یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، مێژووی پێشەنگانی و ڕۆڵی ئێستای

د. ڤیان سلێمان

لە هەموو بوارێکی کارکردن و هەوڵدان، هەردەم کەسانێک هەن وەک پێشەنگ و نموونەی باڵا لێیان دەڕوانرێت و سیمبولن بۆ هاوکارانیان لە نەوەکانی دوای خۆیان، کە پێویستە سوود لە ئەزموون و بەرخودانیان ببینرێت. یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ڕێکخراوی خاوەن دەیان ساڵ تێکۆشانی یەکسانی مرۆڤایەتی و ڕزگاری نیشتمانی، ڕێکخراوێکە کە لە هەناوی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بە ڕابەرایەتی باوکی ڕوحی و نەتەوەییمان بارزانی، لەدایکبووە. بەو پێیەش خەباتی ئەم ڕێکخراوە و پێشەنگانی لە بارودۆخێکی جیاواز لە ئێستا بووە و نەک هەر خەباتی ڕێکخراوەیی، بەڵکوو هەموو دەرکەوتنێکی ئافرەت لە بواری گشتیدا، ڕووبەڕوو بووە لەگەڵ دەیان ئاستەنگ و ڕێگری سیاسی و کۆمەڵایەتی.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وەک پێشەنگی بزاڤی ئافرەتانی کوردستان، لە هەمان کات وەک دەستپێکی شۆڕشێك دژی چەقبەستوویی کۆمەڵایەتی، چەندین نموونەی باڵای هەیە کە پێشەنگن بۆ ئافرەتانی کوردستان.
کاتێک لە قۆناغە جیاواز و پڕ ئاڵنگارییەکانی ژیانی ڕێکخراوەیی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و لە سەربوردەی ژیانی پێشەنگانی ڕادەمێنین، لەو بیر و باوەڕە قووڵ و بەهێزەیان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی خاک و نیشتمان ڕا دەمێنین، کاتێک دەبینین چەندە بڕوایان بە دۆزی گەلەکەیان هەبووە، چەندە باوەڕیان بە تواناکانی خۆیان هەبووە، چەندە بوێرانە و چاونەترسانە کۆتە کۆمەڵایەتییەکانیان شکاندووە و هاتوونەتە گۆڕەپانی خەبات، لەو چوارچێوەیەشدا نە بارودۆخی ناهەمواری سیاسی و کۆمەڵایەتی، نە ژیانی هاوژینی و تایبەتی بەربەست بووە بۆیان و نە ئەرکی دایکایەتییان، بەڵکوو ئازایانە و ئازادانە توانیویانە واقیع بگۆڕن و بەهایەکی تر بخەنە سەر بەها و واتاکانی ژیانی ئافرەتی کورد، توانییان پێگەی ئافرەت نەک لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی کوردەواری باشتر بکەن، بەڵکوو لە چاو ئافرەتانی نەتەوەکانی دەوروبەر و باڵادەستیش بەرزتر پیشان بدەن. ئەمە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردە ڕاست و دروستەبوو کە بۆ خۆیان هەڵبژارد کە ڕێبازی بارزانە، ڕێبازی بەها بەرزەکانی خۆشەویستی ڕاستەقینە و بەخشین کە کرۆکی ژیانی شکۆمەند و پڕواتای مرۆڤن و لە خواپەرستی، خاکدۆستی و دادپەروەری دا ڕەنگ دەدەنەوە. خۆشەویستی خاک و خەڵکی وڵات ونەتەوە لە لایان لە هەر پابەندییەکی دونیایی بە بەهاتر وبەرزتر بوو؛ بۆیە تەنها ئەوان شایەنی ئەوەن کە هەموو وزە و تواناییەکانت بۆ ئازادی و سەروەریان ببەخشی و بەمەش بوونە پێشەنگ و نەمریان نەخشاند .
خەبات و تێکۆشانی سەختی ئەوان، ئەمڕۆیان بۆ ئێمەی کچانیان درووست کرد، بەڵام ئایا ئەمڕۆ ئێمە چیمان پێیە بۆ ئەوەی پێگە و بەها و تێگەیشتن و پێگەیشتنی ئافرەتانی کوردستان بەرەو ئاستێکی بەرز تر ببەین، لەچاو بگۆڕەکانی سەردەم، لەم ژاوەژاوەی تەکنەلۆژیا و بچووکبوونەوەی جیهان، پێکدادانی کولتووری و ململانێی نێوان نەوەکان، سەرەڕای بارودۆخی ئاڵۆز و ناجێگیری سیاسی لە ناوچەکە و جیهان، وێڕای بەردەوامی نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و چەوسانەوەی لەلایەن نەتەوە داگیرکەرەکانەوە.
بەڵێ، دەبێت، ئەمڕۆ ئێمە بە ئیلهام وەرگرتن لە خەباتی پێشەنگانمان لە ئافرەتانی خەباتکەر، لە سیمبول و نموونە باڵاکانمان لە وێنەی شەهید لەیلا قاسمی بووکی کوردستان، کە گەورەترین وانەی خۆشەویستی و فیداکاری و بەخشین بە نیشتمانی پێشکەش کردین، لەسەر هەمان ڕێبازێ پیرۆز و بەو ڕۆحیەتە پارێزەری دەستکەوتەکانی ئێستامان بین، هاوکاری حکومەتەکەمان بین لە بەرگری کردن لە مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان.
دژی هەموو ئەو ئاراستانە بین، کە دەیانەوێت هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لاواز بکەن، پرسی میژوویی و دۆزی ڕەوای نەتەوەییمان لە چەند بابەتێک کورت بکەنەوە و پرسە سەرەکییەکە لە بیر و هزری نەوەکانمان ببەنەوە. کێشەی ئێمە بوون و ئازادانە ژیان، سەروەری و سەرفرزای و خاک و گەلێکی خاوەن هەموو ئەو تایبەتمەندییانەیە کە بۆ سەربەخۆیی هەر گەلێک پێویستە. دەبێت هۆشیاری ئافرەتانمان بە تایبەتی کادیرانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لەو ئاستەی هۆشیاریدا بێت، کە لەم قۆناغە هەستیار و چارەنوسسازەدا نەک هەر پێشەنگایەتی ئافرەتانی کوردستان، بەڵکوو گەلەکەمان بێت، بێگومان ئەوەش بە خۆ پێگەیاندن و خۆ تەیار کردنە بە زانست و فێربوون، چونکە بە دڵنیاییەوە ڕۆڵی ئافرەت لەوپەڕی گرنگیدایە، پێویستە ئافرەتانمان ڕۆڵی خۆیان تەنیا لە خێزاندا نەبینن، خیزان یەکجار گرنگ و بنیاتە، بەڵام دەبێت لەناو کۆمەڵگەش هەبین، هاوسەنگی لە هەموو بوار و ویستەکان ڕەچاو بکەین و ببینە نموونە، کە کچانی داهاتوو وەک پێشەنگ لەم نەوەیەی ئێستا بڕوانن.