هەموومان ئاشتیکوژین !

پ.د. نەزاکەت حوسێن

شکستی سیستەمی لیبراڵی جیهانی بە تایبەتی لەسەر دەستی ئەو وڵاتانەی کە خۆیان بەرهەم هێنەر و دامەزرێنەری بوون، پێشبینی و چاوەڕوانی مەترسیی ئەوەی لێ دەکرا کە کاری هاوبەشی و هاریکاریی جیهانی لەسەر ئاستی وڵاتان لاواز ببێت و گرژی لە زۆرێک لە پارچەکانی جیهان دروست ببێت. ئەوەی ئێستا جیهان پێویستی پێیەتی ئەو هاریکاری و هاوبەشی کارکردنەیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی مەترسییە جیهانییە هاوبەشەکان کە بەرۆکی جیهانی گرتوە ببینەوە، وەک گەرمبوونی ژینگە و گۆڕانی کەش و هەوا و گەشەی خێرای تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد و پەتا کوشندەکان و تیرۆریزم ..هتد لەگەڵ ئەمەشدا خەریکە دۆزینەوەی بۆشاییەک، مەودایەک بۆ ئاشتی ئەستەم دەبێت، چ لەسەر ئاستی ئەو لایەنانەی کە لە بەرەی ڕووبەڕووبونەوەن دژی یەک و لەململانێکەدان، لە هەمان کاتیش لە سەر ئاستی دەرەوەی ململانێکان ئەوانەی کە تەماشاکەرن، یان تەنها چاودێرن و قسە لەسەر گرژیەکە دەکەن، یاخوود بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەرژەوەندیان بە هەبوونی جەنگ یان ئاشتی هەیە؛ یان دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە هاوکاری بۆ دروستکردنی ئاشتی یان پێشنیازی ئاشتی. ئەمە بۆ؟ لەدەرەوەی شیکار بۆ جەنگ و کێ تاوانبارە یان تاوانبار نییە، تێڕوانینێکی سۆسۆلۆژیانە و سایکۆلۆژیانە بۆ مرۆڤ بکەین کە چۆن لە ئاشتی و جەنگ دەڕوانێت. مرۆڤ کە دەتوانێت دروستکەری هەم جەنگ هەم ئاشتی بێت، بەخودی خۆی ئەوەندەی شەڕی خەیاڵەکانی دەکات واتە لە خەیاڵی ئەودا کێ ڕاست دەکات و کێ درۆ دەکات، یان کێ لەسەر حەقە و کێ تاوانبارە. ئەوەندە بیر لەوە ناکاتەوە کە بەدەر لەو خەیاڵانەی لە مێشکیدا هەیە کە دایناوە و ماف بە کێ دەدات بە خۆیی دەدات یان بەکێی تر؛ ئەوەندە نایەت لەسەر زەمینە و خاڵەهاوبەشەکانی خۆی وەک مرۆڤ و لایەنی دوژمنەکەشی وەک مرۆڤ بیر لێ بکاتەوە. نموونە مرۆڤ هەمووی وەک یەکە لە سۆز لە چەشتنی ئازار بۆ لە دەستدانی کەس و کاری،لە خەفەت خواردن لە پێناخۆشبوونی بە ماڵوێرانی و ترس لە مردن و هەژاری و برسیی ەتی . بەڵام لەسەر ئەم بیرکردنەوانە ئیش ناکات. لەسەر ئەو خەیاڵە ئیش دەکات ئەو لەسەر حەقە و هەموو شت لەدەست بدات تەنانەت ژیانی خۆیشی لە پێناو خستنی بەرامبەر. هەروەک بیریش ناکاتەوە بەرامبەریش مرۆڤە وەک ئەو هەستی هەیە،ئازاردەچێژێت،ژیانی دەوێت .
بیرکردنەوەیەکی تری مرۆڤ ئەوەیە وەک مرۆڤ هەمیشە لەکاتی دروستبوونی ململانێیەک لەگەڵ بەرامبەر چ وەک خۆمان، چ وەک ئەوانەی لە دەرەوەی ململانێکەن و چاودێریی دەکەن، دابەش دەبین و لایەنەکان دابەش دەکەین بەسەر تاوانبار و قوربانی. ئەو بیرکردنەوەمان نییە کە بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی و ویژدانی و مرۆییە،کە دەکرێت مرۆڤ لە هەمان کات قوربانیش بێت و تاوانبار و زاڵمیش بێت. دەکرێت لایەن هەم قوربانیش بێت هەم تاوانبار. دەکرێت ئەو لایەنەی تۆ خۆشت دەوێت قوربانیش بێت و تاوانباریش بێت. نەبوونی ئەم بیرکردنەوە وامان لێ دەکات کە ئەوانەشمان لە دەروەی ململانێکەین لە بری هاوکاریی بەرە نەیارەکان بۆ سازان و ئاشتی، دەبینە لایەنگری لایەک و پەیام و گوتارمان ململانێکە توند تر دەکاتەوە. هەڵەی گەورەش ئەوەیە چاوەڕێین خۆیان لایەنە نەیارەکان کە لە جەنگدان ئاشتی بکەن و ئاشتی بدۆزنەوە. کەئەمە ئەستەمە بۆ ئەوان. وەک فەیلەسوفی سەردەم یوڤاڵ نوح هەراری کە مامۆستای زانکۆی ئۆرشەلیمە و جولەکەیە و ئێستا وڵاتەکەی لە جەنگدایە “داوا دەکات لە جیهان دەڵێت هاوکاریمان بکەن ڕێگای ئاشتیمان بۆ بدۆزنەوە،ئێمە هیچ بەرەیەکمان ناتوانین ئێستە بیر لەئاشتی بکەینەوە، چونکە هەردولا مێشکمان پڕە لە ئازار و ڕق وبریندارین.سایکۆلۆژیی ئێمە ئێستا ئاشتی قبوڵ ناکات،تکا دەکەم ئێوە کە لە دەرەوەی ئەم جەنگەن، مەبنە لایەنداری هیچ لامان، چونکە ئێمە پێویستمان بەئاشتیە. ئاشتیی ئەم ناوچەیە، واتە ئاشتیی جیهان، چونکە بەرەو گرژی زیاترو مەترسی زیاتر دەبینەوە” زانایەکی ئیسلامیش داوادەکات “تکا دەکەم با پلان و بەرنامەمان بۆ ژیان ڕێک بخەینەوە،خۆشەویستی و لێبوردەیی و ئاشتی تاقی بکەیەنەوە. ئەگەر تەنها بۆ ساڵێکیش بێت. تەنها ئەمە فریادرەسە لەم کاتەدا”. ڕوویەکی تری مرۆڤ کە ناهێڵیت ئاشتی دروست بێت و ئاشتیکوژە،ئەوەیە هەمیشە ڕابردومان دەپارێزین بەوەی ڕق و تۆڵەو برینەکانی ڕابردومان سارێژ ناکەین و ناتوانین ئاشتی بۆ ئێستا و داهاتومان پێ بەرهەم بهێنیت. زۆر جار بۆ ڕابردوو ئیش دەکەین بەوەی تۆڵەی ڕابردوو لە بەرامبەر دەکەینەوە کەئازاری داوین؛ واتە لەگەڵ یادگاریە تاڵەکانی ڕابردوو دەژین و هەرگیز بیر لەئایندەیەکی لێبوردەیی و ئاشتی ناکەینەوە. ئەمانە وایان کردوە ئەم بیرکردنەوانە چ بۆ بەرەکانی ناوململانێکە چ بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی ململانێکەدان نەتوانن ئاشتی بەرهەم بهێنن یان بیری لێ بکەنەوە. هەموو مرۆڤیکیش لەئاست خۆی بەرپرسیارە بەرامبەر گەرمکردنی جەنگێک یان هێورکردنەوەی،بە وشەیەک، پۆستێک، وتارێک، کۆمینتێک؛ چونکە ئەمانە کاریگەری لە هۆشی کەسێک یان خەڵکانێک دەکات. بۆیە ئەوە لە زارت دەردەچێت بەرپرسی لێی دەتەوێت چ تۆویک بچێنیت، جەنگ یان ئاشتی،ئارامی یان ململانێ و ڕق.

ھەواڵی زیاتر