كورد چۆن سە‌رە‌ داوە‌كە‌ی ون كردووە‌؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی‌

لەھەموو دۆسیە و مەسەلەیەكدا، لەھەموو چركە و ساتێكدا، لەھەموو بابەت و دۆخێكدا، كۆمەڵگەی كوردی دابەش دەبێت. لەباری كۆمەڵگەی كوردی بۆ دابەشبوون، خەریكە دەبێتە تایبەتمەندییەكی ترسناك. ئەگەرچی ھەندێك كەس پێیان وابێت ئەوە نیشانەی كرانەوەو، ھەستیاری و وشیاری كورد بێت بەرانبەر بە دۆسییەو بارودۆخەكان و، مانای زوو كارلێك كردنی كورد بێت لەگەڵ بارودۆخە تازەكاندا، بەڵام لەڕاستیدا نیشانەیەكی ڕوون و ئاشكرایشە لەسەر نەبوونی سەوابیت یان نەبوونی پاشخانی فیكری توندوتۆڵ لای تاكی وشیاری كورد.
مەبەستم لە پاشخانی فیكری یان سەوابیتی فیكری، ئەوەیە كە كێشەیەكی مەركەزی ھەبێت و وەك پێوەر مەسەلە ھەنوكەییەكانی پێ پێوانە بكات و لەسەر ئەو بنەمایە ھەڵوێستی خۆی دەربڕێت.
بەمانایەكی ڕوونتر: سەرەداوی ڕوانینی كورد بۆ دۆسیە و مەسەلەكان كامەیە؟ ئایا ئێمە خاوەنی ڕوئیایەكی ھاوبەشین كە لەخزمەتی دۆزی گەلەكەماندا بێت؟. بێگومان نەخێر. ئێمە زۆرینەی ھەڵوێست و جوڵەكانمان كاردانەوەی ھەنوكەیین و ھیچ ئاماژەیەكمان پیشان نەداوە لەسەر ئەوەی بیركردنەوەی تۆكمە و تێگەیشتنی كۆنكرێتیمان بۆ قەزیەی مەركەزی خۆمان ھەبێت.
لەم چەند ڕۆژەدا وەك ھەر قۆناغێكی تر، دیسانەوە لەدۆسیەی غەزەدا بەشێوەیەكی توند كۆمەڵگەی كوردی لەبەرانبەر كێشەی عەرەب ئیسرائیل دابەش بووەوە. دابەشبوونێك لەھەموو ئاستەكاندا بەشێوەیەكی توند و لێكخشانی زبر و پێكدادانی ناشارستانی بینرا. بەبێ ئەوەی پێوەرێك ھەبێت بۆ ئەوەی بزانین ئەو مەسەلەیە لەسەر چ بنەمایەك ھەڵدەسەنگێنین و ھەڵوێست وەردەگرین.

كورد تا ئێستا عەزیەتی ئەوەی نەكێشاوە كێشە نەتەوەییە گەورەكەی بكاتە پێوەری ڕوانین بۆ مەسەلەكانی دەوروبەری، بیكاتە سەرەداو بۆ دۆزینەوەی زۆرترین بەرژەوەندی و كەمترین زیان، وەك ئەوەی ھەموو میللەتانی زیندووی دنیا دەیكەن.
كەسمان نەمان پرسی: ھەڵوێست وەرگرتن یان ھەڵوێست وەرنەگرتن لە سەر مەسەلەی غەزە، چ سودێك بەكێشەی كورد دەگەیەنێت؟ لەكاتێكدا كورد خۆی پێویستی بەوەیە زۆرترین دۆست و كەمترین دوژمن و ناحەزی ھەبێت، كامەیان باشترە بۆی؟ كامەیان دۆستی بۆ دروست دەكات و كامەیان دوژمنی لێ دوور دەخانەوە؟ ….ھتد.

وشیاری نەتەوەیی ئێمە بەئەندازەیەك لاوازە، لەبچوكترین تاقیكردنەوەدا دەكەوین و، لە وانەی ستراتیژی نەتەوەییدا سفر دەھێنین. كێ وتی و كێ ئێمەی ناچاركرد، ئاڵا بسوتێنین؟ یان دوژمنایەتی خەڵكی غەزە بكەین؟ كێ داوای ھەڵوێستی لێكردین لەكاتێكدا ئەوە بۆ ھەردوولای شەڕەكە دەبێتە پێوەر بۆ سەیركردنی ئێمە لەئایندەدا.

ئەوان وەچە بەوەچە بۆ نەوەكانیانی دەگێڕنەوە، كە كورد لەفڵانە كاتدا ھەڵوێستی بەرانبەرمان ئاوابوو.. كامە ھەڵوێست؟ ئەوەی كە لە لەحزەیەكی ڕەفتەنیدا و بەبێ ئەوەی بیرمان لێكردبێتەوەو دەرمان بڕیوەو، نەمانزانیوە چ سود یان زیانێكی بۆخۆمان و دۆسیەكەمان لەئایندەدا دروست دەكات.

كورد بەجۆرێك سەرەداوەكەی بزركردووە، ئەستەمە بتوانێت بیدۆزیتەوە. لەوەدا ھەمووان ھاوبەشین و، لەھەمان قۆناغی عاتیفیدا دەژین و بە بینینی بچوكترین بەشی سیناریۆكان و لەتەشتێك ئاودا دەكەوینە مەلە كردن. بێ ئاگا لەوەی ئەوانەی لە نمایشەكانی بەرچاوماندا دەگرین، خۆیان بەشێكن لەسیناریۆكان و، تەنها ئێمەین تەماشاكەرێكی سادە و دڵسافین و ھیچمان نیە بۆ گوتن، تەنها دژایەتیكردنی یەكتر نەبێت. تەنها ئەوە نەبێت كە لەگەورەترین خاڵ
تاكو بچوكترین خاڵ، دابەش دەبین و، بچوكترین پۆینتیش تۆمار ناكە‌ین بۆ كێشە‌ی گە‌ورە‌ی نە‌تە‌وە‌كە‌مان.

ھەواڵی زیاتر