پ.د.نەزاکەت حسێن
ڕاگەیاندن زانستە، وەک هەر زانستێکی تر تیۆر و مۆدیلی پەیڕەوکراو و تاقیکراوەی خۆی هەبوە لە مێژوودا. ئەگەرسەرەتاکان هونەریش بووبێت ومرۆڤەکان بۆ ئاگادارکردنەوەی یەکتر هەندێک ئاماژە یان جۆرێک هونەریان بەکارهێنا بێت، دواتر بووەتە زانست و ئەو هونەرە ئەزموون کراوە بەکارهاتووانەش بونەتە بنەما بۆ ئەو زانستە. لە ڕووی تیۆرەوە لە مێژووی سەرهەڵدانیەوە وەک ئامڕاز لە ڕۆژنامەوە تا ئەمڕۆ ڕاگەیاندن بە گشتی ٤ تیۆری سەرەکی پەیڕەو کردوە ئەوانیش (تیۆری دەسەڵات، تیۆری کۆمۆنیستی سۆڤییەتی، تیۆری لیبراڵی، تیۆری بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵایەتی). ڕاگەیاندن هەبووە پەیڕەوی یەکێک لەم تیۆرانەی کردووە،هەبووە تێکەڵی دوو تیۆر یان زیاتر لەتیۆرێکیانی کردووە، بە پێی ئامانج وسروشتی کارکردنی خۆی. لە ڕووی خاوەندارییەتیشەوە ٣ مۆدیلی سەرەکیی پەیڕەوکراو هەیە لە لەسەرهەڵدانی ڕۆژنامەوە تا ئێستە، ئەوانیش (مۆدیلی خاوەندارییەتیی حکوومی،مۆدیلی خاوەندارییەتیی خەڵک و هاووڵاتی، مۆدیلی خاوەنداریەتیی بازرگانی) ڕەنگە لەژێر هەریەکە لەم تیۆر یان مۆدیلانەش ژێر تیۆری تر یان ژێر مۆدیلی تر سەری هەڵدابێت. بەڵام وەک سەرچاوەکان ئەم تیۆرو مۆدیلانە بەسەرەکی ناسێنراون و دەخوێنرێن و پسپۆڕان لەسەری کۆکن. بەهەمان شێوە بۆ ئەو ٣ مۆدیلە خاوەنداریەتییەش هەندێ ڕاگەیاندن یەک جۆر خاوەندارییەتیان هەبووە،هەندێک ڕاگەیاندنیش هەبوە خاوەنداریەتیی تێکەڵی نێوان دووان یان هەرسێ مۆدیلەکە هەبووە، واتە دەکرێت ڕاگەیاندنێک بەتەواوەتی خاوەندارییەتی بازرگانی، یان خاوەندارییەتی خەڵک یان خاوەندارییەتی حکوومی هەبێت، لەهەمان کات دەتوانێت و ئەزموونیش کراوە کە بازرگانی و خەڵک یان بازرگانی حکومی هەبووبێت لەیەک کاتدا. لە ڕووی خاوەنداریەتیی بەتایبەتی خاوەنداریەتیی حکوومی یان حیزب زۆرجار، بەهۆی گۆڕانی بارودۆخی سیاسی و سیستەمی حوکمڕانیی وڵات ڕاگواستن ڕوو دەدات لە خاوەندارییەتی یان پەیڕەوی تیۆرێک لەتیۆرەکانی ڕاگەیاندن. بۆ نموونە کاتێک وڵاتێک سیستەمی حوکمڕانییەکەی دەگۆڕێت یان لەحکوومەتێکی دیکتاتۆری دەگۆڕێت بۆدیموکراسی، ئۆتۆماتیکی سیستمی ڕاگەیاندنەکەشی گۆڕانی بەسەردا دێت، چونکە ڕاگەیاندن دەرهاویشلتەی یاخوود پابەندی سیستەمە حوکمڕانیەکەیە. لەم کاتەدا لە ڕاگەیاندنێکی حکوومی یان ڕاگەیاندنی دەسەڵات ئیتر دەسەڵاتەکە ئاینی بووبێت وەک کۆن کە ڕاگەیاندن بەدەست کەنیسەوە بووە، یان دەسەڵاتی پادشاکان، یان دەسەڵاتی حکوومەتەکان، مۆدیلەکەی گۆڕاوە بەرەو |ڕاگەیاندێکی ئازاد یان بۆ مێدیای خەڵک. لەو وڵاتانەی بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستەوخۆ ئاسان نەبووە ڕاگەیاندن لە دەست حکوومەت یان حیزب بگوێزرێتەوە بۆ دەستی خەڵک؛ بۆیە، جۆرێک لە ڕاگەیاندن کە بە ڕاگەیاندنی سێبەر ناودەبرێت گەشەی کرد، ناڵێین سەری هەڵدا؛ چونکە بە ڕێژەیەک ڕ اگەیاندنی سێبەر لە مێژوودا هەبووە لای دەسەڵاتە ئۆپۆزۆسیۆنەکان یان حکوو مەتەکان کەویستبێتیان ڕاگەیاندنێکیان هەبووبێت کە بە زمانحاڵی ئەوان نەناسراێت. بەڵام بە گۆڕانی سیستەمی حوکمڕانیی لە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست حکوومەت و حیزبەکان بۆ ئەوەی ڕاگەیاندن بەتەواوەتی لە دەستیان نەڕوات وکێبڕکێی ڕاگەیاندنە سەربەخۆ و کەرتە تایبەت و ئۆپۆزۆسیۆنەکانی پێ بکەن، دەستیان بە کردنەوەو پشتگیریی هەندێک ڕاگەیاندنی سێبەر کرد کە لە ڕوودا وەک سەربەخۆ خۆی پیشان بدات و لە پشتەوە باکگراوندێکی سیاسی هەبێت و بەشاراوەیی ئیش بۆ سیاسەتەکانی ئەو بکات. بە هاتنی سۆشیاڵ مێدیا کە زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت بە شاراوەیی و بە سێبەر ڕاگەیاندنی خوێنراو و بیستراو بینراوت هەبێت ولە لایەکی تریشەوە گەشەی پیشەسازی و زۆربوونی کاڵا و بەرهەمە پیشەسازییەکان لە بازاڕدا، کە پێویستان بە ڕیکلام و ناساندنە لەدەزگا ڕ اگەیاندنەکان و سەرچاوە و پشتگیریی دارایی بۆ ڕاگەیاندن فراوان بوو، ڕاگەیاندنی سێبەر زیاتر
گەشەی کرد. باسەکەی من لەسەر هەرێمی کوردستانە وناچمە ناو قوڵایی ڕاگەیاندنی سێبەر. لەهەرێمی کوردستان تاسەردەمی شاخ بوو یەک دوو ڕ ادیۆ وڕۆژنامەمان هەبوو زمانحاڵی شۆڕش بوون بە ڕاستیش شۆڕشێکی ڕاستەقینەیان بۆمان کرد، لە دوای ڕاپەرین تا دەیەی یەکەمی سەردەمی حوکمڕانیی کوردی لە هەرێمی کوردستان، مۆدیلی میدیای حیزبی باڵی کێشابوو بە سەر وڵاتدا. دواتر وردە وردە مێدیای سێبەر بەناوی مێدیای سەربەخۆ سەرەتا بە ڕۆژنامە دواتریش وردە وردە بە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن سەری هەڵدا. ئەم جۆرە لە ڕاگەیاندن گەشەی کرد بە هۆی هەبوونی پشتیوانیی دەرەکی بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆ لە لایەن هەندێک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، دواتریش گەشەی ئابووری و دەستکەوتنی ڕیکلام وای کرد ئەمجۆرە لە ڕاگەیاندن کە بە سێبەر کاریان دەکرد گەشە بکات.ڕاگەیاندنی حیزبی زۆرجار، نەیدەتوانی کێبڕکێی ئەو جۆرە لە ڕاگەیاندن بکات، لە ڕووی هەبوونی جۆرێک لە ئازادی و دەستکراوەیی. دواتریش کە ئۆپۆزسلیۆن سەری هەڵدا وململانێ سیاسیەکان توندبوونەوە گەشەی زیاتر بەمجۆرە لە ڕاگەیاندن هەبوو. لە لایەک لە لایەن پارتە ئۆپۆزۆسیۆنەکان لە لایەکی تریشەوە حیزبەکانی دەسەڵات بۆ مانەوەی ڕاگەیاندن لە دەستی خۆیان هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنیان دوور لە ناوی حیزب کردەوە، تا گەشتووەتە ئەوەی ئەمڕۆ خەریکە ڕاگەیاندنی سێبەر قووتمان دەدات و بە پشتگیری قەبە و تەکنیکی پێشکەوتوو. ئەمە ڕ ەنگە لە ڕووی ئازادی ڕادەربرین و هەبوونی دەنگی سەربەخۆوە سوودی هەبێت بۆمان و پێویست بێت هەندێک ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و سێبەر لە وڵاتدا هەبێت. بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ئێمە مێدیای نیشتمانی و زمانحاڵی حکوومەتمان زۆر کەمە، لەو لاشەوە ڕاگەیاندنی حیزبی کە تا ڕادەیەک بەرپرسیارانە مامەڵە دەکات، بە هۆی ئەوەی حیزبە و دیارە و لە پێگەی خۆی دەترسێت وردە وردە لاواز دەبێت و کۆچ دەکات بەرەو ڕاگەیانندی سێبەر. لە هەمان کاتدا، ئێمە هێشتا ڕاگەیاندنمان بە یاسایەکی گشتگیری پێویست ڕێک نەخستوە، ململانێی توندی سیاسیش هەیە لەوڵێتدا لە نێوان حیزبەکاندا. ئەگەر بەم نەفەسە بەم یاسا دیسپلین نەکراوە ئاوا هەموومان بچینە ناو ڕاگەیاندنی سێبەر، لەوێوە پەیام بۆیەکتر بنێرین و جنێو بەیەکتر بدەین و کەسیشمان خۆمان بە خاوەنی ئەو ڕاگەیاندنە سێبەرانە نەکەین،هەرگیز کۆمەڵگەیەکی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی بەدەست نایەت. جگە لەوەش، سەرمایەو بودجەیەکی زەبەلاحی ئەم وڵاتە دەڕوات بۆ ئەو ڕاگەیاندنانە؛ بەدڵنیاییەوە ڕاگەیاندنی سێبەر ئەوەندە خزمەتی ململانێ دەکات ئەوەندە خزمەتی نەتەوەو پرسی کوردو هاووڵاتی ناکات.