شانیا محەممەد
بۆ ئەوەی پەرلەمان ببێتە جێگای بنیاتنان و پێشنیار کردنی پرۆسەی هاوسەنگ، بۆ یاسا دانان و بەڕێوبردنێکی سەرکەوتوو پێویستە نوێنەری هەموو چین و توێژەکانی تێدا بێت.
گرنگە گەنجان سەرقاڵی پرۆسەی سیاسی بن و قسەیان هەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی “ئەمڕۆ و سبەی” چونکە بەشداری سیاسی گشتگیر نەک هەر مافێکی بنەڕەتی سیاسی و دیموکراسییە بەڵکو بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگای سەقامگیر و ئاشتیخواز و پەرەپێدانی سیاسەتێک کە وەڵامی پێداویستییە تایبەتەکانی نەوە گەنجەکان بداتەوە.
بۆ ئەوەی گەنجان نوێنەرایەتییەکی گونجاویان هەبێت لە دامەزراوە سیاسییەکان و پرۆسەکان و بڕیاردان و بەتایبەتی لە هەڵبژاردنەکاندا، پێویستە مافەکانیان بزانن و زانیاری و توانای پێویستیان پێبدرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی مانادار لە هەموو ئاستەکاندا بەشداری بکەن، چونکە بەشداری چالاکانەی گەنجان دەتوانێت بەها دیموکراسیەکان بە ژیانەوە بهێنێتە ئاراوە، کە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پراکتیزە تاکڕەوییەکان، بەهێزکردنی سیاسییە گەنجەکان پێویستە بۆ بەهێزکردن و گەنجکردنەوەی دیموکراسیەت. نیوەی دانیشتوانی جیهان تەمەنیان لە خوار ٣٠ ساڵەوەیە و یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانی جیهان لە گەنجانی تەمەن ١٥-٢٥ ساڵ پێکهاتوون.
بەشداری لاوان لە پەرلەمانە نیشتمانییەکانی جیهان بەپیی دواین راپۆرتی IPU بریتین لە :
ڕێژەی پەرلەمانتارانی خوار تەمەنی ٣٠ ساڵ 2.88٪،
پەرلەمانتارانی خوار تەمەنی ٤٥ سال 31.83٪
سەبارەت بە بەشداری گەنجان لە کاندید بوون و بوونیان بە ئەندام پەرلەمان، زەرووریەتێکی بۆ کۆمەڵگای کوردی هێناوەتە کایە، بە بوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە گەنجانی پەرلەمانتار دەکرێت ئەو گیروگرفتانەی کە گەنج لە ئێستادا پێوەی دەناڵێنێت کەم بکرێتەوە و نوینەرەکانیان لە پەرلەمان کاریان بۆ بکەن، هەروەها نەک تەنها کێشە و گرفتەکانی گەنج چارەسەر بکرێت بەڵکو لەسەر ئاستی بڕیاردانی چارەنووسساز و گۆڕینی زۆربەی دەسەڵاتی سیاسی لە ململانێوە بۆ ئاشتیخوازی، ئەوە کە گرنگە گەنجان بێنە پێشەوە بەشداری سیاسیان هەبێت و ڕێژەیەکی زۆر لە ئەندام پەرلەمانەکان گەنج بۆخۆی بەرێت.
کاتێک گەنج وڵات و پەرلەمان بەڕێوەبەرێت بێگومان پێشەنگ دەبن لە باش بەڕیکردنی پەرلەمان و یاسای پڕ لە خزمەت پێشکەشی هاووڵاتیانی کۆمەڵگەی کوردی دەکرێت، با بو خولی داهاتووی پەرلەمان گەنجەکانمان بنێرین بۆ پەرلەمان و سیاسەت بکەن، بێگومان لە کاتی هەڵبژاردنەکان چەند بەرەیەکمان هەیە بۆ نموونە ئەوانەی دەنگ بە پارتە دیارەکان ئەدەن، یاخود دەنگ بە پارتە بچووکەکان ئەدەن، یان دەنگ بە ئۆپزسیۆن ئەدەن، یان دەنگ بە کاندیدە سەربەخۆکان ئەدەن. کەمێکیان بێت و هەر لایەنێک بێت پیویستە دەنگ بە کاندیدە گەنجەکانی ئەو پارت و ئۆپزسیۆن و سەربەخۆیە بدەن کە خۆیان پالاوتووە، کاتێک بڕیارمانداوە دەنگمان بۆ هەر لایەنێک بێت با کەسایەتییەکانی ڕابردوو بگۆڕین بە کاندیدی گەنجی بەهرەمەند و لێهاتوو.
پەرلەمانێک گەنجی بەهرەمەند بەڕێوەی بەرێت بێگومان داهاتوویەکی باش ڕوو لە کۆمەڵگا و دەسەلاتی سیاسی دەکات. پێویستە کەلتووری بەشداری کردنی گەنجان ببێت بە سمبولی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئەو ئەرکەش لەسەر ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و سەنتەر و ناوەندەکان و ڕاگەیەندنەکان و ڕای گشتی وەستاوەتەوە، تەنانەت پارتە سیاسیەکان ڕەوتی بەڕێوەبردنی کورسیەکانی پەرلەمان بگۆڕن و رێگاخۆشکەربن بۆ گەنجانی هەرێم تاکو لە کەسایەتی دووبارە بگۆڕدرین بۆ کەسایەتی گەنجە بەهرەمەندەکان، پشتگیری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان وادەکات گەنجان ببنە پێشەنگی هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمان.