قه‌دری زێڕ لای زه‌ڕه‌نگەرە


شێرکۆ حەبیب
میللەتی کورد هەر لە دێر زمانەوە هەردەم دژی زوڵم و زۆرداری بووە و لەو پێناوەشدا دژایەتی حوکمڕانی دیکتاتۆری کردووە هەر لە سەردەمی شێخ عبدوالسلام بارزانی نەمرەوە تا ئەمڕۆ، ئازادیخوازەکان سەریان بۆ دوژمن دانەنواندووە و مافی کەسیان زەوت نەکردووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە مافیان داگیر و زەوت کراوە.
کورد هەردەم دژی خوێن ڕشتن و بەکارهێنانی چەک بووە و کاتێک چەکی بەکارهێناوە بۆ خۆپاراستن و بەرگری لە خاک و نیشتمانی بووە، تەنیا باوەڕیان بەنیشتمان و خاکەکەیان بووە و قەدر و بەهای نیشتمانیان لەلا پیرۆز بووە.
لە لایەکی دیکەوە کورد خاوەن باوەڕ و ئیمانە بە ئاینەکەی کە زۆرینەی موسڵمانن و بەرگریان لەو ئاینە پیرۆزە کردووە بەڵکو بیر و هەستی نەتەوایەتیان کردۆتە قوربانی ئاینەکەیان. ئەمڕۆ لەسەروبەندی گرفتی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس کە لەم یەک دوو هەفتەیەدا گرفتەکەیان پەرەی سەندووە، ئەگەری زۆرە ڕووداوی تری لە دوا دابێت و ئەو گرفتە تەشەنە بکات و ئاگرەکە زیاتر پەروت و بڵاو بێتەوە ئەمەش لە هەڵسوکەوت و بۆ چوونی هەندێ بەرپرسانی وڵاتانی خاوەن دەسەڵات بەدی دەکرێت.
ئەوەی لێرەدا سەیرە هەندێ لایەنی کوردستانی لە حەماسەکان بەحەماس ترن، کە وەک (ناقە و جمل) یان لەو جەنگە دا هەبێت وا خۆیان نیشان دەدەن لە پێناو سەرکەوتنی ئیسلام کار دەکەن، ئەوە ٧٥ ساڵە حاڵی فەلستینەکان و ئیسرائیل بەو شێوەیە، بەڵکو هەر لەسەر دەمی ئیسلام و پێغەمبەرمان محمد (د خ) ئەو گرفتە هەبوو لە نێوان موسڵمان و جولەکە بەڵام پێغەمبەرمان چەندین ڕێککەوتنی لەگەڵ کردوون ئەگینا دەیتوانی شەڕی ئەوانێش بکات وەک چۆن هی قوڕەیشەکانی کرد، ئایا ئەوانەی ئێستا بوونە دەم ڕاستی موسڵمانان کە بەرپرسی حزبی ئیسلامین لە پێغەمبەرمان زیاتر دڵسۆزترن و تێگەیشتوو ترن؟
میللەتی کورد دووچاری ئەنفال و کیمیا باران و بێ سەروشوێنی هەزاران بارزانی و کوردی فەیلی، ئایا کەس لەوانەی ئەمڕۆ ئێوە پاڵپشتیان دەکەن بە وشەیەک دەنگیان لێوە هات، ئایا کورد لەوان باوەڕدار و موسڵمانتر نییە؟
تا ماڵ پێی بوێت لە مزگەوت حەرامە و منداڵی هەژار بە کوشت مەدەن و منداڵانی کورد چیتر بێ باوک مەکەن دایکانی کورد چیتر سک سووتاو مەکەن. فەرموو ئەوە ڕێگا بڕۆن، خۆتان مەڵێن ڕێگا نییە. پشتگیری ئێوە بۆ دۆزی ڕەوای کورد پیرۆز ترە لە هەموو جیهادێک. ئێمە دژی مافی گەلی فەلەستین نین لەگەڵ دەوڵەتی فەلەستینین و پایتەختەکەی قودسی شەریف هەڵبەتە هەندێ لایەن و کەسایەتی دۆستی کوردن و پشتگیری دۆزە ڕەواکەی دەکەن.
ڕاستە وتویانە قه‌دری زێڕ لا ی زە‌ڕه‌نگەرە و قەدری وڵاتیش لای تێکۆشەر و خاوەن هەڵوێستی کوردایەتین.

ھەواڵی زیاتر