پارتی.. هیوای کەرکووکییەکان

‎هاودەنگ فارووق

دوێنێ ڕێوڕەسمی پێشكەشكردنی بارەگەی سەركردایەتیی كەركووكی پارتی، بە زانكۆی كەركووك بەڕێوەچوو؛ بەمەش هەنگاوەكانی گەڕانەوەی پارتی و سەركردایەتیی كەركووك و لقی 3 بۆ كەركووك دەستی پێکرد. گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك بۆ خستنە سەر ڕاستەڕێی پرۆسەی سیاسیی كەركووك و عێراق گرنگییەكی تایبەتی هەیە.
ئەو گەڕانەوەیە كە ساڵانێكە بووە بە داوایەكی جەماوەریی و داخوازییەكی سەرەكیی هاووڵاتیانی كوردی پارێزگەی كەركووك. ئێستەش ئەم هەنگاوە بە عەمەلی جێبەجێ دەكرێت بە ئاراستەی یارمەتیدانە بۆ ئاساییبوونەوەی یەكجارەكی دۆخی سیاسی و ئەمنیی كەركووك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.
لە ڕاستیدا پرۆسەی سیاسی لەكەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، خەلەلێكی گەورەی تێدا بوو، نائامادەیی پارتی وەك بڕبڕەی پشتی سیاسەت و حوكمڕانیی كورد، خۆی بۆخۆی بۆشاییەكی گەورەی سیاسی بوو كە تەنها بەپارتی پڕ دەكرایەوە. ئەوەش بۆ هەموو لایەنە كوردستانی و عێراقییەكان ڕوون و بەرچاوبوو.
لەلایەكی دیكەوە، هاووڵاتییانی كورد لە كەركووك، کە بێگومان، زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتوانەکەین، وێڕای بوونی هەموو حزبەكانی دی، هەمیشە ئەم پرسیارەیان دەكرد: كەی كورد دەگەڕێتەوە بۆ كەركووك؟ ئەمە ئەو پرسیارە بوو كەبە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی وەڵامەكەی بوون، پارتی نەدەكرا چیتر وەڵامی ئەو پرسیارە دوابخات، بەڵكوو دەبوو چاوەڕوانییەكانی هەموو لایەك بۆ گێڕانی ڕۆڵی خۆی بێنێتە جێ.
بێگومان سروشتی فرەیی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كەركووك، وا دەخوازێت هەمووان بەشداربن، هەموو ڕێوشوێنەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیش، ئەو پێدراوەیان كردبووە واقیعێكی بەرجەستە كە نەدەكرا بەبێ پارتی مۆزایكی دۆخە سیاسییەكە وەك ئەوەی هەمووان دەیخوازن، ڕابگیرێت.
پارتی بەم هەنگاوەی دەیەوێت، دیمەنی سیاسی لە كەركووك سەقامگیر و خەریتەی سیاسی لەو پارێزگا گرنگ و ستراتیجییە تۆكمە بكات. نەك هەمووان پێیان وابێت هێشتا كورد لەكەركووك بەشدار نییە. ئەوە ئەو وەڵامە چارەنوسسازەیە كە هەمووان بەدوایدا دەگەڕان.
لەئێستاوە كورد بەشدار و ئامادەیە و دەیەوێت ستراتیجیی كوردایەتی لەناو چوارچێوەی هەمەڕەنگی كەركووكدا بباتە پێشەوە. دەستی پێكهاتەكان بگرێت بۆ پێكەوەژیانی زیاتر و پرۆژەی گرنگتر بۆ دەوڵەمەندكردنی فەرهەنگی سیاسیی ئەو شارە و دروستكردنی دۆخێكی نوێ كە تیایدا هەموو ئامانجەكانی خەڵكی شارەكە لەپێشكەوتن و پێكەوەژیان و خۆشگوزەرانی و ئۆقرەیی سیاسیدا بەدی بێت.