شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

دەبێت پرەنسیپی شەراكەت کۆکەرەوەی نێوانمان بێت

فازڵ میرانی

بەشی چوارەم و كۆتایی

بەرپرسیاریەتیی ئێمەی پارتی بەپێی مێژوو و جوگرافیا زۆرترە، بەڵام من دەڵێم من و تۆ شەریکین، من حەفتا ل سەدم ھەیە، ئەتۆ سی لە سەدت ھەیە، سوودی ئەم هاوبەشییە حەفتا لە سەدی هی منە، سی لە سەدی هی تۆیە، بەڵام ناکرێ بڵێم وەڵڵا پەنجا لە سەد ئەتۆ بەرپرس بە، پەنجا لە سەد من بەرپرس دەبم. ئەمە سووكایەتییە بە مێژوو و جوگرافیای خۆم. باشە، بۆ من نابێت لە مافەکە، لە فایدەکە، بڵێم: کاکە چل بۆ تۆ بێت ئەوی دی بۆ من بێت، بەڵام بەرپرسیارەتییەکە ناکرێ من قبووڵ بکەم بڵێم نەخێر، من دەڵێم حەفتا لەسەد من بەرپرسم ، ئامادەشم من و تۆ ڕێکبکەوین بۆ ئەوەی ئەم شەراکەتە بەردەوام بێت؛ من لە بەرپرسیاریەتیدا یارمەتیی توش دەدەم؛ ئەمە بەرپرسیارەتیی پارتییە، ئەمە ئەركی پارتییە. ئەم ئەركەی بەباشی ئەدا کردووە و ھەتا ئیستاش بەردەوامە. پەیامی سەرۆک بارزانی لە دەڤەری بارزان ئەوە بووە.

ئێستا جاری وا ھەیە گلەیی لە ئێمە دەکەن. لە پۆلیس دەکرێ، لە ئاساییش دەکرێ، لە مروور دەكرێت. ئەمە بەتایبەت كە كەسێك لە ئەورووپا دێتەوە، دەڵێت: کاکە ئەمە شێواز نییە! بیر لەوە ناکاتەوە ئێمە لەگەڵ سویسرا دراوسێ نین، ئێمە لەگەڵ سوید دراوسێ نین، دراوسێكانی ئێمە ئێران و سوریا و تورکیا و عێراقن، ئەمانە لەوان فێربووین، بەڵام دەبێت خۆمان بزانین ئەوەی لەوان فێربووینە کامەی لەگەڵ سەردەم دەگونجێ، کامەشی ناگونجێ، ئەوەی ناگونجێ وازی لێ بینین، ئەوەی دەگونجێ پەرەی پێ بدەین.
هەروەها ئەتۆ پشتیوانیی من دەكەیت، هەمیشە ئەمن و تو پێکەوەین، دەبێت ئەم پرەنسیپی شەراكەتە کۆکەرەوەی نێوانی ئێمە بێت، بەبێ تۆ دەستكەوتم دەبێت، بەڵام پێکەوە بین باشترە، نەک بەتەنیا بم. ئەم بانگەوازەی سەرۆک بارزانی لە بارزان ئەوە بووە، پێم بڵێ کێ بە پیریەوە ھاتەوە، بەقسە نا، بە كردار.. فەرموو با من و تۆ لەسەر مێز دابنیشین ، کامە باشە لەسەری ڕێكبكەوین، بڵێ پارتی ئەتۆ ئەمەت گوتووە، فەرموو وەرە ئەركی ئێمە دیاری بکە، بەڵام مافەکانی ئێمەیش بدە؛ چونکە نە ئەرکی بەبێ ماف ھەیە نە مافی بەبێ ئەرک ھەیە. ھەتا ئەگەر یەکێک کەم یان زۆر لەویتر زیاتر بێت ، بەڵام بەبێ یەکتر بەردەوامیی نییە. من ئەتوانم دوو مانگ بە خۆڕایی بۆ تۆ كار بکەم، بەڵام مانگی سێیەم دەبێتە فشە. “دونیا بدا بگیرە”.. دەزانی تۆ ئەتوانی دوو مانگ، سێ مانگ یارمەتیم بدەی، بەڵام دەبێ ھەر ئیشێکت بۆ بکەم. لەم وڵاتەش مافمان ھەیە کە تێدا دەژین بەرگری لێ دەکەین، بەس ئەرکی ئەم وڵاتەش بەسەر ئێمەوەیە.
ئەگەر ئەم فیدراڵییە نەبوو، ئەم حیزبانە چ قیمەتیان ھەیە؟ بە ئیستلاحی تورکەکان “قیمەت سزە” بەبێ ئەم کوردستانە خۆمان بینیووە، بە کوردستانیشەوە خۆمان دیووە، بە کوردستانەوە سەربەرز و بەشكۆین. خەڵکێک حەسوودی بەم ئەزموونەی ئێمە دەبات، بەبێ كوردستان هیچمان نەبوو، ئێستا لە كوردستان فڕۆکە و فڕۆكەخانەمان ھەیە. ئێستا پاسپۆرتی دیبلۆماسیمان ھەیە. ئیستا فەرشی سوور بۆ سەرکردەکانی ئێمە ڕادەخرێت. ئێمە لە کوێی و ئەوان لەکوێ؟ دەبا ئەم ئەزموونە بپارێزین، دەبا ئەمەمان لەبەر چاوبێت.
لەبارەی هەڵبژاردن و هەڵنەبژاردن، بژاردەیەک ھەیە لەلای من لە ھەردووکی گرنگترە، ھەموومان پێکەوە یەک بژاردەمان ھەبێت، چ ئەمە بکەین چ ئەمە نەکەین. ئەمە بکەین چۆن پێکەوە بکەین. بەڵام ھەموومان لەسەر یەک بژاردە ڕێک بکەوین، ساڵی پار دەبوو هەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان بکرایە، چونکە یەک بژاردەمان نەبوو نەکرا! کە نەکرا کێ زەرەری کرد؟ نەك هەر ئەو لایەنە زەرەری کرد کە دەیویست هەڵبژاردن بکات، بەڵكوو ئەوەی نەیویست هەڵبژاردن بکات، ئەویش زەرەری کرد. چونکە وڵاتەکە کەوتووەتە بۆشایی دەستووری، ھەر ئەوەندە سەرۆکی ھەرێممان ماوە. ئینجا گرفتی ئێمە ئەوەیە کە براکەی زەرەر ئەکات پێی ئاسوودە دەبێت! هەست بەوە ناکات کە ئەویش زەرەری کردووە. بەڵام لە كۆتاییدا هەستی پێ دەكات. یەکێک لە گرفتەكانمان دەبێت لەسەر بژاردەیەك ڕێک بکەوین، ئەگەر نا ئێمە تا لە عیراقین مەحکوومین بە دەستووری عیراقی، بەڵام نەک بە شێوەیەکی ئینتیقائی، نەک بە زۆرینە، چونکە هەر زۆرینەیەك لە ناو پێکھاتەیەكی فرەپێکھاتەیی ئەگەر مافی پێکھاتەکانی تر زامن نەکات، دەبێتە زۆرینەی خۆی و بەس. زۆرینەی ئەویتر نییە. ئێستا برا شیعەکانمان زۆرینەن، بەبێ سەرژمێری، چونكە تا ئێستا سەرژمێری نەکراوە. ئێمە نازانین زۆرینەن، یان نا، بەڵام چەندە زۆرینەن، نازانین.
ئەو زۆرینەییە ئەگەر مافی منی کورد، مافی سوننە، مافی تورکمان مافی ئاشووری، مافی کلدان، مافی ئەرمەن، دابین نەکات، زۆرینەی خۆیەتی، هی نییە. من بە بڕیاری زۆرینەی ھەموو کەس پابەند نابم، مەگەر ناچار نەكرێم.
نموونەیەكت بۆ دێنم لە کاتی ڕیفراندۆمدا عەبادی، سەلیم جبوری (ناو دەهێنم بۆ نموونە تۆ ئەگەر شتێکت گوت حەقە بەڵگەت ھەبێت، بۆ ئەوەی قسەکەی تۆ پێگەیەکی ھەبێت، بۆ ئەوەی خەڵک گوێی لێ بگرێت،) ھەموو سوڵتەی تەشریعی دا بەکێ؟ دای بە سەرۆك وەزیران وەك ئەوەی پەرلەمان نەبێت! ھەتا ئابلووقەی ئابوورییان لەسەر ھەرێم دانا، یەک پەرلەمانتاری عەرەب ڕەعدول دەهلەكی، ھەستا لە پەرلەمان دژی ئەمە بوو، گوتی: ئەو میللەتە کێن؟ عێراقین، کوردن قەینا، بەڵام ئەمە نابێت. لەبەر ئەوە ئەم سوڵتەی تەنفیزی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هێزە چەكدارەكان ھەر فەرمانێك دەربێنێ دەبێ تەنفیزكردنی لەسەر بنەمای سوڵتەی تەشریعی بێت، بەس ئیعلانی جەنگ نەبێ. فڵان مەقەری پارتی لە کەرکووک بتەقێندرێتەوە، کێی تێدایە؟ قیادەی عەمەلیاتی کەرکووک مەحکەمەی ئیتحادی، قەرارێکی دەرھێنا، تەبیعی دادگەی فیدرالی حەقیقی نییە.