ڕۆڵی ئافرەتان لە سەقامگیریی سیاسی کۆمه‌ڵگەدا

دهۆك به‌رۆژی

کارڵ مارکس، زانای بەناوبانگی ئابووری و زانستیی کۆمەڵایەتی دەلێت: “ئه‌گەر دەتەوێت ئاستی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگه‌یەک بزانی، سه‌یری ڕەوش و هەڵسوکەوتی ئافرەتانی بکە”
هەمیشە پرسی ئافرەت پرسێکی هەستیار و گرنگه‌، جێی باس و گفتۆگۆ و مشتومڕی بەردەوامە، بۆیە بەردەوام لە بابەتە گرنگ و کۆمەڵایەتییەکان جەخت لە ئامادەبوون و هاوبەشی و بەشداریی سیاسیی ئافرەتان دەکرێته‌وه‌ بۆ چالاكییان و بەگەڕخستنی تواناکانیان،جەخت لە گرنگی وکاریگەرییەکانی ئافره‌تان لە پێواژووی سیاسی و کاریگەری لەسەر ڕەوتی سیستیم وسیستمی کۆمەڵگه‌ جیاوازەکاندا ده‌كرێته‌وه‌.
ئافرەت بەردەوام بە نیوەی کۆمەڵگه ناودەبرێت و ڕۆڵی گرنگ دەبینێت لە پەروەردەی نەوەکان و پەروەردەی خێزانی و جۆر و چۆنیێتی ئامادەکردنی تاک بۆ نێو کۆمەڵگه. هاوبەشی و بەشداریی ئافرەتان لە هەموو بوارەکانی ژیان،کاریگەری و گرنگیی خۆیی هەیە،بەڵام پشتگوێ خستن یان بوارنەدان بە ئافرەتان بۆ سەلماندنی تواناکانیان و هاننەدانیان کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک لە ڕێگری کە دەکڕێت پۆلێنی بکەین بۆ دوو بەش.
یەکەمیان لە ئاستی سەرەوە، وەک یاسا و حزب و دامودەزگه‌کان، به‌شی دووەمی ڕێگرییه‌كانیش لە نێو خودی کۆمەڵگه‌یە کە لایەنی ئابووری و دیین و کلتوور، ئابووریی سەربەخۆ و جۆری ڕۆشنبیریی تاک و کۆمەڵگه‌ له‌خۆده‌گرێت. هه‌روه‌ها دیڤید ئیستن، زانای بەناوبانگی سیستمی سیاسی ئاماژەی كردووه بە پۆلێنکردنی سیستمی سیاسی بۆ کارلێکی نێو کۆمەڵگه‌ لە دابینکردنی بەها کۆمەڵاتییەکان بە شێوەیەکی فەرمی، واتا سیستمی سیاسی لەنێو کۆمەڵگه کار دەکات و بێ بوونی کۆمەڵگه سیستمی سیاسی بوونی نییە، لەو ڕوانگەیەوە هاوبەشیی هەردوو ڕەگەز مه‌رجه‌ بۆ گەشە و پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگه‌یەکی مۆدێرن،پێشکەوتن خواز و پێدانی هاوسەنگی و یه‌كه‌ی سیاسی و کۆمەڵایەتی. هەر لاسەنگییەک لەم هاوکێشه‌یه‌،دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و دیاردەی نامۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی، چونكه‌ بەردەوام سیستمی سیاسی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگه هەیە و کۆمەڵگه‌ش‌ کاریگەری لەسەر سیستمی سیاسی دەبێت.
بەدرێژایی مێژوو، ئافرەتان خەباتیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسی و شارستانییەکانیان، تا ئه‌م كاته‌ش لە هەوڵ و کۆششن بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییه سیاسییەکان و یەکسانیی نێوان ڕەگەزی نێر و مێ. ئەم هەوڵانە لە نێو کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، ڕەنگدانەوە و کاریگەریی باش و بەسوودیان هه‌یه‌. لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٨، لە ماددەی یەکەمدا جەخت لە مافی هەر تاکێک لە بەدیهێنانی گشت ماف و ئازادییەکانیان بەبێ جیاوازی لە نێوان ژن و پیاو كراوه‌ته‌وه‌. ئافرەتان لە دوای وشیاربوونه‌وه‌یان له مافەکانیان، هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆرتریان دا بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکانیان و لە ڕێکكەوتننامە و پەیماننامە جیهانییەکانی ساڵی ١٩٧٩،جەخت لە یەکسانی و ئازادیی مرۆڤەکان كرایه‌وه‌ و ئاماژە بە نەهێشتنی هەموو جیاوازییەکی ڕەگەزیی دژ بە ئافرەتان كرا، لەم سۆنگەیەوە هاوبەشیی ئافرەتان لە کاری سیاسی،مافی دەنگدان،خۆ به‌ربژێرکردن و کارکردن لە کایە گشتییەکانی نێو کۆمەڵگه بە مافێکی بنچینەیی و سروشتی چەسپێنرا. ئافرەتان لە هەر سوچ و شوێنێکی ئەم جیهانە بێت،لەگەڵ هەموو جیاوازییەکانی وەک زمان،کلتوور،دیین و ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگه،ئازارەکانیان هاوشێوەی یەکن و کۆمەڵێک کێشە،ئێشوئازار و بەربەستەکانیان هاوبەشن.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی نەتەوەی کورد بدەینەوە، دەبینین لە هەموو بارودۆخە ناخۆش و نەهامەتییەکاندا، زەره‌رمەندی یەکەم ئافرەت بووە کە باجی زۆری داوە و ئازاری زۆری چه‌شتوە، بە هۆکاری لەدەستدانی باوک،برا،هاوسەر و گرتنە ئەستۆی ئەرکی پەروەردەی منداڵ،بەڕێوەبردنی ماڵ و شان بە شانی پیاوان ئەرکی قورسی ژیانیان وه‌ئه‌ستۆ گرتووه‌، جگە لەوەی ڕۆڵی گرنگیان بینیوە لە جەنگەکان و وەک جەنگاوەر خۆبەخشانە لە بواری پەرستیاریی چارەسەرکردنی بریندارەکان،لە جەنگەکان بەشداربوونه.
هەر پێواژوویه‌كی سیاسی بێ بەشداریی چالاكانه‌ی ئافرەتان،کەموکوڕی دەبێت و ڕەنگە بەئاشکرا دیار نەبێت،بەڵام لە سیما و کار و چالاکییەکانیدا ڕەنگدانەوەی دەبێت، چونکە بوونی ئافرەتان جۆرە نەرمنواندن و ڕاسته‌قینه‌بینی زیاتر دەدات بە بڕیارە سیاسی و چارەنووسسازەکان بەوپێیه‌ی ئافرەتان وردتر کێشەکان دەبینن و نەوەکان پێدەگەیەنن،به‌و واتایه‌ی ئافرەتان ئاشنان به‌ خواست و داواکاریی مرۆڤەکان به‌لایانه‌وه‌ نامۆ نییە و چارەسەرکردنیان وەک سروشتێکی دایکانە دەبینن. نموونەی زۆرمان هەیە كه‌ بایه‌خیی به‌شداری و ڕۆڵی ئافرەتان له‌ كایه‌ جیاوازه‌كاندا ده‌رده‌خات، به‌ڵام وه‌ك نموونه‌یه‌كی مێژوویی، مارگریت تاتچر،سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بریتانیا(١٩٧٩-١٩٩٠) كه‌ به‌ “ژنی ئاسنین” ناوی ده‌ركردبوو،لە یه‌کێک لە وتە ناودارەکانی دەڵێت: “ئەگەر لە سیاسەتدا پێویستمان بە قسەبوو،لە پیاوەکان بپرسە.
بەڵام بۆ کردەوە پشت بە ئافرەتان ببەستە”،ئەم وتەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هاوبەشیی بنەمایی سەرکەوتنە و لەم ڕوانگەیەوە بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت،ئافره‌تان له‌ کردەوەکان و چارەسەری کێشەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە. تێکەڵبوونی توانای پیاوان و ئافرەتان لە بواری سیاسی و بڕیاری سیاسیدا،کۆمەڵێک لێکەوتەی ئەرێنی دەبێت کە ڕنگدانەوەی بۆ پێواژووی سیاسی،سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبێت،جگە لە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان و تێڕوانینیان بۆ بەشداری و هاوبەشیی ئافرەتان وەک سەرچاوەیەکی گرنگ کە ڕەنگدانەوەی ڕۆشنبیریی گشتی نێو کۆمەڵگەیە،بە مەرجێک هاوبەشیی ئافرەتان لە چوارچێوەی بەشداریی سنوورداری کاندیدی پەرلەمان نەبێت.

ھەواڵی زیاتر