مەنووسە، بنووسە!

ئامانج شاكەلی

مەنووسە پۆستەری بەربژێرانی پارتی لە کەرکووک لێدەکرێنەوە. بنووسە لە کەرکووک، پۆستەری بەربژێرانی پارتی دەدڕێنرێن.
مەنووسە ئەمڕۆ پارتی لە کەرکووک دەست بە وەرگرتنەوەی بارەگاکانی دەکات. بنووسە پارتی ئەمڕۆ بارەگاکانی لە کەرکووک وەردەگرێتەوە.
مەنووسە بەفر بارین لە لووتکەی چیاکانی هەڵگورد. بنووسە بارینی بەفر لە لووتکەی چیای هەڵگورد. چونکە هەڵگورد یەک چیایە.
مەنووسە ئەمریکا پێگەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەکاتە ئامانج. بنووسە ئەمریکا لە پێگەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەدات.
مەنووسە میلیشیاکەی عێراق: بڕیارمان دا عێراق لە ڕووی سەربازییەوە ڕزگار بکەین. بنووسە میلیشیایەکی عێراق: بڕیارمان دا بە کردەی سەربازیی عێراق ڕزگار بکەین. چونکە ئەو ڕستەی ئێوە نووسیوتانە وا دەگەیەنێ کە میلیشیاکە دەیەوێ تەنها هێزی سەربازیی عێراق ڕزگار بکات!
مەنووسە یەکەمین فڕینی ئەنجامدا. بنووسە بۆ یەکمجار فڕی.
مەنووسە بە دەیان هەزار قوتابی لە بڕیارێكی حكوومەت سوودمەند دەبن. بنووسە دەیان هەزار قوتابی لە بڕیارێکی حکوومەت سوودمەند دەبن.
مەنووسە بەندوای کەوڵۆس ڕوو لە دروست کردنە. بنووسە دەست بە دروستکردنی بەنداوی کەوڵۆس دەکرێت.
مەنووسە بیرێکی سووری لە کاتی بیرێداندا. ڕستەکە سەرلەبەر هیچ مانایەکی نییە.
مەنووسە گەندەڵێی و گەندەڵی سیاسیی. بنووسە گەندەڵی و گەندەڵیی سیاسی.
مەنووسە لە شارەکەی حەمۆڕابی و نەبوخزنەسر. بنووسە لە شارەکەی حەموورابی و نەبوخەزنەسەر.
مەنووسە بارانبارین دەستپێدەکات. بنووسە باران دەبارێت!

ھەواڵی زیاتر