بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

بۆچی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە کارەکەی دەرکرا؟

پێرێ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، (ڕیشی سوناک)، وەزیری ناوخۆکەی، (خاتوو سولا برەیڤەرمان،) کە بە ڕەچەڵەک هیندییە دەرکرد. هۆکاری دەرکردنی ئەو وەزیرە نوووسینی وتارێک بوو لە ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی کە تیایدا ڕەخنەی توندی لە پۆلیسی لەندەن گرت دەربارەی مۆڵەتدان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێک لە لایەن فەلەستینییەکان و لایەنگرانیان لە لەندەن لە وتارەکەیدا خۆپیشاندەرانی بە (ئاژاوەگێڕانی فەلەستینی ناو بردبوو). هۆکارێکی تری دەرکردنەکەی ئەوە بوو کە ئەو وتارەکەی بە بێ ڕەزامەندی ئۆفیسی سەرۆک وەزیران بڵاوکردبۆوە. (سولا برەیڤەرمان) ناسرابوو بە سیاسەتی توندی بەرامبەر کۆچبه ران و پەنابەران و لای وابوو کە پەیمانە نێودەڵه تییەکان دەربارەی مافی کۆچکردن و داواکردنی پەنابەریی سیاسی کە چەندین دەیە بەر لە ئێستا ناسراون لەگەڵ ئەم سەردەمەدا ناگونجێن و دەبێت گۆڕانکارییان تێدا بکرێت. ئەو لای وابوو کە نەدەبوایە پۆلیسی لەندەن مۆڵەتی خۆپیشاندان بداتە (ئاژاوەگێڕانی فەلەستینی). ڕەخنەگران لایان وایه کە بەم هەڵوێستە توندڕەوییه ی، وەزیری پێشووی ناوخۆی بەریتانیا دوو بنەمای گرنگی سیاسی و ئیداری پێشێلکردوە. بنەمایەک بریتییە لەوەی کە سیستەمی سیاسی لەبەریتانیا لیبراڵ دیموکراسییە و ئازادی ڕادەربڕین لە چوارچێوەی یاسادا یەکێکە لە کۆڵەگە گرنگەکانی ئەو سیستەمە. بە هەڵویست و لێدوانەکانی وەزیر ئەم بنەمایەی لەبەر چاونەگرتوە و ڕەنگە بشبیته مەیلی جیاکاری و دوو بەرەکەیی لە وڵاتدا. بنەمای دووەم سەربەخۆیی دەزگا (دامەزراوە) کانی دەوڵەتە لە هه مبه ر کاریگەریی سیاسی و ئایدۆلۆجیدا . هەوڵدان بۆ ڕێگرتن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانەکە لە لایەن وەزیرەوە ڕێز نەگرتنە لە پێگە و سەربەخۆیی ئەو دەزگا گرنگەی دەوڵەت. پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠٤ دا وەزیری پێشووتری ناوخۆ،( دەیڤید بلانکێت)، ناچارکرا دەست لەکار بکێشێتەوە لەبەرئەوەی هەڵیدابوو سەرەی وەرگرتنی ڤیزەی ئیشکەری خۆشەویستەکەی پێشبخات. بەریتانیا خاوەنی کۆنترین بیرۆکراسییە و کەرتی حکومی لە ڕووی سیاسی وحیزبایەتی و ئایدۆلۆجییەوە بێلایەنە. ئەگەرحیزبێک بیەوێت گۆڕانکاری گرنگ بکات لە سیاسەت و کاری وەزارەتێک، ئەوا لەکاتی هەڵبژاردندا ڕایدەگەیەنێت ودەبێتە بەشێک لە بەرنامەی هەڵبژاردنی.

ھەواڵی زیاتر