کتێبخانە گشتییەکانی هەولێر

ناز فەلەکەدین کاکەیی

بەشی 7
زانکۆ و پەیمانگاکان هەروەها قوتابخانەکان ساڵانە لە وەرزی تایبەتی خوێندندا وەک گەشتی زانیاری سەردانی کتێبخانە دەکەن؛ ئەم گەشتە دەتوانێت هەم لە ڕووی زانست و مەعریفە و هەم لە ڕووی گەشتیاری ببێتە ڕۆژانێک پڕ لە خۆشی بۆ گەنجان و مناڵان.
لێرەدا بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە هەوڵ دەدات بە شیکردنی کاری بەش و هۆڵەکان، چۆنیەتیی وەرگرتنی یاسایی کتێب لە کتێبخانە، پۆلینکردنی کتێب، چۆن دەبێت سوود لە کتێبەکان وەربگرن و پارێزگاری لە کتێب بکرێ؛ پێدانی دیاری وەک گۆڤار و کتێب بە مناڵان، باسکردنی مێژووی کتێبخانە و هتد.
هەر چەند لە دنیای ئەمڕۆدا تەکنۆلۆجیا و سۆشیال میدیا و بابەتە جیاوازەکان کە خەڵکی بەخۆوە سەرقاڵ کردووە، بۆتە مێردەزمەیەک بۆ دوورکەوتنەوەی کۆمەڵگا لە کاغەز و خوێندنەوە و تەنانەت ئیتر قەڵەم و حبریش زۆر بەکار نایەت، لێرەدا دەشێت ئاماژە بەوە بکەم کە کەرتی پەروەردە بۆ ڕفرێشکردنی نووسین و خوێندنەوە و ئاشتبوونەوەی قوتابی لەگەڵ کتێب؛ دەبێ لە باخچەی ساوایانەوە دەست پێ بکات تا دووبارە نەوەیەکی خوێنەر دروست بێت.
هەرچەند هەوڵ دراوە کتێبخانە لە قوتابخانەکان جێگای بکرێتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ وانەی تایبەت هەبێ سەبارەت بە کتێب و کتێبخانە.
لە کۆبوونەوەی دایکان و باوکان لە قوتابخانەدا، دەکرێت باس لە گرینگیی خوێندنەوە لە تەمەنە جیاوازەکان بکرێت.
ئاماژە بەوەیش بکرێت خوێندن لە سەر کاغەز زۆر باشترە تا لەسەر مۆنیتۆری لاپتۆپ یان مۆبایل، هەم لە ڕووی تەندروستیەوە و هەم لە ڕووی دەروونی و ڕۆحیەوە.
کتێبخانەکان باشترین کەرتی گەشتیارین لە پارێزگا و قەزا و ناحیەکاندا، وەک مۆزەخانەیەکی زانستی و تەژی لە کولتووری مێژوویی و ئەدەبی و هونەری و نەتەوایەتی؛ بایەخدان بە جوانکاری تەلار و باڵاخانەی کتێبخانەکان و دیزاینی ڕەفی کتێبەکان و هەبوونی هۆڵێک بۆ دانانی دەستنووس و کتێبی بە تەمەن و پاراستنیان لە فەوتان، خۆی دەتوانێت داهاتێکی ئابووری بێت، بە تایبەت ئەگەر لە بەرنامەی گەشتیاریدا دابنرێت و ببێتە بەشێک لەو شوێنانە کە کەسانی بیانی و ناوخۆیی چێژی لێ ببینن.
بۆ ئەم مەبەستە دەبێت بایەخ بە ڕووکەش و ناوی کتێبخانە بدرێت و بە شوێنێکی گرینگ تەماشا بکرێت.
یەک لە یاساکانی کتێبخانە پاراستنی بێدەنگیە، بۆ ئەوەی زیان لەو کەسانە نەدرێ کە بە مەبەستی خوێندنەوە ڕوو لە کتێبخانەکان دەکەن. دانانی فەرمانگەی دیکەی حکومی لە بینا و باڵاخانەکانی کتێبخانە وا دەکات ئەم بێدەنگیە و گەورەیی شکۆی کتێبخانە نەمێنێت و کتێبخانە بە فەرمانگایەکی بێهێز و لاچەپ تەماشا بکرێ.
کردنەوەی خولی تایبەت بە پەرەدانی خوێندن چ لە زانکۆ و چ لە قوتابخانەکان دەبێت لە بەرنامەی ساڵانەی خوێندن زۆر جێگیر بێت؛ تەنانەت ئەگەر ٥٠ قوتابی لە هەر زانکۆ یان قوتابخانەیەکدا بتوانێت خوێنەر بێت و ڕوو لە کتێبی جۆراوجۆر بکات ئەوە دیاردەیەکی پۆزۆتیڤە بۆ ئایندە.
بایەخدان بە کردنەوەی کتێبخانە لە قوتابخانە پیشەییەکان گەورەترین خزمەت دەگەیێنێت، لەبەر ئەوەی یەک لەو خاڵانەی وڵاتانی بیانی بەپێش خستووە، گرینگیدان بە کەرت و قوتابخانە و زانکۆکانی پیشەیی و هونەرییە؛ وەک: بازرگانی، تەکنیکی، پەرستاری و هتد. دەبێت قوتابخانە پیشەییەکان فەراموش نەکرێن و هەلی سەردانیکردنی کتێبخانەکانیان پێ بدرێت و پەرتووکخانەیان بۆ دابین بکرێت.

ھەواڵی زیاتر