کورد و فەلەستین


شێرکۆ حەبیب
کورد لە دێر زەمانەوە هەڵوێستی بەرامبەر بە فەلەستین ئیجابی بووە و لەو سەردەمانەی دەسەڵاتی عێراقی لە چلەکان و شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەشداریی لە جەنگی دژ بەئیسرائیل کردووە زۆرێک لەسەربازەکانی کورد بوون و لەوێ گیانیان لەدەست داوە. تەنانەت گۆڕی زۆرێک لەوانەی گیانی خۆیان لە دەستدا لە زۆربەی شارەکانی فەلەستین بەخاک سپێردراون.
ساڵی ١٩٧٣ بارزانی نەمر پشتیوانیی خۆی بۆ حکوومەتی عێراقی دەربڕی کە لەو کاتە هیچ جموجۆڵێک بەرامبەر سوپای عێراق لە کوردستانەوە نەکرێت کە سوپای عێراق بەرەو فەلەستین بەڕێ کەوت، ئەمە لە لایەک لە لایەکی دیکەوە زۆرینەی میللەتی کورد مسوڵمانن بەڵکو ئیماندارن بەپێچەوانەی سەرجەم میللەتانی ناوچە کە سوودیان لە ئاین وەرگرتووە بۆ مەرامی نەتەوەیی و نیشتمانی تەنیا کورد نەتەوە و نیشتمانی کردە قوربانی ئاینەکەی، هەر چەندە زۆربەی کورد لە مانای ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز تێ ناگەن بەڵکو تەنیا هەندێ ئایەتی لەبەر کردووە کە لە کاتی نوێژ دەیخوێنێ.
بابەتی فەلەستین لای کورد لە ڕووی ئاینەوە بایەخی پێدراوە کەوا شوێنکی پیرۆزە بەتایبەتی شاری قودس کە یەکەم قیبلەی موسڵمانان بووە، هەر چەندە ئەو شارە لای هەر سێ ئاینەکانی ئیسلام و کریستیان و جووش پیرۆزە، بەڵام لای کورد لە هەموویان پیرۆزترە.
چونکە کورد خۆی میللەتێکی زوڵم لێکراوە بۆیە هەست بەزوڵمی میللەتانی دیکە دەکات، بەڵام نابێت لەسەر حسابی زوڵمی کورد بێت و ئەو زوڵمەی لە کورد کراوە و ئەوانەی هاوکار و پشتیوانی ئەو زوڵمە بوون لە یادیان بکەین.
ئەمڕۆش دەبینین کە هەندێ لایەنی کوردستانی ئەوەندە بە پەرۆشن بۆ کەرتی غەزە ئەوەندە بە پەرۆش نییە بۆ شارەکانی کوردستان، خۆ دەڵێن خۆشەویستی وڵات لە ئیمانەوەیە. ئەی ناڵێن (حب الوطن من آلایمان)، لام سەیرە بەرگری لە مافی وڵاتەکەی خۆت نەکەی بەرگری لە وڵاتێکی دیکە بکەی، سەرەڕای ئەوەی هەندێ لە فەلەستینییەکان هاوکاری ڕژێمی پێشووی عێراق بوون دژی کورد و تا ئەمڕۆش دروشمی ئەو کات دەڵێنەوە و تاکە باڵوێز دژی گشتپرسیی کوردستان بوو باڵوێزی فەلەستینی بوو لە بەغدا، بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێ ئەوەش بڵێین هەندێکیان دژایەتی کوردیان نەکرد و بەپێچەوانەوە هاوکاری کورد بوون.
جێ بەجێ نەکردنی بڕگەکانی دەستوور و دابین نەکردنی بژێوی هاووڵاتیانی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتی بەغدا ئایا دژی بنەماکانی ئاین و مافی مرۆڤ نییە؟ ئایا ئەوە پێویست ناکات بەرگری لێ بکرێت؟ کورد دەڵێ (تا ماڵ پێ بوێت لە مزگەوت حەرامە) ئایا دژایەتیکردنی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە دژی هەموو بەهاکان نییە کە پێنچ هەزار هاووڵاتی سیڤیل شەهید بوون.
ئەمڕۆ ئەو مزایەدەی ناوێت بەناوی دین بەهاووڵاتیانی بفرۆشن فەرموون ئەوە ڕێگای غەزە و قودس دیارە کەس ڕێگەی لێ نەگرتوون، بەڵام بە خەڵکی هەژاری مەفرۆشنەوە و ئێستاش خەڵکی غەزە بەشان و باڵێ سەددامدا هەڵدەدەن ئەو سەددامەی ئەو تاوانانەی دژ بە کورد ئەنجام دا.

ڕەحمەت لە گۆڕت نووری سەعید
دەڵێن لە سەردەمی پادشایەتی لە عێراق هەموو ڕۆژ خۆپیشاندان ساز دەکرا و کەسانێک داوای ئەوەیان دەکرد حکوومەت ڕێگەیان پێبدات بچن قودس و ڕزگار بکەن، ئەم خۆپیشاندانە چەند هەفتەی خایاند، کاتێک نووری سەعید، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق چوو بۆ گۆرەپانی الوثبة لە بەغدا لەوێ لە وتارێکدا گوتی: ڕۆژی هەینی پاس دابین دەکەین و دێت دەتان بات بۆ قودس بۆ ئەوەی ڕزگاری بکەن، بەڵام بەمەرجێک ئەوەی بگەڕێتەوە پێش ئەوەی قودس ڕزگار بکرێت لە سێدارەی دەدەین. دەڵێن تا ئەمڕۆش گۆڕەپانی الوثبة خۆپیشاندانی بەخۆوە نەبینیوە!