ھۆكاری ناسە‌قامگیری سیاسی و ئە‌منی و كۆمە‌ڵایە‌تی ڕۆژھە‌ڵاتی ناوین

سەگڤان هەلۆ

وژهەڵاتی ناوەڕاست هەروەک بە ناوچەی ئاژاوە و فەوزای سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی ناوبانگی دەرکردووە، بە درێژایی قۆناغەکان ناوچەیێک بووە جێگەی ململانێی دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان بووە و دەوڵەتە دەستکردەکانیان شەڕی بە وەکالەت دەکەن لە خزمەت ئەجندای سیاسی زلهێزەکان.
گەل و نەتەوەکانی ناوچەکەش هەمیشە باجی قورسیان داوە و بوونەتە قوربانی ململانێکان تاکو ئێستا. شایانی باسە و دەبێ بپرسین هۆکاری کۆتایی نەهاتنی ململانێکان بە مەبەستی سەپاندنی هەیمەنە و هەژموون چیە؟
لە وەڵامدا پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان لە ناوچەکەدا هاوتەریبی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانییانە، چونکە ڕوژهەڵاتی ناڤین شوێنێکی دەوڵەمەندە بە سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی و بە پێی تیۆریە سیاسیەکان هەر لایەنێک زاڵ بێت بەسەر لایەکەی تردا دەتوانێت ببێتە لایەنی بێ ڕکابەر لە جیهاندا وەک تاکە جەمسەری خاوەن هەژموون
دەستەڵاتی خوی دەسەپێنێت.

هەڕەشە و مەترسیەکان لەسەر بەرژەوەندیەکانی ڕوژئاوا و ئاسایشی نەتەوەییان بەشێکی هەرە زۆری پەیوەستە بەو ململانێییەی کە هەر لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە و کوتایی نەهاتووە.
ڕەتکردنەوەی کولتوری دیموکراسی و زاڵبوونی دیکتاتۆریزم لە ناوچەکەدا هزری توندڕەوی لێ بەرهەم هاتووە جا چ توندڕەوی ئایینی بێت یان عیلمانی.
ئەمەش لایەنێکی تری بوونی ئەو فەوزاو ئاژاوەیەیە کە بەرۆکی وڵاتانی ناوچەکەی گرتووتەوە و ڕزگار بوون لەم دۆخە ناسەقامگیریەی ئەستەم کردووە.
دیکتاتۆریەت لە کوێدا دەسەلاتی هەبێت لەوێدا کوشتنی گیانی دیموکراسی و ڕووبەڕوو بوونەوەی بنەماکانی دەبێتە پێوەری سەرەکی سیاسەتی ڕژیمە تاکڕەوەکان بۆ مانەوەی خویان هەموو ڕێگایەک دەگرنە بەر. چونکە مەترسی هەرە مەزن لە سەر تاج و تەختی ڕژیمە دیکتاتۆرەکان کولتوری دیموکراسیە .

کورد وەکو نەتەوەیێک لەم ناوچەیەدا سەدان ساڵە بە دەست دیکتاتۆریەت و هزری ڕەگەزپەرستیەوە دەناڵێنێت و هەموو مافێکی نەتەوەیی ڕەوایان لێ حەرام کردووە تاکو ئێستا. ئەم نەتەوە شەست ملیۆنییە وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت بە دەست بیری سیاسی دەوڵەتە سەردەستەکانی ناوچەکەوە دەناڵێنێ و هەوڵی لە نێو بردنی دەدرێت.

ئەوەی کە ئەمڕوش لە نێو مەیدانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات شتێکی نامۆ نییە، بەڵکو زادەی هزرێکی سیاسی توند ئاژووی ئایینی و عیلمانیە و تاکو کولتوری دیموکراسیش زاڵ نەبێت لەم دەڤەرەدا قەیران و
ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتیش بەردەوام دە‌بێت و كۆتیی نایە‌ت.