بەرەیەکی کوردستانیی نوێ

مستەفا خۆشناو

وەکو ئاشکرایە دروست کردنی بەرەی کوردستانی لە سەردەمی خەباتی شاخ و لە قۆناغێکی دژواردا لە لایــەن ھێــزە سیاسیە کوردستانیەکان و لەسەر پێشنیاری ڕاستەوخۆی کاک ئیدریسی جوانەمەرگ، کەوا بە ئەندازیاری ئاشتی ناوزەد دەکرێت، بە دەستکەوتێکی نەتەوەیی و مێژوویی بۆ گەلەکەمان ھەژمار دەکرێت؛ چونکە گڕوتینێکی تازەی بە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بەخشی و ھەر ئەوەش بووە ھۆی دەستکەوتی زۆر گەورە و پڕبەھا بۆ نەتەوەکەمان کەوا گرنگترینیان ڕاپەڕینی جەماوەری سەرتاسەری بەھاری ١٩٩١ و ئازادکردنی تەواوی خاکی پیرۆزی نیشتیمان لە ژێر چەپۆکی داگیرکاران و دواتر ھەڵبژاردنێکی ئازادانەی پەرلەمانی کوردستان و پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێم.
ئێستاش کەوا جیھان بە گشتی و ناوچەکە بە تایبەتی بە قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕن و لە گۆڕانی گەورەدان، لەوانەیە زلھێزەکان پلانیان بۆ نەخشەیەکی تازە بۆ ناوچەکە ھەبێت وە ھەر یەکە و بیەوێت شوێن پێی خۆی لەسەر ئەم نەخشە تازیە قایم بکات بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانی و ھەر یەکە و لای خۆی ھەوڵی دروست کردنی ھاوپەیمانی تازە و بەھێز بدات بۆ یەکلایی کردنەوەی سەنگی ئەو ھێز و گەمە سیاسیانە بەلای خۆیدا.
بۆ دەرباز بوون لەم قۆناغە ھەستیارە بە سەرکەوتوویی، پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد زۆر بە وردی و ژیرانە خوێندنەوە و شیکاریی بۆ ئەو پێشھات و گۆڕان و نەخشە تازەیەی جیھان ھەبێت وە بیر لە داھاتووی گەلەکەمان بکاتەوە وە پێویستە بە پلانێکی تۆکمە و ژیرانە ھەنگاو بۆ داھاتوو بھاوێژرێت وە بۆ ھەر گۆڕان و ئەگەرێک خۆی ئامادە بکات. باشترین ئامادەکاریش بۆ ئەم قۆناغە وەلانانی ململانێ و ناکۆکیەکان و یەکخستنی ھەڵوێستەکانە و دەکرێت بیر لە دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتووی تازەی نیشتیمانی بەھێز کەوا پڕبێ لە ھزر و بیروباوەڕی کوردانە، ھاوشێوەی بەرەی کوردستانی بکرێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە چەترێک بۆ کۆکرنەوەی ھەموو بیر و باوەڕە جیاوازەکان و ھەموو کوردستانیان و ھێز و لایەنە سیاسیەکان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە، چونکە ئەگەر ھەل ھاتە بەردەمت و بەباشی سوودت لێ نەبینی و نەتقۆزتەوە لەوانەیە لە دەستت دەربچێ و دواتر دژت ھەڵگەڕێتەوە و زیانت پێ بگەیەنێ وە جارێکی تر بتگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر.

ھەواڵی زیاتر