‎سەروتار

ڕۆژنامەی هەولێر

‎جێگەی داخە بەشێك لە میدیاكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان و بڵاوكردنەوەی قسەی ناڕاست و لێكدانەوەی دوژمنكارانە بۆ دامەزراوەكانی هەرێم بۆتە پیشەی هەمیشەییان. لەسەر شەڕەكەی نێوان حەماس و غەززەش دەستیان داوەتە بڵاوكردنەوەی قسەی بێبنەما و سەیر و سەمەرە و تۆمەتبەخشینەوەی وا كە زادەی ڕوانگەیەكی ناهاوسەنگ و دوژمنكارانەیە.
‎لە وەڵامی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایەی میدیاكانی ئێرانیدا دەڵێین، بەڵێنی بێ كردار خەڵكی مەزلوومی فەڵەستینی تووشی ئەو نەهامەتیە كرد. ئێستا بەتەنیا بەجێتان هێشتوون و جورئەتتان نییە یارمەتیان بدەن. هەمووجار بە دروشم دەڵێن؛ دەبێ ئیسراییل لە ڕووپەڕی ڕۆژگاردا نەمێنێ كەچی ئێستا لە ترسان هاوار دەكەن كە ئێمە هیچ پەیوەندیمان بە پەلامارەكەی حەماس بۆسەر ئیسراییل نەبووە و ئاگامان لێ نییە. دەزانین ئێوە خەمی فەڵەستینیەكانتان نییە كە چیان بەسەر دێت. نەشوێران حزبوڵڵا لەوشەڕە وەربدەن و چاك تێگەیشتن كە هەڕەشەكانی ئەمەریكا و ئیسراییل بۆسەر خودی خۆتان زۆر جددیە. ئەمە پیشەی هەمیشەییتانە، قسەكانی چەند ڕۆژ پێشێی ترامپ بە باشی بۆ هەموو لایەك ڕوون دەكاتەوە كە لەپێناو بەرژەوەندیی ناڕەواتاندا چۆن پشت لە بەڵێن و دروشمەكانتان دەكەن و چەندە بە دووڕوویی دەجووڵێنەوە. خۆتان ناوێرن ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئەمەریكا و ئیسراییل ببنەوە، كەچی خەڵكی عێراق و سووریا و یەمەن و لوبنان و فەڵەستین تووشی كێشە دەكەن و تەنیا موزایەدات دەكەن و دەهۆڵیان بۆ دەكوتن.
‎گەلی كوردستان بەرپرس نییە لەو فیتنە و ئاژاوەیەی لەناوچەكەدا لە ئارادایە و هیچ پەیوەندی بەو ئاگرەوە نییە كە ناوچەكەی تێدا دەسووتێت. هیچ گەلێك وەك گەلی كوردستان لەگەڵ ئازار و نەهامەتییەكانی گەلی فەڵەستین هاوسۆز نییە. ئێمە میللەتێكی ئاشتیخوازین و بڕوامان بە پڕەنسیپ و بەها مرۆڤییەكان هەیە. لەگەڵ ئەوەدا نین ژن و منداڵ و خەڵكی مەدەنی بكرێتە ئامانج جا لە هەر لایەك بێت. هەرگیز بەدوای ئازاردانی خەڵك و تێكدان و یاریكردن بە چارەنووسی میللەتانی هەژار و بێدەرەتان نین. ئەوە ئێوەن بەردەوام بەدوای نەخشەكێشان و تێكدان و ئازاردانی گەلانی ناوچەكەن.
‎ئەگەر بە ڕاستی بڕواتان بە دۆزی فەڵەستنین هەیە و پشتیوانیانن، لە باتی بێن شەڕ بە گەلێكی ستەملێكراوی وەك گەلی كوردستان بفرۆشن، بچن بە كردار هاوكاری خەڵكی غەزەبن نەك بە دروشمی بێ كردار. بەڵام
‎ ئێوە هەر وان، تەنیا دەتوانن هێز و دەستەڵاتی خۆتان لە بەرانبەر خەڵكی بێ پەنا و ستەمدیدە و بێ دەستەڵات بەكار بێنن.
‎گەلی كوردستان دۆزی ڕەوای مێژوویی و سیاسیی خۆی هەیە و خۆی باشتر لە هەموو كەس دەزانێت چۆن هەنگاو بنێت و زوڵم و كەڵەگاییش لە كەس قبووڵ ناكات. باشیش بزانن زوڵم و ناڕاستی و نیفاق هەتاسەر نابێت، ئێمە پشتمان بە خوای گەورەو گەلی خۆمان قایمە كە ناهێڵێ، ستەمكاری و بێدادی و درۆ بەردەوام بێت.