مەنووسە، بنووسە!

ئامانج شاكەلی

مەنووسە ئەمریکا لە رێگەی دەرزییەوە چارەسەری قەڵەوی دەکات. بنووسە ئەمریکا بە دەرزی چارەی قەڵەوی دەکات.
مەنووسە لە کۆنگرەی جیهانیی میدیادا زیاتر لە ١٣ هەزار و ٥٠٠ میدیاکار بەشدار بوون. بنووسە لە کۆنگرەی جیهانیی مێدیادا زیاتر لە سیازدە هەزار و پێنج سەد مێدیاکار بەشدار بوون.
مەنووسە دوادەخات. بنووسە دوا دەخات.
مەنووسە قەدەخە، بەخدا. بنووسە قەدەغە، بەغدا.
مەنووسە باسی لەوەکرد. بنووسە باسی ئەوەی کرد.
مەنووسە فۆڵۆوەرز. بنووسە شوێنکەوتە.
مەنووسە ڤیوو. بنووسە دیمەن، نیشاندان، بینین، تەماشا.
مەنووسە پەیڕەوناکەن. بنووسە پەیڕەو ناکەن.
مەنووسە هەر ئۆتۆمبیلێکی لەم جۆرە ببیندرێت لەسەر شەقامەکان. بنووسە هەر ئۆتۆمبیلێکی لەو جۆرە لە سەر شەقامەکان ببینرێت.
مەنووسە بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ بڕیاری جەنگ لە دژی حەماس. بنووسە بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ جەنگ دژی حەمماس.
مەنووسە ئاشکراکردووە. بنووسە ئاشکرا کردووە.
مەنووسە سونبولی ئازادی. بنووسە سیمبولی ئازادی.
مەنووسە یەکگرتووەکانو، جیهانییەو، سەرکەوتووەو. بنووسە یەکگرتووەکان و، جیهانییە و، سەرکەوتووە و.
مەنووسە هەندێک کات وشەکان خۆیان لێم بزردەکەن. هەندێک جار وشەکان خۆیان لێم بزر دەکەن.
مەنووسە بە زمانی منداڵ سوبعەت بکرێ. بنووسە بە زمانی منداڵ گاڵتە بکرێ. یان سوعبەت بکرێ.
مەنووسە ستیال. بنووسە شێواز.
مەنووسە چەند سەرەقەڵەمێک دەخەمە ڕوو. بنووسە چەند تێبینییەک دەخەمە ڕوو.
مەنووسە هێڕشکرایە سەر. بنووسە هێڕش کرایە سەر..

ھەواڵی زیاتر