قەراربوو ئێوارەیەک پێکەوە چایەک بخۆینەوە

گەردین بەرزێوەیی

نازانم، لەکەینێوە عادەتم گرتووە ئێواران،”چا”بخۆمەوە. کە لێرە ئێژن عەسرانە “چا”
وەلێ ئێستا لەوەتەی نەخۆش کەوتووم زیاتر لە جاران ئیشتیام بۆ “چا” دەچێت.
ئەرێ بەراست؟ بۆچی من باسی “چا”خواردنەوە بۆ تۆ دەکەم؟!
ڕەنگە هی ئەوە بێت ئەو ڕۆژە لە تلگرام وێنەی دوو پیاڵە چات بۆ ناردم، کە حەرفی یەکەمی خۆتوو خۆمت لەسەر دانابوو.
راستی.. هاوڕێ، من نازانم تۆ ئێستا لە کوێی، چی دەکەی٠ وەلێ ئەلعان من بەدوای ئەو وشانە دەگەڕێم کە ڕەنگ و بۆی “بەیبوون” دەدەن، ئاخر دەمەوێ شیعرێکت بۆ بنووسم، وەک تیشکی “هەتاو” گەرم و وەک گوڵە “بەیبوون” جوان بێت.
ئەوڕۆژەش چووم بۆ دووکانی عەترفرۆشەکە ویستم بۆنێکی “هوگۆ” بکڕم وەلێ زەنگی پەیامێکی تۆ، لەبیری بردمەوە.
ئاخر من لە پرۆسەی هاوڕێیەتی هێندەی هەموو دنیا ڕێزگرتنم لا پیرۆزە.
هەر لەبەر ئەوەشە زۆر گرینگی بەتۆ دەدەم، چونکە مرۆڤ کاتێک شتێکی لا بایه‌خداربێت هەمیشە گرینگی پێ دەدات.
ئەرێ توخوا، ئەو ڕۆژە گوتت لە دروست کردنی “ئاش” دەست ڕەنگین و کارامەی، دەی تۆ ئەو چاکەیە بکە و وەرە، هەتا من بە ڕەنگی “بەیبوون” پێشوازیت لێ بکەم تۆش.. ئاشێکی نایابم .. بۆ سازبکە.
باچیتر لە مەراقی تامو چێژی دەست ڕەنگینی تۆ، دیق نەکەم.
بەبیرتە، ئەو ڕۆژە شیعرێکم بۆ نووسی؟ وتم.. بۆئەوەی منت بیر نەچێتەوە، کارێک بکە. بۆ نموونە،
لەگەڵ ئەوانە پێبکەنە
حەرفی یەکەمیان بە. گ. دەست پێدەکات
بۆ ئەوەی منت هەر لە یاد بێت
زوو زوو چایەکی شیرن بخۆرەوە
هەتا تامی تاڵی دووری نەچێژی
وەلێ ئێستا بۆ ئەوەی منت هەر لەبیربێت، ئێواران چایەکی ڕەش لە ئاشپەزخانەکەتان سازبکە،
منیش بۆ ئەوەی هەمیشە بیر لە تۆ بکەمەوە
شیعرەکانم، بە ڕەنگی “بەیبوون” دەنووسمەوە.
بیرت دەکەم، هەتاوە گەرمەکەی ڕۆژهەڵات.

ھەواڵی زیاتر