەی بەسەر ڕوومەتەکانم شۆڕدەبنەوە باکیان بە خۆشاردنەوە نیە. گوندێک کە بیرەوەریەکانی منداڵیمی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە، ئێستا بەداخ و پەژارەی زۆرەوە تەماشای دیمەنی خاپوورکراوی خانووەکانی دەکەم و دەڵێم بۆکوێ چوون ئەو ڕۆژە خۆشانە؟ ڕۆژانی سادەیی و یەک ڕەنگی ڕۆژانی تەبایی و برایەتی و یەک دەنگی..!
ئەو ڕۆژانە هەموو ڕەنگەکانی سروشت تەڤلی یەک ببوون. ئێستاش خۆزگە بەو ڕۆژانە دەخوازم کە ڕێشمەی گوێدرێژەکەم ڕادەکێشا و لە کانی مزگەوتێ ئاوم دەدا، خۆزگە بەشنەی ئەو شەوبایانە دەخوازم کە هەواکەی لە هەوای هەموو ساردکەرەوەکانی ئەلعان فێنک تربوو. خەوی سەربان و شەوبای مانگەشەوی هاوینانی گوند تا ئەبەد لە یادەوەری من دا دەمێننەوە. “زێوە” جوانترینی گوندی دونیابوو بۆ من، ئاو و هەوای هێندە سازگار بوو وەک ئۆکسجین ژیانی پێدەبەخشیم.
تا ئێستا دیمەنی هیچ مەملەکەتێک وەک کوچەو کۆڵانەکانی زێوە سەرنجی ڕانەکێشاوم بۆمن زێوە جوانترینی تابلۆی دونیا بوو، تا ئێستا هیچ دەستێک وەک دەستی زێوە سەری غەریبیمی دانەهێناوە. کاتێک بیر لەو ڕۆژانە دەکەمەوە کە له گوند بەڕێم کردوون، خەیاڵم پڕ دەبێت لە ورشەی خۆری ڕۆژە گەرمەکانی بەهار و تریفەی شەوە بێدارەکانی پاییز. ئەوڕۆ، لە کاتی نووسینی ئەو بیرەوەریە نوستالیژیایە تەمەنی من نزیکبۆتەوە له پەنجا ساڵ، ڕاسته ئێستا گوند هیچی بە سەر هیچەوە نەماوە، بەڵام یادەوەریەکانی ئەو ڕۆژە خۆشانە هەرگیز لەبیرناکرێن، زێوه گوندێکی پڕ یادەوەریە بۆ من ئێستاش دوای ئەو هەموو ساڵانە کاتێک، گوێم له ناوەکەی دەبێت، دەگەڕێمەوەوە بۆ “گەروێ مام بارینی، بۆ گەرووکی، بۆ سە قەبستانێ، بۆ گەروێ ڕوانزێ، بە گردی زیخارۆکا دادێمە خوارێ بۆ چاکی خواروکێ لەوێ فاتیحایەکی دەخوێنم و شۆڕدەبمەوە بۆ “بەرزێوەی” ئەو گوندەی، ئێستا هەڵگری پاشناوی منە، لەوێ بارگەو بنەی خۆم دادەنێمەوەو ئاخ بۆ ڕۆژە خۆشەکانی ئەوێ ڕۆژێ، هەڵدەکێشم.

ھەواڵی زیاتر