چە‌ند بنە‌مایە‌كی سادە‌ بۆ نووسین

زكری موسا

دەبێ نووسەر وا مەزەندە بكات، ژیرترین و زیرەكترین مرۆڤەكان بابەتەكەی دەبینن. نابێ نووسەر، خوێنەر بە نەزان بزانێ یان خۆی لە خوێنەر پێ گەورەتر و داناتر بێت.

نووسین هەتا بكرێ پوخت بێت و بە زمانی سادە بێت، بە جۆرێك هەموو كەس بتوانێ لێی تێ بگات. ئەگەر هاتوو خوێنەر بە باشی لە نووسینێك نەگات، ڕەنگە سووچی خوێنەر نەبێت، خودی نووسینەكە گرفتی هەبێ، ئاڵۆز یان لاواز و لەنگ بێت.

چەندی بكرێ باشترە نووسەر خۆی لە وشەی زیادە و درێژدادڕی بپارێزێ. بۆ نموونە ئەو دێڕە: “هەروەها لێرەدا بە پێویستی دەزانم كە بڵێم ئێمە هەردووكمان یەك ڕۆحی هاوبەشین لە ناو دوو جەستەی جیاوازدا”. دەكرێ ئەوها كورت و پوخت بێت: ” هەردووكمان ڕۆحێكین لەناو دوو جەستەدا”. ئەو نووسینە كاریگەرە، خوێنەر بە وشە و دەربڕینی زۆر سەرقاڵ نەكات. بتوانێ بە كەمترین وشە و لە كەمترین مەودادا مەبەستی خۆی بگەیێنێت.

ئەو نووسینە پتەو و پڕسوودە، هەر دێڕێكی هەڵگری زانیاریی نوێ بێت و هیچ دێڕێكی لە دێڕی پێشووی خۆی نەچێت. مانا و چەمك و دەربڕینەكان لە پاراگراف و دێڕەكاندا دووبارە نەبنەوە.

ئەو وتارە سەنگین و كاریگەرە، نووسەر وشەی (من) لە نووسینەكەیدا بەكار نەهێنێت. یانیش خۆی لە دەربڕینی وەك: “دەمەوێ بنووسم” یان “ویستم” زانیم” بەڕای من” هتد… نووسینەكە بەناوی نووسەرە، ئیدی پێویست ناكات ئەوەندە لەناو دێڕەكاندا بوونی خۆی دووپات بكاتەوە.

نووسین پێویستە دەروازە و ناوەڕۆك و كۆتایی هەبێت. باشترە نووسین و دەق ناوی هەبێت. ناونیشانی وتار درێژ نەبێ یانیش وەك پرسیار نەبێت. ئەگەر هاتوو نووسەر لەدۆخێكی دەروونیی نالەبار بوو، یان زانیاریی باشی نەبوو، باشترە هیچ نەنووسێت و خۆی ماندوو نەكات. با لێگەڕێ قەڵەمەكەی پشوو بدات.

ڕەچاوكردنی ئەو بنەما سادانە وادەكات نووسینەكان جوانتر و پاراوتر بن و باشتر ئامانج بپێكن. لەدوای ئەوە بەردەوامبوون لە نووسین و ئەزموون، ڕێگە بۆ نووسینی بەهێز و جواننووسی خۆش دەكەن. لەتەك ئەوەشدا دەبێ نووسەر لە خوێندنەوە دانەبڕێت و بەردەوام بەدوای زانیاری و سەرچاوەی نوێ بێت. خوێندنەوەی بەردەوام خۆراكە بۆ نووسینی بەردەوام. ئەو نووسەرانە سەركەوتوون و هەردەم دەقی بەهێز پێشكەشی خوێنەرانیان دەكەن كە توانیبێتیان بەشێكی كاتی ڕۆژانەیان بۆ خوێندنەوە و فێربوون تەرخان كردبێت.

ھەواڵی زیاتر