ئایینی ئیسلام نەبەستراوەتەوە بەژیانی هیچ کەسێکەوە!

عومەر چنگیانی

سروشتی نەتەوەكانی سەردەمانی پێش هاتنی محەمەد پێغەمبەر – دروود و ساوی خوای لێ بێ، وا بووە، یەك لە دوای یەك كە پێغەمبەریان بۆ ڕەوانە کراوە، دروود و ساوی خوا لەو پێغەمبەرانە بێ، هەندێك لەو ئۆمەتانە بڕوایان پێیان هێناوە و زۆرینەیشیان گومڕایییان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە، سەرەنجامیش خەشمی خوا بەسەریاندا جێبەجێ بووە و، ئیتر جگە لە پێغەمبەرەكە خۆی و شوێنكەوتەكانی، نەیارەكان لەناو براون و كۆتایی بەو قۆناغە هاتووە و قۆناغی تر هاتووەتە پێش، ئەمەیش بۆیەكە بووە چونكە هەر یەك لەو پێغەمبەرانە دروود و ساوی خوایان لێ بێت، بانگەكەیان سنووردار و بۆ كات و بۆ نەتەوە، یان بۆ گەل، یان تیرە و ناوچەیەك بووە، بەڵام چونكە بانگەكەی محەمەد دروود و ساوی خوای لێ بێ، گشتگیر و بۆ هەتاهەتا بووە، لەگەڵ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە بێبڕواكان هاوشێوەی پێش خۆشیان و خراپنتریشیان كردووە، خواگیان بەو شێوە تۆڵەی
لێ نەسەندوون! لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە، داخۆ نهێنی ئەو نەبارینی خەشمە گشتگیرە چییە، لە كاتێكدا تاوانەكان وەك یەك و زیاتریش بوون لە گەڵ هی پێش خۆیان؟
ئەوكاتەی بە دووی وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێین، لە زۆر شوێنی قورئاندا ئەو وەڵامەمان دەست دەكەوێت و بەدی دەكەین، نەخاسمە لە ئایەتەكانی “سیودوو و سیوسێ”ی سوورەتی “ئەنفال”دا، كە ئەوەی بۆ ڕوونكردووینەتەوە و فەرموویەتی: “بێبڕوایان دەیانگوت: ئەی خوای ئێمە ئەگەر ئەمەی ئەم پێغەمبەرە دەیڵێت ڕاستە و لەلایەن تۆوە بۆی هاتووەتەخوارەوە، یان بەردەبارانمان بكە، یان سزایەكی سەختی ئازارپێچێژمان بۆ بنێرە”!
ئایەتی دواتر وەڵامەكە دەداتەوە و دەفەرمێت: “تا تۆ لە ناویاندا مابیت، هەرگیز خوا سزایان نادات و هێندەی ئەوان داوای لێخۆشبوون بكەن لە خوا لەسەر گوناهەكانیان، خوا سزایان نادات”. بە ڕای من ئەوانەی پێیان خۆشە وا بە دیار بخەن كە پێغەمبەریان خۆش دەوێ – دروود و ساوی خوای لێ بێت و بە سروود و دەفژەنینەوە سەرقاڵن و لەوەدا خۆشەویستییەكەیان بەرجەستە دەكەن، ئەگەر بە جوانی لەم ئایەتە تێبگەن، دەزانن بۆ دەستەبەربوونی نەبوونی سزای گشتی لەلایەن خواوە، گەڕانەوەیە بۆ شوێنكەوتنی ڕاستەقینەمان بۆ پێغەمبەر – دروود و ساوی خوای لێ بێت و لە ناو بوونماندا بە زیندووكردنەوەی سوننەتەكانی ڕەنگ بداتەوە، نەوەك بە خۆدانە پاڵی بێكردەوە. ماوەتەوە بڵێین: ئاخر قۆناغی پێغەمبەران كە “كاتی” بووە، كۆتایی هاتووە، بەڵام میهرەبانییەكەی محەمەد – دروود و ساوی خوای لێ بێت بۆ هەموو جیهان بووە و قورئان خۆی لە “سەد و حەوت”هەمین ئایەتی سورەتی”ئەنبیا”دا دەفەرمێت: “تۆمان نەناردووە بۆ میهرەبانی نەبێت بۆ هەموو جیهان”.

دەی ئەگەر بە هەڵەی بێبڕواكان قۆناغەكە كۆتایی بهاتایە، ئەم میهرەبانییە گشتگیرە نەدەبوو. كە دەگەڕێینەوە بۆ سورەتی “مولك”.

لە “بیستوحەوت”ەمین ئایەتیدا، باسمان لەوە بۆ دەكات كە سزای دنیایی گشتگیر پێنەچەژتن بۆ بێبڕوایانی سەردەمی محەمەد پێغەمبەر – دروود و ساوی خوای لێ بێت مانای ئەوە نییە كە لە ڕۆژی
دواییدا پێیان ناچێژرێت! هەربۆیە دەفەرمێت: “ئەوكاتەی كە سزاكەیان بینی – ببینن نافەرموێ
كە دەیبینن! چونكە سۆزیی خوا جێیبەجێنەكردنی بۆنییە – كە دەیبینن دەموچاوی بێبڕوایان تێكدەچێ وپێیشیان دەگوترێت: ئەمە ئەوەیە كە داواتان دەكرد و دەتان گوت كوا سزای خواكەی تۆ بۆ ئێمە دێت و گاڵتەتان بە هەموو ترساندنەكان دەهات، یان ئەمە ئەو سزایەیە كە داواتان دەكرد”. ئاخر خۆ ئەو بێبڕوایانەی “مەككە” كەم هاواریان نەكرد و كەم گاڵتەیان نەكرد و كەم نەیان گوت نە زیندوو بوونەوە، نە سزا، نە جهەننەم، نە لێپیچانەوە هەیە! مەگەر لە “شازدە”هەمین ئایەتی سورەتی “صاد”دا باس لەوە ناكات كە دەیان گوت: “ئەی پەروەرینی ئێمە پەلە بكە لە پێچێژتنی بەشە سزای خۆمان، پێش هاتنی ڕۆژی سەڵا و
لێپێچانەوە”.

سەیروسەمەرەی ئەو بێبڕوایانەی سەردەمی
محەمەد پێغەمبەر – دروود و ساوی خوای لێ بێت – لەوەدا بوو دوای ئەوەی كە هەموو هەنگاوەكانی بۆ لە ناوبردنی ئەو گرتنە بەریان تاقیكردەوە و نەگەیشتنە ئەوەی حەزیان لێییەتی، نەچوون بڕوای پێبهێنن بەڵكو هەموو ئاواتیان ئەوە بوو بمرێت و، وایان دەزانی بەوە ئایینەكە كۆتایی دێت! قورئان لە “٣٣ و ٣٢”هەمین ئایەتی سوورەتی”طور”دا باسیان دەكا و دەفەرمێت: “یان ئەوەتا دەڵێن: ئەم پیاوە شاعیرە و چاوەڕێ دەبین داخۆ كەی دەمرێت * دەی چاوەڕێ بن منیش لەگەڵ ئێوەدا لە چاوەڕوانیكارانم * یاخود خەوبینینەكانیانە فەرمانیان پێدەدا وا بیربكەنەوە و وا بدوێن، یاخود ئەوانە خەڵكانێكن گومڕا و سەر لێشێواو”؟ دوای ئەمە، جارێتر لەگەڵ پێغەمبەر دروود و ساوی خوای لێ بێ، ڕێنماییەكان دەست پێ دەكاتەوە و پێی دەفەرمێت:
“پێیان بڵێ: باشە گەرهاتو خوا منیش و بڕوادارەكانی كە لەگەڵمدان مراند و نەیهێشتینەوە، یان بەزەیی پێمان هاتەوە و زوو نەیمراندینی، ئەرێ كێ بە گازی و هاواری بێبڕوایاندا دەگات و لە دەست سزای توندی خۆی دەیانپارێزێت”؟ بڵێی بەو مراندنەی محەمەد دروود و ساوی خوای لێ بێ، بانگەكە كۆتایی بێت؟ نا!
كەوابوو چونكە بڕوادان یەكخواناسن، بوون و نەبوونی خودی محەمەد، دروود و ساوی خوای لێ بێت و درێژە دان بە ژیانی ئەو، دوای تەواو كردنی گەیاندنی ئەركە ۆزەكەی، كە پێغەمبەرایەتییە، هیچ
كاریگەرییەكی نییە لەسەر ئایینەكە!”(1) پەراوێز:
(1) لاپەڕە “19”ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە٢51٢ سێ شەممە ٢0 ی دیسەنبەری ٢01٦ باو كراوەتەوە”.

ھەواڵی زیاتر