سبەی یادی 73 ساڵەیڕۆژنامەی هەولێرە

سالار عوسمان

ییرۆزە، پیرۆزە لە هەموو ئەوانەی لەم کاروانی شانازییەدا، لەم 73 ساڵەدا کاریان کردووە و لە ڕێگەی وشەوە توانیویانە خزمەتی ڕاستی بکەن و ببنە دەنگی خەڵک.
لێرەدا و لەم یادە هەژی و هێژایەدا دەمەوێت باسی (قووڵیی مێژوویی) و (خاوەنداریی مێژوویی) بکەم و بە ئەرکەکانی ئێستای میدیای کوردی ببەستمەوە.
قووڵیی مێژوویی 73 ساڵ، واتە قۆناغی جیا، تێگەیشتنی جیا، چارەسەری جیا و ئەرکی ڕۆژنامەنووسییانەی جیا، کە دەکرێ لە توێژینەوەیەکدا بخرێتەڕوو، چونکە ئۆرگانەکانی پشتەوەی ڕۆژنامەکە، کە جار هەبووە لایەنی حکومی و جاریش هەبووە لایەنی حزبی بووە و نەفەسی کارکردن تیایدا گۆڕاوە، ئینجا جار هەبووە بۆتە گۆڤار، جار هەبووە مانگانە بووە و ئێستایش ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەیە و، هەموو ئەو وردەکارییانە هی هەڵاوێردکردنن، هی قسەلێکردنن، هەڵاوێردکردن و قسەلێکردنێکی بابەتییانە و زانستییانەی ئەوتۆ، کە ئەنجام و بەرهەمدارییەکەی بڕژێتەوە نێو مێژووی ڕۆژنامەنووسیی کوردی، کە مێژوویێکە پڕ لە هەڵکشان و ئەرک و جیهانبینیی کوردانە.
قووڵیی ئەم مێژووە بێ خاوەنداریی نەمایەوە، کە ئەمە خاڵێکی هێندە گرنگە دەبێ باسی بکەین، باسی تەکمیلکردنی مێژوو و خۆ بە خاوەنزانین و بەرهەمدارکردنیان، کە بە شانازییەوە ئەم شانازییە وەبەر پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕاگەیاندنە سەنگیینەکەی دەکەوێت.
سبەی ڕۆژنامەی هەولێر بە هاوکاریی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئەم یادە بەرز ڕادەگرێت، بە وەفاوە لە ڕۆڵی سەرنووسەر و سکرتێر و بەڕێوەبەر و تەواوی ستافی نووسین و هونەری و کارگێڕی و کارمەندانی نێو ئەو مێژووە دەڕوانێت و یادیان دەکاتەوە و پێیوایە، سبەینێ دروست نابێت بێ ئاوڕدانەوە لە دوێنێ!.
لێرەوە جارێکی تر ئەو ڕاستییە دووپات دەکەینەوە، کە میدیای کوردی دەبێ خۆی لە دەرد و پەتای پۆپۆلیزم ڕزگار بکات و ئەرکەکانی لەبیر نەچێت، کە بەرگریکردن لە نیشتیمان و دەسکەوتەکانی گەل و دامەزراوەکان، لە پێشترینی ئەرکەکانن و، دەبێ پیشەییانە و ڕاستگۆیانە، کە دوو دروشمی ئێستای ڕۆژنامەی هەولێر و ئەم یادەن، بکەینە چرای ڕێگای ئەرکە میدیاییەکانی ئەم قۆناغەمان.
یادی 73 ساڵەی ڕۆژنامەی هەولێر پیرۆز بێت و سڵاو لە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر