گەشەسەندنی وەبەرهێنان لە سێكتەری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری

هۆزار تۆفیق

كشتوكاڵ میژوویەكی دوور و دریژی هەیە و هەرێمی كوردستان ڕووبەرێكی فراوانی زەوی كشتوكالی و كەشوهەوایەكی لە باری هەیە كە ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر گرنگی بەم كەرتە بدرێت و بوارێكی گرنگی ئابووری خۆجێی و ڕەخساندنی هەلی كار و فەرەچەشنكردنی (بەرهەم و داهات) دادەنرێت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر گرنگی بە كەرتی وەبەرهێنان دەدات وە لە ڕیزبەندی سێكتەرەكان (سێكتەری كشتوكاڵ) پلەی دووەم بووە لە ڕووی ئەولەویەت و گرنگی سێكتەرەكان دوابەدوای سێكتەری پیشەسازی هاتووە.
سێكتەری كشتوكاڵ قۆناغێكی گەورەی گەشەسەندی تێ پەڕاندووە و بەدەر لە دابین كردنی پێویستی ناوخۆ ئەتوانین هەندێك لە بەرهەمەكانمان هەناردەی دەرەوە بكەین بە كوالێتیەكی زۆر باشی بەرهەم .
بە هۆی ئەم گرنگی پێدانەوە پڕۆژەكانی پەلەوەر لە 11 پڕۆژە وە بۆ 39 پڕۆژە زیادكرا هەروەها گرنگیەكی تایبەتی بە پڕۆژەكانی بە خێوكردنی مانگای شیردەر دەدات .
لە بەرنامەی حكوومەتی هەرێمدایە گرنگی زۆر دراوە بە دروستكردنی پۆند و بەنداوەكان كە جگە لەوەی دەبێتە هۆی گلدانەوەی ئاو و بەرزكردنەوەی ڕیژەی ئاوی ژیر زەوی و بوژاندنەوەی زیاتری كەرتی كشتوكاڵ وە هەروەها دەبنە شوێنێكی گەشتیاری بۆ هەرێمی كوردستان.
لە پێناو گەشەسەندنی ئابووری لە كەرتی كشتوكاڵ حكوومەتی هەرێم هەوڵی داوە سود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو وەربگرێت وەك وڵاتی هۆڵەندا و ئیمارات بەمەبەستی وەبەرهێنان و بەرەو پێش بردنی كشتوكاڵ و گاوداری هەرێمی كوردستان.
ئەگەر گرنگی زیاتر بدرێت بە كەرتی كشتوكاڵی و هەوڵ بدرێت بە بازاڕكردن بۆ بەرهەمە خۆماڵیەكان بكرێت دەتوانین جگە لەوەی پێویستی ناوخۆ دابین دەكەین ئەتوانین بەرهەمەكانمان بە كوالێتیەكی زۆر باش بەرهەم بهێنین و هەناردەی دەرەوەش بكرێت .
ئەم چەند خاڵەی كە باسم لێوە كردووە گرنگە بۆ باشتر كردنی بەرهەمی كشتوكاڵی و بەرەپێش بردنی ژێرخانی ئابووری لە كەرتی كشتوكاڵی:
١- بۆ هاندانی زیاتری جووتیاران پێویستە بەرهەمەكانیان ساغ بكرێتەوە لە بازاڕەكانی ناوخۆ و ناوەڕاست و باشووری عێراق و تەنانەت هەناردەی دەرەوەی عێراقیش بكرێت.
٢- ڕاهێنانی جوتیاران و پێدانی زانیاری نوێ لە بوارەكانی تەكنەلۆژیا و ئامادەكردنی جوتیاری شارەزا لە بواری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری و كردنەوەی خولی هۆشیاری تایبەت بە بەكارهێنانی دەرمان و خولی شێوازی بەخێوكردنی ئاژەڵداری.
٣- پشت بەستن بە ڕێگا پێشكەوتووەكانی كشتوكاڵی وە سود وەرگرتن لە سیستەمی ئاودێری پێشكەوتوو لە ڕێگای بانگهیشت كردنی كۆمپانیا بیانیەكان كە كاریان لە كەرتی كشتوكاڵی كردووە وە هێنانی ئامێر و كەرەستەی كشتوكاڵ.
٤- دروستكردنی سەد و بەنداوی زیاتر بە هۆكاری ئەوەی ناوچەیەكی گونجا و شیاومان هەیە بۆ دروستكردنی بەنداوەكان و بە مەبەستی گلدانەوی ئاوی زستان و بەكارهێنانەوەی لەوەرزەكانی كەم ئاوی بتوانین ئاوی پێویست دابین بكەین بۆ ناوچە كشتوكاڵیەكان .
٥- گرنگی دانی زیاتر بە گوندنشینەكان و ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان لە ڕێگەی گەیاندنی خزمەتگوزاری پێویست بە گوندەكان بۆ ئەوەی وەك هاندانێك بێت بۆ گوندنشینەكان لە ناوچە كشتوكاڵیەكان بمێننەوە و گوندەكان جێ نەهێڵن و ڕووبكەنە شارەكان.
٦-هەروەها بەمەبەستی هاندانی جوتیاران هاوكاری كردنیان بە مەبەستی فراوانكردنی زەویە كشتوكاڵیەكان بە شێوەیەك كە بەرنامەیەكی چڕ و پڕ دابنریت بۆ ئەم مەبەستە چونكە هەر فراوانكردنێك هۆكار ئەبێت بۆ زیادكردنی بڕی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان.
٧-دروستكردنی ئەو جۆرە كارگانە كە بەرهەمە كشتوكاڵیەكان وەك كەرەستەی خاوە بەكاردەهێنێت كە ئەمەش دووبارە هۆكار دەبێت بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمی جوتیاران بۆ نموونە كارگەی (جپسی پەتاتە، بەرهەمە دانەوێڵەییەكان، بەرهەمە شیرەمەنیەكان، بەرهەمە خۆراكیە لە قتونراوەكان كە بەرهەمی كشتوكاڵی بەرهەم دەهێنن،.
٨-دابین كردنی بودجەیەكی پێویست لە پلانی ساڵانەی پڕۆژەكان بۆ زیاتر گرنگی دان بەم كەرتی كشتوكاڵ.
٩- هاندانی وەبەرهینەران و كارئاسانی كردن بۆ ئەو وەبەهێنەرانی كە داواكاری پێشكەش دەكەن بۆ پڕۆژەی كشتوكاڵی.
١٠-گرنگی دان بە سێكتەری بانكی بەشێوەیەك وەبەرهینەر و جووتیار و ئەوانەی لە بواری كشتوكاڵدا كار دەكەن سودی لێوەربگرن.
١١-گرنگیدان بە پڕۆژەكانی پەلەوەری و گاوداری كار ئاسانی كردنی حكوومەتی هەرێم بە گرنگیدان بە تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو لە بواری بەرهەمهێنانی هێلكەی پەلەوەری بە نمونە وەك وڵاتی سعودیە و گرنگیدان بە تەكنەلۆجیای بەخێوكردنی ئاژەڵی شیردەر وەك هێنانی گۆلك كە لە وڵاتێكی وەك هۆڵەندا گرنگی پێدەدرێت.