فێركردن پە‌یامێكی گرنگ و پیرۆزە‌

بەكر كەریم حەسەن

بانگخواز و مافپارێزی بەناوبانگی ئەمریكی (مالكۆم ئیكس) دەڵێ “فێركردن بریتییە لە پەساپۆرتی گەشت بۆ پاشەڕۆژ، كە سبەی بۆ ئەوانەیە كە ئەمڕۆ خۆیانیان بۆ ئامادە كردووە”.
فێركردن پرۆسەیەكە گرنگە و بایەخی یەكجار گەورەی هەیە لە ژیانی سەرتاپای میللەتاندا و سەكۆیەكە بۆ پەرەوپێشبردنی تاك بە تاكی كۆمەڵگە و گەشەسەندن و پەرەسەندنی كۆی كۆمەڵگە بەگشتی لە هەموو ڕوویەكەوە.

پرۆسەی فێركردن دەوەستێتە سەر دوو ئەندام و كۆڵەكەی گەورە؛ مامۆستا و قوتابی؛ مامۆستا بە جێبەجێكردن و ڕاپەراندنی ئەركەكەی و بەرپرسیاریەتی كاریگەر و شوێنەواری گەورە جێ دەهێڵێ لە ژیانی قوتابی، بەڵكو كاریگەری دوورمەودای هەیە لەسەر كەسایەتی و بیركردنەوە و هزری قوتابی بەرەو باشتر و باشتر، بە پێی هەموو ئەو بەها و پرەنسیپە پەروەردەییانەی كە مامۆستا پراكتیزەی دەكات و دەریدەبڕێ لە ئەنجامی ڕەفتار و گوفتار و هەڵسوكەوتی بەردەوامی ڕۆژانەی لەگەڵ قوتابییەكانیدا، جودا لە گوتنەوەی پڕۆگرام و بابەتە پسپۆڕییەكەی كە بە پێی بەشە وانەكانی
هەفتانە دەیڵێتەوە.

لێرەدا دەتوانین بڵێین فێركردن پەیامێكی گرنگ و پیرۆزە، جگە لەوەی زۆرێك وا سەیری فێركردن دەكەن وەكو پیشە، لێرەدا ڕۆڵی مامۆستا وەكو ڕۆڵی كاریگەر و یەكلاكەرەوە لە پرۆسەی فێركردن بێ ڕكابەر خۆی دەبینێتەوە، لە ئەنجامی ڕاپەڕاندن و جێ بەجێكردنی ئەركەكەی خۆی وەكو ئارەزوو و حەزێكی كەسی و خۆشەویستی بۆ كارەكەی و پاڵنەرێكی كەسی بەردەوام لە ناخەوە لە پێناو پەرەپێدان و گەشەپێدان و داهێنان كاری لە پسپۆڕی و كاری فێركردنی گشتی. شك لەوەدا نییە لە نەبوونی پاڵنەری كەسی و حەز و ئارەزووی هەمیشەیی بۆ فێركردن ئەوا وا تێدەگەین كە فێركردن
پەیام نییە، بەڵكو وەكو پیشە و كار سەیر دەكرێ.

(ستیتناهۆس) لە ساڵی 1975 كە یەكێك لە پێشەنگ كارانی بواری فێركردن لە وڵاتی بەریتانیا لە حەفتاكان نووسیویەتی دەڵێ (پێویستە مامۆستا ئارەزوو بكەن لە گۆڕانكاری لە فێركردن، بەبێ ئەوە هەر یاسایەک دەربچێ كاریگەری نابێ و، یانیش بۆ كاتێكی دیاریكراوە). بۆیە مامۆستا دەبێ لە ناخەوە ئارەزووی گۆڕانكارییان هەبێ
لە فێركردن و باوەڕ و متمانەی تەواویان بە خۆیان هەبێ كە چۆن بیر دەكەنەوە و هەنگاو دەنێن و، چ دەکەن.
هەمیشە فێركردن دەبێ بەوپەڕی پیرۆزییەوە سەیر بكرێ چ وەكو پەیام یانیش وەكو پیشە، دەتوانین بڵێن فێركردن هەم پەیامە و هەم پیشەیە بە مەرجێ لەگەڵ بنەما و مەرج و پێوەرەكانی ئەرك و بەرپرسیاریەتی و دیسپلین و پرەنسیپەكانی
فێركردندا بگونجێ.

لە بیرمان نەچێ كە قوتابی ئامانەت و پارێزراوە لای مامۆستا و هەموو بەرپرسیاریەتیەكی پێگەیاندن و تێگەیاندن و دروستكردنی كەسایەتی قوتابی دەكەوێتە ئەستۆی مامۆستاكەی كە هەمیشە جێگای شانازییە بۆ قوتابی و كۆمەڵگە، لە هەمان كاتیشدا خێزان و كەسوكاری قوتابی مامۆستایان خۆش دەوێت كە وەكو باوك و برا و خوشك و دایك بێت بۆ منداڵەكانیان و، جێگای متمانەی هەمووان بێت، دەتوانین بڵێن فێركردن، پەیامە، پیشەیە، ئامانەتە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

ھەواڵی زیاتر