پەروەردە لە بنكە تا لوتكە لە پێناو قوتابیدایە

بەكر كەریم حەسەن

(كۆنفۆشیۆس) گەورە فەیلەسوفی چینی دەڵێ:” فێربوون بێ بیركردنەوە كات بە فیرۆدانە، بەڵام بیركردنەو بێ زانست شتێكی مەترسیدارە”.
بێشك قوتابی كە دەچێتە قوتابخانە بۆ فێربوون و فێركردنی كۆمەڵێ ئادكار و ڕەفتاری جوان و پەروەردەییە، جودا لە بابەتەكانی خوێندن. پێویستە قوتابی فێربكرێ و بزانێ‌ كە قوتابخانە ماڵی دووەمی خۆیەتی و لە ماف و ئەركەكانی خۆی شارەزا بێ و بزانێ‌ و تێبگەیندرێ كە هەمووی لە پێناو تێگەیاندن و پێگەیاندن و پەروەردە كردن و فێركردنی ئەوە. لای ڕوون بێ كە هەر هەموو پێداویستییەكانی بە گشتی لە خزمەت قوتابی دایە،مامۆستا، قوتابخانە، پڕۆگرام و كەلوپەلەكانی بە گشتی هەموو مەسرەف و خەرجی كە دەكرێ لە پێناو قوتابی دایە بۆ بەدیهێنانی ئامانجێكە كە ئەویش دروستكردن و بنیاتنانی نەوەیەكی زیندوو بە ئاگا و بە هێز و ڕۆشنبیره بۆ كۆمەڵگە و بۆ هەرێم، و پێویستە هەموو قوتابییەك ئەو ڕاستییە بزانێ‌، و لە بەرامبەریشدا ئەوە بزانێ‌ چی لە ئەستۆی ئەودایە دەبێ جێ بەجێی بكات، و چی لە پێناو ئەودایە دەبێ بۆی جێ بەجێ بكرێ.
لێرەدا بە كورتی باسی ئەوە دەكەین كە قوتابی دەبێ فێر ببێ و وشیار بكرێتەوە كە چی جێ بە جێ بكات. لە قوتابخانەدا ئەركەكانی چین بۆ ئەوەی قوتابییەكی نموونەیی و سوودبەخش بێت. پێویستە قوتابی پابەندی و گوێ ڕوایەڵی هەبێت بە ڕێنماییەكان و یاسای پەروەردە و فێركردن و پابەندبوون بە قوتابخانە و ڕێزگرتنی مامۆستایان بە گشتی و فەرمانبەران، پاڕاستنی ناووناوبانگی قوتابخانە و پابەندبوون بە دەوامی ڕۆژانەی قوتابخانە و خوێندن و یەكپۆشی و ڕێز لە كاتەكانی قوتابخانە بگرێ و بەشداری بكات لە چالاكییەكان و پاك و خاوێن ڕاگرتنی قوتابخانە، پاڕاستنی باڵەخانە و كەلوپەلی قوتابخانە بە جۆرێك قوتابخانە ببێتە شوێنێكی پارێزراو و پاك و خاوێن و باشترین شوێن بێ بۆ فێركردن و فێربوون، قوتابی هەست بە بەرپرسیاریەتی بكات و ئەركەكانی خۆی بزانێ‌، وانەكان و ئەركەكانی خوێندن ڕۆژانە ئامادە بكات و بەشداری كردنی پۆڵی هەبێت و بەوپەری ڕەوشت بەرزیەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ مامۆستا و قوتابییەكان بكات و پابەند و ڕێك و پێك بێت. فێربكرێ و بزانێ‌ كە هەر لە سەرەتاوە بەبێ پابەندبوونی و ڕێك و پێكی هەرگیز ناگاتە سەركەوتن و دەرچوون، چونكە هەردووكیان بنەمای سەرەكی و بنەڕەتین بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی قوتابی. بۆیە كە قوتابی تاكە دەرئەنجامی كۆی گشتی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنە. پێویستە لە قوتابخانەوە تاكێكی بەهێزی وەكو شاخی لێ دروست بكرێ لە هەموو ڕوویەكەوە، لەوە تێبگات و بزانێ كە كۆی گشتی پرۆسەی پەورەردە و فێركردن لە بنكەوە تا لوتكە لە پێناو قوتابی دایە ودەبێ باشترین و پوخترین و نایابترین بەرهەمی لێ بێتە دی و خۆی بە خاوەن و بەرئەنجامی پرۆسەكە بزانێ‌. ئەو كات بە بەرپرسیاریەتی پاشەڕۆژی دەكەوێتە سەرشان و بەئەركەكان یە ی خۆی هەڵدەستێ‌. بێگومان هەموو ئەوانە و زۆری تریش پێویستە مامۆستایان بە بەردەوامی بۆ قوتابیان ڕوونی بكەنەوە و تێیان بگەیەنن و ئامۆژگارییان بكەن كە قوتابی تاكە دەرئەنجام و چەقی كۆی گشتی پرۆسەكەیە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

ھەواڵی زیاتر