بنەما هزرییەکانی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتان و ئامانجەکانی

د. ڤیان سلێمان

مێژوو تەنیا گێڕانەوەی ڕوداو و بەسەرهات و درووستبوون و لەناوچوون و گۆڕینی حوکم، دامەزراوە، ڕەوت و بیروباوەڕ نییە، بەڵکوو لێکۆڵینەوەیە لە کرۆک و جەوهەر و ئامانجەکانی هەموو ئەو پرس و ڕووداوانە، کاتێک لاپەڕەکانی مێژووی یەکێتی ئافرەتان هەڵ دەدەینەوە و لەو ڕێگا دوورودرێژ و پڕ هەوراز و نشێوەی خەباتی ئەم ڕێکخراوە و مانەوە و بەردەوامییەکەی ورد دەبینەوە، کۆمەڵێک پرسیار بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن.
ئامانج و مەبەستی باوکی ڕۆحی نەتەوەییمان (بارزانی نەمر) لە پشت دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتان چی بووە؟ چۆن دەیڕوانییە ئافرەت و ئافرەتانی کوردستانی؟ تا ئەو ڕادەیەی نەک فەرمانی دامەزراندنی ڕێکخراوێکیان بۆ دەربکات، بەڵکوو هاوتای ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی دیکە، مۆڵەت پێدانی بکاتە مەرج و یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتننانەی لەگەڵ حکومەتی مەرکەز (ڕێککەوتننامەی یانزەی ئازار). (بارزانی نەمر) چی ئومێدێکی بەم ڕێکخراوە هەڵچنیبوو، کە ببێتە سەرچڵ و سەرەتاکانی بزاڤێکی نیشتمانپەروەری مرۆڤدۆستی و یەکسانیخوازی، ئێستا لە کوێین و چەند لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی دامەزرادن دوور یاخود نزیکین؟
پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکان دەستمان بکەوێت، هەندێک دوورتر دەچین، دەبینین هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری لە سەدەی بیستەم و خەباتی گەلان بۆ ڕزگاری، پاشان درووستبوونی چەمکی دەوڵەت- نەتەوە و بێبەشکردنی گەلی کوردستان لەو مافە بنەڕەتییە و دابەشکردنی خاکەکەی، کە ئەو کات لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بوو، و درووستکردنی دەوڵەتی عێراق لە چوارچێوەی سنوورێکی دەستکرد و نکۆڵی کردن لە مافی کوردان و بەردەوامی زۆرداری و ستەم. دەستەبژێری ئازادیخوازان و ڕۆشنبیرانی کورد دەستیان بە درووستکردنی کۆمەڵەی بچوک و خەباتی سیاسی و چەکداری کرد. ئەم بزاڤانە لە کاتێکدا پەرتەوازەبوون هاوکات نەبوونی ئافرەت لە ڕیزەکانیان، یەکێک لە خاڵە لاوازەکانیان بوو.
هێزی پاڵپشت و هاندەر و هاوکار هەمیشە ڕۆڵێکی کاریگەر لە بەدەستهێنانی ئامانجدا دەبینێت و ئافرەت وێڕای کە بزوێنەری هەر بزاڤ و چالاکییەکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە، سەرچاوەی ئەو هێزەشە کە بۆ هاندان و پشتیوانی هاوسەر و برا و باوکی پێویستە. زۆر پێویست بوو دەیان مریەم ئۆرمانی هەبن ببنە وزە بۆ هاوسەر و کوڕ و باوک و براکانیان، کە گیانی خۆیان فیدای ئازادی خاک بکەن، هەروەها ئافرەتان پێکهێنەر و نیوەی کۆمەڵگەن و ناکرێت نیوەی کۆمەڵگە تەنیا لە ماڵدا بێت و بۆ کاروباری گشتی ڕۆڵی تەماشاکەر بێت، ئەمە لە روانگەی نیشتمانییەوە. لە ڕوانگەی مافە مرۆڤایەتییەکان ئافرەت چەوسانەوەی زیاتری لەسەر بوو، بەهۆی ڕەگەزەکەیەوە زۆر لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵگە، بوارەکانی زانست و پێگەیاندن، تەنانەت کار و پیشە بەڕوویدا داخرا بوون. بێگومان ئەنجامی ئەمەش هەژاری و دواکەوتوویی کۆمەڵگە بە گشتی و بە تایبەتی خودی ئافرەت دەبێت. لەلایەکی تر پاشکۆیەتی و نەبوونی ئازادی، بە هەر دوو بارەکەدا چەوساوەی تاکی کوردستانی وەکوو نەتەوە و لەنێو نەتەوەکەشدا ئافرەت بەهۆی ستەمی کۆمەڵایەتی، ئەمەش لەگەڵ بنەما هزرییەکانی ڕابەری شۆڕشی ڕزگاریخوازی و جەنەڕاڵی چیاکان نەدەگونجا، بۆیە هەروەک چۆن بە دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستانی ڕاستەڕێ کرد، بە هەمان شێوە بە دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، دەرگای بەشداری، هاوبەشی و ئازادی بۆ ئافرەتانی کوردستان، کردەوە.
بارزانی نەمر یەکێتی ئافرەتانی دامەزراند بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕەپانی کۆبوونەوەی هەموو ئافرەتانی پێگەیشتوو و ئازادیخواز کە لە چوارچێوەی دامەزراوە و بە شێوەی بەرنامە بۆ داڕێژراو خەباتی یەکسانی و نیشتمانی بکەن. لەناو کۆمەڵگە بڵاوببنەوە و ڕێکخستن بکەن و ببنە هێزی کاریگەر و سەرچاوەی فشار، ببنە پێشەنگ و هاوکار بۆ هاوڕەگەزەکانیان. بەو شێوەیەش ژیانێکی باشتر بۆ کچانی نەوەی ئایندەی کۆمەڵگە مسۆگەر بکەن.
بۆیە دەبینین، پێشەنگانی یەکێتی ئافرەتان دەستەبژێری کۆمەڵگەی سەردەمی خۆیان و نموونەی خەباتی ئافرەتانی نەوەی ئێستان، بێ وەستان و سڵکردنەوە بەردەوامییان بەم ڕێگایە داوە و تا ئەمڕۆ خەبات بەردەوامە و ئامانج و خواستەکان بەپێی بگۆڕەکانی سەردەم بەردەوامن. دوژمنان لە هێز و کاریگەری و بوونی ئەم ڕێکخراوە تێگەیشتبوون، بۆیە بە بیانووی جۆراوجۆر هەوڵیان دەدا، کە ئەم ڕێکخراوە لەدایک نەبیت، بەڵام مکوڕی و دەستگرتن بە ئامانجەکان خواستی دوژمنی شکست پێ هێنا و ئەوەبوو لە ماددەی (٥) ڕێککەوتننامەی یانزەی ئازار مۆڵەتی کارکردنی پێ درا. بارزانی نەمر توانی ئافرەتانی ڕۆشنبیر لەناو ڕێکخراوەکە کۆ بکاتەوە و ڕێ لە پەرتەوازەیی بگرێت، وەکوو قوتابخانە بۆ پێگەیاندنی کچانی دواڕۆژ کە لێرەدا فێری بنەماکانی نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی و یەکسانیخوازی و پێکەوەژیان و دادپەروەری ببن و ئەو بنەمایانە بەناو کۆمەڵگە بڵاو بکەنەوە و بۆ نەوەکانی ئایندەی بگوازنەوە.

ھەواڵی زیاتر