‏سەکۆیەک بۆ بیروڕای هەمووان

سالار عوسمان

‏MEPS
سەکۆیەک بۆ بیروڕای هەمووان

شوێنکات (الزمکان- Spacetime)، هەر بریتی نییە لە شوێن و کات و ڕەهەندە جیاواز و وێکچووەکانیان، لەنێو ئەو بیاڤ و پانتاییە فراوانە پڕقسەیەدا، مرۆڤ هەیە، مرۆڤ بە هەموو بوون و جووڵە و کاریگەرییەکانی، کە هەر ئەمەشە مانادار و بەرهەمداری دەکات.
مرۆڤ ئەگەر سەدان پێناسە لە خۆیدا کۆبکاتەوە، یەکێک لە پێناسەکانی بریتییە لە بیروڕا، هەر پێناسەش نا، بەڵکو پێوانەیەکیشە بۆ مرۆڤی نوێ، نەخاسمە ئێستێ، کە نوێبوون هەموو چەمکەکانی داڕشتۆتەوە.
چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک (MEPS) لە 20ـی تشرینی دووەمی 2023، لە شوێنکاتێکدا بیروڕاکانی کۆکردەوە، کە هەم شوێن، وەک کوردستان، هەم کات وەک کاتی ڕووداوە گەورەکان، هەمیش مرۆڤ وەک هەڵگری بیروڕا جیاوارەکان و وەرگری ڕووداوەکان، هەمیش جۆری بەڕێوەبردنی کۆڕبەندەکە، کە سەردەمیانە بوو، ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە، کە هەرێمی کوردستان باش بیردەکاتەوە، بەڵێ باش بیردەکاتەوە و باشیش هەنگاو دەنێت، شایەد ئەو 30 ساڵەی ئازادییە، بەبەراود لەگەڵ دەرفەت و ئەرک و گرفتەکان (جا بە گرفتەکانی خۆی و ئەوانەش کە بۆی دروست کران، کە هی دووەمیان رۆرترە) هەرێمی کوردستان توانیویەتی لە دەرودراوسێ باشتر بێت، ئەو دەرودراوسێیەی خاوەن دەوڵەتی چەندین ساڵەن و سەروەرییان هەیە و جیهان بە جیاوازییەوە پشتیوانییان دەکات و خودان ئابووریی خۆشیانن.
‏MEPS بۆ ئەوەبوو هەموو دونیا لێرە، لە هەرێمی کوردستان قسە لە ئاشتی و ئاسایش بکات، کە زۆر گرنگ و وەک دەرمان وایە بۆ دەردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، بە عێراق و کوردستانیشەوە.
دەبێ سەکۆی وەک MEPS زیاد بن و ئەو قەناعەتەی لە پشت MEPS یشەوەیە شۆڕبێتەوە بۆ پەروەردە، هزر، تێگەیشتن و چارەسەرییەکان، تا بشێین بە ئاشتی و ئاسایش بژین و پێکەوە بین، کە قەدەرمان پێکەوەبوونە.

ھەواڵی زیاتر