بە کورتی بە کوردی

ھۆشیار سیوەیلی

(شانازییە بۆ من وەک یەکەم باڵوێزی ئەمەریکای بە ڕەچەڵەک کورد خزمەت بکەم)

ئەم ڕستەیەی سەرەوە وتەی خاتو هێرۆ مستەفا، باڵوێزی نوێی ویلایەتە یەکگرتوەکانە لە کۆماری میسر. پێشتر خاتوو هێرۆ بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ باڵوێزی ئەمەریکا بوە لە بولگاریا و لە چەندین پۆست و پێگەی تری گرنگی وەزارەتی دەرەوە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کاری کردووە. لە فلیمێکی دۆکیومێنتاریدا دەربارەی ژیانی، ئەو دەڵێت (عێراق ئەو شوێنەیە هێنامییە دنیاوە، بەڵام ئەمەریکا ئەو شوێنەیە ئازادی پێ بەخشیم). خاتوونی باڵوێز کچی تێکۆشەر عەبدولقادر محەمەدئەمین، سەرنووسەری ڕۆژنامەی بارزانە کە لە ئەمەریکا دەردەچوو. ئەو لەگەڵ خێزانەکەیدا کاتێک تەمەنی چوار ساڵان بووە وەک پەنابەر چۆتە ویلایەتە یەکگرتوەکان و لە ژیانی ئاوارەیی و پەنابەرییەوە خۆی پێگەیاندووە. ئەو لە ڕۆژی ١ی تشرینی دووەمدا لە لایەن سێناتی ئەمەریکاوە وەک باڵویزی ئەمەریکا لە میسر پەسەند کرا لە کاتێکدا لە تشرینی یەکەمدا ئامادەی دانیشتنیکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بوو، ئەو ڕستەیەی سەرەوەی لەبەردەم لیژنەکەدا وت. میسر هەمیشە وڵاتێکی گرنگ بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دوای جەنگی ئۆکتۆبەری نێوان ئیسرائیل و عەرەب پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەل ئەمەریکادا هەبووە. ئێستاش کە جەنگێکی خوێناوی لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا هەیە و میسر لە ناو دەوڵەتانی عەرەبیدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت لە ململانێ مێژووییەدا و ئەمەریکاش گەمەکاری یەکەمە، ئەوا باڵوێزی نوێ ڕۆڵی زۆر گەورە دەبینێ لە ئایندەی نزیکی ڕۆژهەڵاتی ناڤین. ئەو دیپلۆماتەی لەو پێگەیەدا دەبێت، دەبێت شارەزایی تەواوی لە ناوچەکە و کولتوور و مێنتاڵێتی بڕیار بەدەست و حوکمڕانانی میسر و ناوچەکە هەبێت. باڵوێزی نوێ کە خۆی خەڵکی ناوچەکەیە و چەندین زمان دەزانێت و لە چەندین شوێنی ناوجەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و وەک دیپلۆمات کاریکردوە، هیوادارین بتتوانێت رۆڵێکی پۆزەتیڤ لە یەکلاییکردنەوەی کێشەکاندا ببینێت بە شێوەیەک ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەستەبەر بکات. ڕاستە ئەو لەبەر ڕۆشنایی سیاسەتەکانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کار دەکات، بەڵام هەمیشە کارێکتەری کەسەکان و شیوازی بیرکردنەوە و بۆچوونیان بۆ گۆڕانکاری و چارەسەرکردنی کێشەکان ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.

ھەواڵی زیاتر