تەواری ئاسۆ

فاروق نەقشبەندی

بەرهەمی تەواری ئاسۆ دیوانی شیعری ( کاوە شێخ سەلام ) ساڵی ٢٠١٨ چاپ و بڵاو کراوەتەوە، بریتیە لە ژمارەیەک هۆنراوە، فرە ڕەهەندە، ئەرکی شیعر تێیدا جیاوازە، پەیامی خاک و تەرخانکردنی ژیان، لەسێبەری تیۆری نەتەوەییدا.
خاوەنی بەرهەمی سەرەوە دەیەوێت لەڕێگەی هۆنراوەکانیەوە دوو جیهان لەیەکتری نزیک بکاتەوە، بە ئامانجی ئەوەی لە سێبەری پەیامی خاک و زمانی تەرخانکراو (دەرفەتی بوژاندنەوە و ڕزگاریخوازی گەل و نەتەوەکەی) و هەستانەوەی بخاتە بەرچاوی خوێنەر، ئایا ئەم شەپۆلە بیرەی (کاوە شێخ سەلام) موژدەی ئەوەی پێیە کەهیچ نەبێت سنوورە ناوچەییەکەی بەجێبهێڵێت و بەرەو جیهانیەت پێنووسە جوانەکەی بە بۆن بکەوێت، ئەم ڕاز و نیازە شیکاری ژانری شیعری نوێی کوردی لەم قۆناغەدا دەبێت کەڵک لە تیۆری نەتەوەیی وەربگرێت، کۆدە شیعریەکان وەک زمان، کەلتوور، مێژوو، ئایین، ئالێرەوە سەکۆی بەندەر لە خوێنەری جدیی بگرن واتە ( نوخبە ) تێکهەڵکێشان ڕادەست بکات لە خوێندنەوەی ئەم کۆتا بەشەی شیکاریەکەماندا.
لەڕووی مێژووی سەرهەڵدانی بەرهەمەوە زۆر ئەم وتارەی (دووریس لیستینگ )م لا پەسەندبوو کە لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیی ساڵی ٢٠٠٧ دا دەڵێت.
نووسین و نووسەر لەو ماڵانەوە سەرهەڵنادەن کە کتێبی تێدا نیە، پردی پەیوەندی ئەم وتارە بەباتەکەوە چەقی بیری نووسەر دەگرێتەوە کە دەقە شیعریەکانی لە خانووی چوار نهۆمیی بەرەو هەور نەنوسیووە، شەیدای کتێب و خوێندنەوەی بە زمانێکی سفت بەپێی شێوازی تاکی شێوازگەری پابەند بە درووشمی لەگەڵ گیانی مرۆییدا، خۆشەویستی نیشتمان، لەسێبەری تیۆری نەتەوەیی پەردەپۆش بەڕووگەی (هیومەنیەتەکەی) دەروازە جیهانیەکەدا:
لەخۆت بایی نەبیت
ڕوخساری تۆ کریستاڵە
سورەییایە
هەزار هەزار لە گڵۆپی
ڕەنگاوڕەنگی جووانی تیایە ل ١٨٠
سەیری ئەم شێوازەی خوود، پەڕەمووچ چۆن هێلانەی وشەی لەژێر باڵی ئەندێشەدا بە وێنە درووستکردووە، خوێنەری زیرەک دەتووانێت ڕەوت و بزاڤ و شەپۆل پێش قوتابخانە ئەدەبیەکە لە یەک ساتدا لەبەرچاو بگرێت.
سەیری ئایدیۆلۆژیای تیۆری بیرکردنەوەیەک لە باوەشی وەنەوشەیی فەلسەفەی بوونگەراییدا چۆن باڵدەگرێتەوە، ئارامیی بە وشە دەگرێت:
هزری تۆ قوتابخانەیە
گەنجینەی خاوەن بەهایە
هەزار هەزار
لە پەرتووکی هزرو بیری
ژیریی تیایە ل ١٨١
کەواتە کتێب و کتێبخانە نەک سەرچاوەی بیر و ئایدێۆلۆژیان بە تەنیا، بەڵکو باوەش بۆ بازنە نوێیەکانی بژاڤی وێنەی زەینیش دەگرنەوە، فەرهەنگی خوێنەر لە شێوەی ستوونی تێدەپەڕێنن، بۆ بازنەی فراوانی بەرهەمهێنانی وێنەیی:
خانەیەکی فەلسەفەیە
ڕەفەیەکی کۆمەڵناسە
تاقێکێکیشی دەروونزانە
پڕی لە شیعر و دیوانە
لێرەوە زمانی تەرخانکراو گۆڕدراوە بەرەو شێوازی مێژوویی و شێوازی خوودی تێپەڕاندووە:
هەر ئەوەندەی بە نازەوە گوتت ژێرم
ئیتر دەرگای لێ دادەخرێ و ناکرێتەوە
تا هەتایە
دێڕێکی ناخوێندرێتەوە ل ١٨٢
تیۆری نەتەوەیی و ڕەهەندی خاک لە هۆنراوەی ( پێناسەی نیشتمان ) دا وەک سەرووی ( خواکوڕک ) باڵای بەرزە، وەک سێوی پەنا بەردی یاڵی (سماقووڵی) ڕەنگی سەد تەرزە، بەڵام پاڵەوان لەم ڕۆمانە نەتەوەییەدا، تەنیا ( پێشمەرگە) یەکی نەتەوەیە، ئاڵای کوردستانی لەسەر سەری داناوە و دوور لە نەوی سەروو دۆڕانی خاک و بوومەلەرزە، ئەم شیعرە وزەبەخشە، گیانی نەتەوەیی تێیدا هەمیشە یاوەری ئاوەزە، ناکەوێتە بەرکونی بێژنگی دووژمنی، پڕ بەدڵ، لەگومان و لەرزە:
پێناسەی نیشتمان
پێشمەرگەیەک چاو لە سێرە
ڕۆحی خۆی کرد بە هەورێک و
باری باری بوو بە زریان
بە لافاوێک
بۆ لوولدانی جەستەی ڕەشی داگیرکەران
بۆنی هێمن و سوارەی ئێلخانی زادە و هەژاری موکوریانی لە پشتی پەردەوە، وەک ڕێحانە کێویلە، لەم کۆپلە هۆنراوەیە دێت، ئای کە وێنەکان قەشەنگن، هێمن و قامچی تۆڵە تیایاندا لەسەر پشتی دوژمن بەزەبر و چەلەنگن:
منداڵێکی
ئەو گەرمیان و بادینان و هەڵەبجەیە
لەگەڵ منداڵانی بارزان
تینووی قەپاڵێکی سێوبوون
ئەوەندەیان لێ هەڵمژی
تا سەرئەنجام
لەگەڵ ڕۆحیان لێکترازان
هاووڵاتی بوون، هەمیشە سەرووبەر بە قۆناغی گەشەی منداڵیی و قۆناغ بەندیی زانایانی دەروونناسی پەساپۆرتی گەشەی جەستەیی و دەروونییان مۆر دەکرێت، (شێخ کاوه‌) جۆرێک لە گوێزانەوەی ئایدێۆلۆژی خستووەتە ژێرکاریگەری بزاڤی نەتەوەییەوە، بۆیە هەر ئەم کۆپلەیە ڕەنگڕێژی پانتایی ( ٣٠٠٠ میل ) بۆ خۆشەوستی نەتەوە و خاک بکاتە تاجی ژین بۆیە شاعیر دەڵێت:
پیرەمێردێک
باوکی شەهیدێکی وڵات
بۆ سۆراخی خوێن دەگەڕا
لە بیابان
بەناو لمدا چووە خوارێ و
نەهاتەوە
بۆسەرشانۆی تاڵی ژیان ل ١٩٤
پیرەمێرد هێمای بەردەوامیی بۆنی خاک و چوار وەرزەی ئایدیۆلۆژیە، باوکی شەهید هێمای خۆڕاگری و بەرگری و (نا) کردن بۆ دووژمنە، جوگرافیای دەم وەک ( تەواری ئاسۆ ) فڕێنەر لە بادینانەوە بۆ بیابان، دەنووک دانە لە لمی تاوان.
لەکاتی نووسینی ئەم بەشی دووهەمە، بەرهەمێکم بە دیاری پێگەیشت بەناوی ( ئاگرنامەی شەوە ساردەکان ) ٢٠٢٣ دەرچووە، شیعرە بەڕووگەی پێنووسی ( هەمزە گوڵانی ) بە چرپەی شیعر گڕ لە بوونیادی خاک و خۆشەویستی بەردەدەن، ئەم کۆپلەیەم هەڵگوست:
دەرگا
درەختێکی سەرکردە
بە ڕووتی پاییزی جێهێشت
بە قۆڵبادان ملی ڕێگای گرتووە
هێشتا دارستانێکی سپی
ئامادەنیە پێشوازی لێ بکا ل ١٠٧
دەرگا هێمای بیر و ئایدیایە درەخت هێمای دەرکەوتن و گەشەیە هێزی تەرخانکردنە، (قۆڵبادان و ملی ڕێگاگرتن) داڕشتنی ڕەخنەی ئایدیایە، دارستان هێمای ژیانە گشتی یەکەیە، کۆمەڵناسی یە، بەڵام جۆرێک لە یاخیبوونی دەروونییە، پەیامەکەی کاک کاوەش لەم کۆپلەیە پەردەی کۆتایی لەسەر کۆتا بەشی داناوە .
تاجی ژین
ئێستا ترس لای ئەم گەلە خێر نەدیووە
وەک ڕابردوو
وەک زڕەخەو تێپەڕیووە
هیوام زۆرە ئەم جارەیان
بۆ هەر لایەک
وەک پێشمەرگە هێرش بەرم
سەربەخۆیی وەک تاجی ژین
چریسکەی بێت لەسەرسەرم
پێنووست پیرۆز م . کاوە شێخ سەلام بەرەو لوتکەیەکی تری وێنە و پەیڤ .

١. هەمزەگوڵانی ئاگرنامەی شەوە ساردەکان ٢٠٢٣ دەرگا ل ١٠٧
٢. کاوە شێخ سەلام تەواری ئاسۆ تاجی ژین ل ١٩٥

ھەواڵی زیاتر