با ئەقڵمان بە برسێتی بەجێ نەهێڵیندڵگەرمیمان لەدەست نەدەین

گوهدار شكری ئاكرەیی

لە هەر شوێنکی جیهاندا بیت و لە هەر ئاست و پله و پایەیەکدا، مادام بوونت هەیە و هەناسە دەدەیت لە هەر تەمەن و پیشە و کارێکدا بیت کێشە و گرفتی خۆی هەیە؛ چونکە ژیان وەستاو نیە و لە گۆڕاندایە. بۆ ئەمەش لە دەستپێکی ژیانەوە تاکە شتێک پەناو و سەرمایەی مرۆڤ بووە تا ئەم چرکەساتەی ئێستای ئێمە کە تێیدا ژیان بەسەر دەبەین و بەردەوامە لە خزمەت مرۆڤایەتیدا، گەورەترین خزمەتی بە مرۆڤایەتی بەخشیوە و فریای مرۆڤ کەوتووە لە چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر بارودۆخێکی نەخوازراو هاوکاری مرۆڤ بووە بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی ژیان و مانەوەیان، ئەمیش خودی مێشک (ئەقڵ)ـی مرۆڤە. کەواتە ئەقڵ نیعمەتێکی گەورەیە بۆ مرۆڤ نابێ بەهیچ جۆرێک بە برسێتی بەجێی بهێڵین، لەبەر ئەوەی ئەقلی برسی ناتوانێت بە دروستی بیر بکاتەوە؛ بیرکردنەوەی دروست ئەقڵی تێری پێویستە. بەهای هەر شتێک لە هەبوونیدا نیە بەڵکو لە سوودەکەیەتی و لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی؛ ئەوەتا بە چاوی خۆمان دەبینین شێوازی بیرکردنەوە لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت، کە بۆ چۆنیەتیی تێرکردن و برسێتی ئەقڵ دەگەڕێتەوە لە زانیاری و شارەزایی پێویست بۆ گەشەکردنی ئەم ئەقڵە. کەواتە مێشکی هەریەک لە ئێمە بەرپرسیاری سەرەکیی چۆنیەتیی خۆگونجاندنی لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیەتی و، کار و کاردانەوەکانی شێواز و چۆنیەتیی بیرکردنەوەی تاکەکەیە. جا بۆ گەشەکردن و بەتواناکردنی بیرکردنەوەی ئەم ئەقڵەمان بۆ ئەوەی کەسێکی لێهاتووی توانا و بەئاگا بین و، بیرکردنەوەکانمان کۆنترۆڵ بکەین خۆمان ڕزگار بکەین لە هەندێ کێشە و گرفت کە بە درێژایی ژیان پێمانەوە بلکێ، زۆر پێویستە مێشکمان بە برسێتی بەجێ نەهێڵین کە بە هۆی ئەوەوە هەموو کێشەکانی دنیا چارەسەر دەبن، پێویستە بە بەردەوام زانستی پێ بدەین، لە هەمان کاتدا خۆراکی ژەهراویی پێ نەدەین؛ مەبەستمان لە خۆراکی ژەهراوی ئەوەیە شتەکان لەسەر بنەمای زانستی بن دوور بن لە خورافات؛ چونکە هەندێ لە بیرکردنەوەی نادروست بۆ مێشکی مرۆڤ بە گشتی خۆراکی ژەهراویە؛ مەرجە هەموو مرۆڤێک درک بە خۆراکە ژەهراویەکان بکات بەر لەوەی کێشە و گرفتەکان بەرەو مەترسیمان ببەن، ژیانمان، کاتمان بەهەدەر ببات. بۆ ئەمەش پێویستە هەر تاکێک بە چاکی بیر بکاتەوە؛ دڵنیا بێ لەو زانیاریانەی بە مێشکی خۆی دەدات، زۆر دروست و ئەرێنی و لەسەر بنەمای زانستی بن، هەروەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ داوە؛ چونکە هەر بیرکردنەوەیەک داهاتوویەکی هەیە و ئەنجامەکەی وەک بیرکردنەوەکەی خۆی دەبێت. بۆیە بە بەردەوام شارەزای و زانستی دروست لەو کەسانەی خاوەن شارەزان لە بوارە جیاجیاکانی ژیان وەربگرین و، پرسیار و ڕاوێژیان پێ بکرێت؛ چونکە زۆر جار بە کاریگەریی کەسانی پر لە زانستەوە فێری چۆنیەتیی سوودوەرگرتن و بیرکردنەوە دەبین، کاریگەری خۆی دەنوێنێ لە سایەیدا دڵگەرمیمان لەدەست نەدەین.