ئاگریبێ دووکەڵ

حەمەسەعید حەسەن

(سووک سەرنجی ئەو گەنجە پانتۆڵشڕ و پێڵاودڕاوە مەدەن،
کێ دەڵێت خاوەنی دڵێکی بەرین و مێشکێکی کراوە نییە؟)

هەندێک خۆ بە نووسەر زان، کە قەوارەی قسەیان لە توانایان گەورەترە و هەندێک خۆ بە ڕۆژنامەنووس زان کە توانای داڕشتنی هەواڵێکیان نییە، ئەگەر وشە بەهای ڕاستەقینەی خۆی پەیدا بکاتەوە، هیچیان سنووری پۆستەی خوێنەران نابەزێنن. هەندێک خۆ بە قارەمان زانیش کە هەر لە یەکەمین تەنگانەدا، کرۆکیان بەدەر دەکەوێت کە پاڵەوانێکن لە کارتۆن، هەمیشە لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆندان، ئۆپۆزیسیۆنێک کە خۆی لە خۆهەڵکێشانی هەرزەکارانە و قسەی پفدراوی پووچ و وشەی دزێودا خۆی نمایش دەکات.

بەهۆی بەرهەمی قێزەونی ئەو جۆرە خۆ بەشتزانانەوە کە پانتایییەکی زۆریان لە پێگە و کەناڵە بەربادە زۆروزەبەندەکاندا داگیر کردووە، خەریکە لای خوێنەری ئاسایی، جیاوازی لەنێوان پەخشانەشیعر و جنێوەگوتاردا نامێنێت، خەریکە نووسەرانی ڕاستەقینە لە شەرماندا دەست لە نووسین هەڵبگرن. مایەی خۆشحاڵییە خوێنەری هۆشیار ئاگادارە، هەر یەکێک لەو قەڵەوموەشێنە قسەزلانە، نەقیزەی دەستی کام دەستڕۆیشتووە و پێوەندیی بە کام دەزگای سەرکوتکارەوە هەیە.

جان جینێ بەتەوسەوە دەیگوت: “پێم ناخۆشە دنیا گۆڕانی بەسەردا بێت، بۆ ئەوەی هەمیشە دژی دنیا بم.” ئەمەیە دروشمی ئەوانەی لە قسەی زل بترازێت، هیچی دیکەیان پێ نییە و بەهەڵە دەستیان داوەتە قەڵەم و هەق وابوو دەست بدەن چەقۆ. (لەسەر فڵانم نووسیوە، پۆرتیم خستووەتە عەلاگەوە! لەسەر فیسارم نووسیوە، هاکا کەوتە سەر جادە! ئەگەر جنێو نەدەم، کەس نامخوێنێتەوە!) ئەمەیە ئاستی ڕۆشنبیری و پەیامی نووسینی ئەو قەڵەموەشێنانەی کە ئەوی شکی نەبەن مەعریفەیە و هەق وابوو چەقۆوەشێن بن. نازانم نهێنیی سەرکەوتن چییە، وەلێ دەزانم، وەک چۆن ئەوە نییە، هەمووان لێت ڕازی بن، ئەوەیش نییە، هەمووان لێت ناڕازی بن. بۆ ئەوەی لە هەر بوارێکدا سەرکەوتوو بین، پێویستە هاوسەنگیی خۆمان ڕابگرین، هەر کە هاوسەنگیمان تێکچوو، ئیدی سەرکەوتن مەحاڵە، زەقترین نیشانەی تێکچوونی هاوسەنگی، هانابردنە بۆ زمانێکی نەوی.

ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە، زۆر بیر دەکاتەوە و کەم دەنووسێت، خۆی لە درێژدادڕی و شلکردنی جڵەو بۆ سۆز و هەڵچوون بەدوور دەگرێت، نە بەڵێنی زل زل دەدات، نە هەڕەشە لەم و لەو دەکات و نە خۆی لێ دەبێت بە قارەمان، ئاخر ئەوە زادەی گرێی هەستکردنە بە کەموکووڕی، ئەگەر خۆمان پێ قارەمان بێت. ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە بە زمانێکی نزم نانووسێت، بە زمانێک دەنووسێت، ئەدەبی لێ بچۆڕێت، ئاخر ئەوە زمانی جوان بوو، وای کرد (چەرچڵ)ی سیاسەتمەدار، نۆبڵ لە ئەدەبدا وەربگرێت.
ئەگەر ڕێک کەوت لە نووسینێکی ئەو قەڵەمکێشانەدا، تووشی ڕستەیەکی جوان هاتیت، هیچ گومانت نەبیت، ئەو ڕستەیە دزراوە، ئاخر ئەوی پێی ئاسایی بێت بە زمانێکی زبرو توندوتیژ بنووسێت، سڵ لە دزیکردنیش ناکاتەوە. پارادۆکس ئەوەیە، ئەوانە هەرچەندە تەمومژی ئەستووری جەهل، بەرچاوی لێڵ کردوون، کەچی پێیان وایە بەرچاوی خەڵک ڕؤشن دەکەنەوە! نووسینی ئەوانە هەرچەندە بۆنێکی لێ دێت، هیچ لووتێک ئارەزووی ناکات، کەچی پێیان ئەوەی دەینووسن، هەڵگری عەترێکە لە گوڵی باخی بەهەشت چێ کراوە! با وای دابنێین یەکێک لەوانە خاوەنی پەیامێکی جوانە، بەڵام ئایا زمانێکی ناشیرین، توانای گەیاندنی پەیامێکی جوانی هەیە؟

ھەواڵی زیاتر