ئافرەتان پێویستە پشتیوانی یەکتربن

شۆخان رۆستەم

کاتێک کە هێزو توانای ئافرەتان لەکۆمەڵگه‌ لەبەرچاو ناگیرێت، بەکەم تواناوبێ هێز سەیردەکرێت و رووبەرووی توندوتیژی دەبێتەوە، بنچینەی ئەو کۆمەڵگایە هیچ کات بەهێزوپتەو نابێت، چونکە ئافرەتان نیوەی کۆمەڵگا پێک دەهێنن و لاواز کردنی نیوەی کۆمەڵگا نیوەکەی تریشی دوچاری لاوازی و شکستی بنەڕەتی وبەردەوام دەکاتەوە.
توندوتیژی دژی ئافرەتان یەکێکە لەدیارترین کەم وکورتیەکانی مافەکانی مرۆڤ لەجیهاندا،کە رۆژانە لەهەموو سوچێکی ئەم جیهانەدا دوبارە دەبێتەوە، ئەم بابەتەش کاریگەری جدی و کورت مەوداو درێژمەودا چ لەرووی جسمی دەروونی ئابورییەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت،کە ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە خۆیان بەدوربگرن لەبەشداری کردن بەشێوەی یەکسان لەنێو کۆمەڵگادا، رێژەی کاریگەری خراپی چ لە ژیانی خودی تاک و ژیانی خێزانی و تەواوی کۆمەڵگا زۆر زیاترەو رێژەکە ناپێورێت.
دەتوانین بڵێین یەکێک لەباوترین جۆری توندوتیژیەکانیش کە بەرامبەر ئافرەت دەکرێت خودی ڕەگەزی خۆیانن ئەمەش بەهۆی پەروەردەی هەڵەوە کە لەباوباپیران و خێزانەوە بۆ دایکان ماوەتەوە کە هەمیشە کچەکانیان بەجۆرێک پەروەردە دەکەن کە رەگەزی پلە دوون لە کۆمەڵگادا و بەشێوەیەکی لاوازو بێ توانا پەروەردەیان دەکەن زۆربەی کارو چالاکییەکانی ژیانیان لێ قەدەغە دەکەن بەبیانووی عەیبە وەک (پاسکیل سواری،ئەسپ سواری،وەرزشی تۆپی پێ،کارکردن لە دەرەوە،ماتۆڕ سواری )دەبینین بەدەگمەن ئافرەتان لەم کارانە دەکەن چونکە هەر لەمنداڵییەوە ئەوە لە زەینی نائاگایان چەسپاوە کە توانای ئەنجام دانی ئەو کارەیان نیە،نەیانتوانیوە پەرە بە تواناو لێهاتووییەکانی خۆیان بدەن .
یەکێکی تر لەو توندوتیژیانەی ئافرەت بەرامبەر رەگەزی خۆی ئەنجامی دەدات پشتگیری نەکردنی رەگەزی خۆیەتی لەبارودۆخە جیاوازەکاندا بۆنمونە لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بەکاندیدانی ئافرەت نادەن لەکاتێکدا نیوەی دەنگدەران ئافرەتن و بەدەنگدانیان بەرەگەزی خۆیان دەتوانن گۆڕانکاری گەورە دروست بکەن و چیتر ئافرەت پێویستی بەسیستمی کۆتا نەبێت بەڵکو بەتواناو هێزی خۆی وپشتگیری رەگەزەکەی خۆی سەربکەوێت.
لەکۆتایدا دەبێت ئافرەتان ئەوەیان لەبیر بێت کە لەکۆمەڵگایەکی پیاوسالارن،بۆیە پێویستیان بەوەیە پشتگیریەکی باشی رەگەزی خۆیان بن هەورەها متمانەیان بەخۆیان زیاتر بێت ودەرفەت بەخۆیان بدەن وبۆ ئەوەی تواناو لێهاتوویەکانیان ببینرێت وخودی خۆیان بناسن وەخۆیان قبوڵ بێت.
هەنگاوی یەکەمیش خودی ئافرەتان دەبێت بینێن،تا ئەو کاتەی ئافرەتان بڕوا بەخۆیان و تواناکانیان نەکەن ناتوانن پشتگیریەکی تەواوی رەگەزی خۆیان بن،پێویستە ئەم کلتورە لەشوێنێکدا بوەستێنرێت بۆ ئەوەی ئافرەتی زیاتر نەبێت بە قوربانی.

ھەواڵی زیاتر