کتێبخانە گشتییەکانی هەولێر

ناز فەلەکەدین کاکەیی

بەشی: 8

کتێب و کتێبخانە هەندێ شت زیانی پێ دەگەیەنێت؛ ئەگەر وەکو پێویست خزمەت نەکرێ، کتێب و ڕەفی کتێبەکان تۆز و خۆڵی لێ دەنیشێت؛ ئەو تۆز و خۆڵە هەم کتێبەکان تێک دەدا، هەمیش بۆ هەروەها بۆ خەڵکی خوێنەر و ستافی کتێبخانەیش خراپە؛ دوور نییە ببێتە هۆی هەوکردنی سیپەلاک، ڕەبوو، هەستیاریی قوڕگ و چاو و لووت و تەنانەت پێستیش.

هیوادارم دانانی پاککەرەوە و خزمەتگوزاری لە کەرتی کتێبخانە بایەخی پێ بدرێت و سەلامەتی خوێنەر و کارمەندان ڕەچاو بگیریت.

لە رووی هونەری بۆ ڕازاندنەوەی دیوار و زیاتر ڕاکێشانی خەڵکی بۆ کتێبخانە باشتر وایە سوود لە تابلۆی وێنە وەربگیرێت؛ دانانی تابلۆی سەرنجڕاکێش لەسەر ستاندی تایبەت، ڕووی هونەری بەم شوێنە کولتووریە دەبەخشێت.
هەڵواسینی وتە و قسەی نەستەق یان وێنە و نووسینی نووسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیران لە ژوورەکان کەشێکی زیاتری ڕۆشنبیری بە دنیای پەرتووک و پەرتووکخانە دەبەخشێت.
مەراسیمی ڕێزلێنان لە نووسەران کە بە قەڵەمی خۆیان لاپەڕەی کتێبەکان دەنەخشێنن یەکێک لە بە هێزترین چالاکی لە کتێبخانەی کوردی و جیهانە.
هەر نووسەرێک کە کتێب دەبەخشێت، دەبێ سپاس و ڕێزلێنانی پێشکەش بکرێت لە ڕێکەوتی ڕۆژی پێشکەشکردنی کتێبەکانی بە واژووی بەڕێوەبەری کتێبخانە، بۆ ئەوەی نە تەنیا ڕێز لە نووسەر بنرێت بەڵکو سپاسی ئەو چەند بەرگە کتێبە بکرێت کە هۆڵی کتێب ئاوەدان دەکاتەوە.
لە دنیای ئەمڕۆدا بایەخی زۆر بە کتێبی دەنگی دەدرێت، بۆ ئەو کەسانەی کاتی خوێندنەوەیان نییە، یان ئەو خانمانەی خەریکی کاری ماڵەوەن، ئەو مناڵانەی کە هێشتا ناتوانن بە ڕەوانی کتێب بخوێننەوە یان تەمەنیان لە خوار شەش ساڵانەوەیە، هەروەها بۆ کەسانی نابینا و هتد.

باشترین پرۆژە بۆ پەرەپێدانی زیاتری ڕۆشنبیری و کتێب، پەرەسەندنی کتێبی دەنگییە کە ئەمڕۆکە لە وڵاتانی بیانی بە هەموو زمانێک دەتوانن ببیستن، دەتوانم بڵێم لە کوردستانیش تا ڕادەیەک دەستی پێ کردووە و ئەوە جێگای تەقدیر، بەڵام دەکرێت سوود لە ستافی کتێبخانە وەربگیرێت بەتایبەت ئەو کەسەی بەهرەی وتنەوە و دەنگی باشی هەبێت.
لە هۆڵی تایبەت بە مناڵان کتێبەکان زیاتر دەبێت بە شێوەی وێنە یان دەنگی بێت، یان کەسێکی توانا چیرۆکی ناو پەرتووکەکان بە دەنگ بخوێنێت بە شێوەیەک سەرنجی زارۆک بۆ خۆی ڕاکێشێت.
دەتوانرێت شوێنێک بۆ کاری شانۆگەری تەرخان بکرێت و لە ڕێگای نمایشی بووکەڵە کارەکتەری ناو چیرۆکەکان نمایش بدرێت بە مۆسیقا یان (جوڵاندنی بووکەڵە)؛ لێرەدا دەتوانم بڵێم هونەر و کتێب دوو ڕۆحی دووانەن کە هەردەم تەواوکەری یەکن.

ھەواڵی زیاتر