نامه‌ عاشقانه‌كانی نیما

خالید فاتیحی

نامه‌ی هه‌شته‌م

بۆ ئازیزم عالییه‌.

پێتگوتبووم به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌واڵ بنێرم، نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌؟ سه‌یری ئه‌م هه‌وره‌ سپیانه‌ بكه‌، كه‌ به‌ پێش مانگدا تێده‌په‌ڕن و له‌ رۆژئاواوه‌ بۆ رۆژهه‌ڵات هه‌واڵ ده‌به‌ن، به‌ڵام پێویست به‌ ئارام گرتن ده‌كات. سه‌باره‌ت به‌خۆیشم نازانم بۆ هه‌واڵ هێنان، پێویست ده‌كات تا كۆتایی ته‌مه‌نم هه‌رده‌بێ چاوه‌ڕوان بم، یان نا؟
هێشتا ده‌تبینم كه‌ له‌پێش ده‌رگا راوه‌ستاوی و، وه‌ك راهاتووی ته‌ماشای سه‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ی. كێ هه‌واڵی منت بۆ دێنێ؟
ئه‌و شنه‌با فێنكه‌ی كه‌ پرچه‌كانت ده‌بزێوێ ده‌نگی منه‌. چه‌ندینجار به‌لاتدا تێده‌په‌ڕێ و نایناسێته‌وه‌! عالییه‌ دڵۆپه‌یه‌كی روون له‌و ده‌مه‌ی سپێده‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ده‌ستت. پێتوانه‌بێ بارانه‌، سروشت پڕه‌ له‌ بوونه‌وه‌ر. كاتێك عاشق له‌ مه‌عشوقه‌كه‌ی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، دواتر زۆر شتگه‌لی هاوشێوه‌ی شوێنه‌واری كه‌سه‌ دووره‌كه‌، به‌پێش چاوماندا تێده‌په‌ڕن. ئه‌و دڵۆپه‌بارانه‌ی كه‌ له‌ بێده‌نگی شه‌ودا به‌ خه‌مگینی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی، وه‌كو فرمێسكی ئه‌و عاشقه‌یه‌.
چه‌نده‌ دڵته‌زێنه‌ كه‌ گوڵ هه‌ركه‌ پشكوت، سیس هه‌ڵگه‌ڕێ! دڵیش له‌ ده‌ستی منداڵاندا هه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ی هه‌یه‌. چما تۆ ناته‌وێ له‌ خۆتم دوور خه‌یته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وانییه‌، پێمبڵێ ئه‌مشه‌و به‌بێ هه‌واڵ ده‌توانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ یان نا؟

هه‌واڵ نێری تۆ
نیما
12ی گوڵانی 1305