حەمەسەعید حەسەن
وه‌ره با خه‌می دارستان
له گه‌ڵایه‌کی وه‌ریودا
چڕ که‌ینه‌وه
وه‌ره تینووێتیی بیابان
له سیمای ده‌نکه لمێکدا
هه‌ست پێ بکه‌ین
وه‌ره با ژیننامه‌ی به‌هار
له په‌ڕه‌ی گوڵێ بپرسین
وه‌ره له‌سه‌ر چلوورهیهک
مێژووی به‌فر و به‌سته‌ڵه‌ک بنووسینه‌وه
وه‌ره له‌ڕێی ناڵه‌ی دڵۆپێ ئاوه‌وه
گوێ له هاژه‌ی ڕووبار بگرین
وه‌ره هه‌موو ڕابردوومان
له دێڕێک‌دا تۆمار بکه‌ین
وه‌ره چی دی
له مه‌نفا ڕێ بزر نه‌که‌ین
بچینه‌وه
له خاکی وه‌ته‌ندا ون بین
وه‌ره خۆمان ساقی بین و
جه‌سته‌مان بکه‌ین به جام و
خوێنمان شه‌راب
وه‌ره (به خوێنی جه‌سته‌مان
ده‌ستنوێژی ئه‌ڤین هه‌ڵبگرین)(*)
وه‌ره له‌پێناوی عیشقا
سڵ له مردن نه‌که‌ینه‌وه
وه‌ره به ڕێگه‌ی ئه‌ڤیندا
به‌ره‌و هه‌واری حه‌قیقه‌ت
به‌ڕێ که‌وین
وه‌ره خۆمان له تیشکێکدا
حه‌شار بده‌ین
وه‌ره با ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌مرین،
ئاهه‌نگی جه‌ژنی له‌دایکبوون بگێڕین!
*
(*) حه‌للاج