سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بوێربەو خاوەن بڕیار بە…!!

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

مرۆڤ چونكە لەبەردەم گۆڕانكارییەكانی ژیاندا ڕوو بەڕووی هەر دوو دیوی خۆشی و ناخۆشی، گەرمی و ساردی، هەبوونی و نەبوونی و زۆر شتی تر دەبێتەوە..وەلێ لەهەمبەر خۆشییەكاندا كەم تا زۆر كێشەی لەگەڵ ئەو شتانە نییە كە دڵخۆش و شادو بەختەوەری دەكەن، وەلێ دەرهەق بەو ناخۆشیانەیش كاتێ ڕوو بەڕووی دەبێتەوە، یەخەگیری دەبێ و خەم و خەفەت دەبێتە دێوەزمەو مۆتەكەی هەموو هەڵسوكەوت و دانیشتنێكی و مۆڕیكانە ئاسا هەناوی پەنگخواردووی دەخواتەوە، مێشكی جام دەبێ كە تێڕوانین و تێفكرین و بیركردنەوەی پەرت و بڵاو ببێتەوە نەزانێ چۆن بیر بكاتەوە؟ چۆن ڕوو بەڕووی كێشەكان ببێتەوە؟ چۆن بڕیاریان لەبارەوە بدات؟
لێرەدا دوو سیفەت و خەسڵەتی جەوهەری هەیە بۆ ئەوانەی بەرپرسن لە دام و دەزگایەكی گرنگ و هەستیار، بۆ ئەوانەی لەهەر پێگەیەكی سیاسی و سەربازیدان تا بە پێگە كۆمەڵایەتییەكان ڕادەگات وەك بەڕێوەبەری قوتابخانە، كارگێڕی كۆمپانیا و لەماڵیشەوە وەك سەرۆكی خێزان و …هتد. ئەوانیش بریتین لە:
یەكەم/ بوێربێ:
بوێری واتە بەرەنگاربوونەوەو گوێنەدان بەهەر ئەنجامێك كە ڕوو بەڕووی دەبێتەوە، خۆی بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە بكات ئەگەر ئەو ئەگەرانەیش پێچەوانەی ویست و داخوازییەكانی بن. لەوەدا گرنگ ئەوەیە بەئیرادەیەكی پۆڵاینەوە، بەهەستێكی جوان و ورەیەكی بەرزەوە بتوانێ ڕووبەرووی گیروگرفت و ئاریشەكان ببێتەوە، بزانێ كێشەكان چین؟ چۆن كێشەكان بخاتە ڕوو، نەك چاوپۆشی لێبكات نەك خۆی لەبەرامبەریدا بێدەنگ بكات. لەوەدا گرنگی بوێری ئەوەیە بەراشكاوی باس لەهەبوونی كێشەكە بكات و لێی نەسڵەمێتەوە، شەرم داینەگرێ، دەربەست بەوە نەبێ كێ لێی توورە دەبێ؟ كێ لێی نیگەران دەبێ، گرنگە بەوریاییەوە بە زمانێكی سادەو دەربڕینێكی لۆژیكیانە ئەتەكێتی قسەكردن پیادە بكات و باس لە كەموكوڕییەكان بكات كە هۆكار چیە؟ كێ لەپشت دروست بوونی كێشەكانەوەیە؟ چی بكرێ بۆ بنبڕكردن و نەهێشتن و كەمكردنەوەی؟
لەوەدا ئەوەی پێویستە هەنگاوی بۆ بنرێ ئەوەیە سەرەتا بەنەرم ونیانی بچێتە ناو بابەتەكە، بتوانێ سەرنجی رابكێشێ. بۆ هەنگاوەكانی دیكەش پێش باسكردنی كەمو كوڕییەكان، باس لە شەهامەت و گەورەیی ئەو كەسە بكات كە دەتوانێ چارەسەری كێشەكان بكات هەرچەندە گەورەبن، بەمەیش رێخۆشی بكات بۆ كردنەوەی دەرگای باسەكەو ئەو ئەگەرانەی چارەسەرن بۆ كێشەكە.
دووەم/ خاوەن بڕیاربێ:
دوا بەدوای بوێری لەدەربڕینی و دەرخستنی كەموكوڕییەكان، ئەوجا بەبێ ترس بریاری یەكلاكەرەوەو چارەنووسساز بدات.چونكە خەلكانێكمان هەن بوێرن بەڵام بوێری بریاردانیان نییە، ترسێك لەناخەوە بەسەریاندا زاڵە بەوەی نەتوانن بڕیار بدەن.
ترس، مرۆڤ بەئاسۆ و ئەمانجێكی ڕوون و ئاشكرا ناگەیەنێ كە نەتوانێ بابەتێك بورووژێنێ. كەواتە هیچ پێشنیارێكی بۆ چارەسەری كێشەكان نییە، هیچ كێشەیەك بەبێ پێشنیار چارەسەر ناكرێ .
كەواتە هەرشتێ روو بەرووت بووەوە، بوێربە. ترس و بیم و دڵەڕاوكێ لەخۆت دابماڵەو لەئەنجامەكان مەترسە هەر چییەكبن و دواجار بریاری پێویستی لەبارەوە بدە.

  • سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر/ شارۆچكەی تەقتەق