بانگە‌وازی فریودان لە‌ بڵندگۆی بە‌غداوە‌

پاڤین ڕەمەزان

کورد وەک نەتەوەی دووەم لە چوارچێوەی عێراقدا، بە زۆر هەوراز و سەختیدا تێپەڕیووە. ساڵانێکی درێژ و تاقەتپڕوکێنی لە ئاڵنگاری و گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیش بینیووە. ئەوەی ئێستاش ڕوودەدات نە تازەیە و نە لەو ئاڵنگارییە مێژوویانەی ساڵانی پێشتری ئەستەمترە. وەلێ بڵندگۆی هەندێک لایەن لە بڵندگۆی بەغداوە لە ئاوازێک دەخوێنن کە تەواو خەڵکی
بێ مووچە و بێ مافی کوردستانی وەڕەزتر کردووە.

سیاسەتی نیشتیمانی

ڕەنگە، بۆ هەر ئاستەنگێک لە هەر قۆناغێکدا چەندین چارە هەبێت، بەڵام ئەو چارەیەی یەکجارییە حەتمەن قوربانی زیاتری دەوێ و خۆڕاگری و پشوو درێژی زیاتری دەوێ. بەڵام ئەو چارەیەی کە بە دڵی لایەنی بەهێزە و تیایدا وەک لاواز مامەڵە لەگەڵ بەرامبەر دەکرێت، چارەیەکی زۆر نابەجێ و ناچارانەیە و داد نادات. لە بەرامبەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هێز و لەمپەری گەورە هەیە لە ناوخۆی عێراق و لە دەرەوەی عێراقیش. ستراتیژ و سیاسەتی نیشتیمانی درێژخایەن پێویستە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن و بەدەست بهێنرێن. ڕەنگە ڕێگا سەختەکەش بێت، بەڵام بەدەستهێنانی بەو ڕێگایە یەکجارییە.

هەڵپەی فریودان

هەموو کاتێک ئەو مۆدێلە سیاسیەی لە سایەی فرە حزبی و فرە دەنگ و ڕەنگییەوە دروست دەبێت، مۆدێلێکی جوان نییە. بە تایبەت بۆ دۆخی میللەتێکی بێ ماف و چەوساوە. کە هێشتا لێی ڕوون نییە چارەنووسی چۆنە لەگەڵ قەدەری خۆیدا لە شەڕدایە. چونکە لە سایەی ئەم مۆدێلە سیاسییەوە، هەڵمەتی نابەجێ بە گەڕ دەخرێ لە ئان و ساتی ئاستەنگەکان. لە سایەی ئەم مۆدێلەوە دابەشبوونێک دروست دەبێت وەک ئەوەی ئێستا هەیە. کورد کە کەمینەی مسۆگەرە لە پەرلەمانە دڵڕەقەکەی بەغدا، دابەشبوونی دەنگ و ڕەنگی کورد لەو بەغدا کامە خزمەتە بە بەرژەوەندی گشتی؟ ئەو هەڵمەتە نابەجێیەی لە بەغداوە کاری لەسەر دەکرێت بەناوی دەستەبەر کردنی مووچەی فەرمانبەران کامەی زەمانەتی ئەوەی تێدایە دەبێتە چارەی ڕیشەیی بۆ کێشەی مووچەی فەرمانبەران و داخوازییەکانی کورد لە بودجەی عێراق؟ ئەو هەموو بڵندگۆیە خراوەتە گەڕ و مێشکی ماندووی ئەو خەڵکەی پێ دەهێشێنن لە بەرامبەر مافێک کە خۆڕسک و سرووشتییە ئەگەر هەڵپەی فریودان و موزایەدە نەبێت كەی دەستکەوتیشە؟

کێشە ڕیشەییەکانی کورد

ئەوەی ئێستە لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی-عێراقیدا دەگوزەرێت، ئەو هەم و بەیت و بالۆرەیە جگە لە فێڵ و تەڵەکەبازی نە بەرهەمی دەبێت و نە چارەی گیرفانی خەڵکە. خۆ ئەگەر ئەوان ئەوەندە بلیمەت و زانان بۆ چارەکردنی کێشەکان، کەوایە بۆ تا ئێستا لە بەرامبەر کێشەی کوردانی ناوچە دابڕێنراوەکان کەمپین و هەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوە بە زۆر دەزانن؟ بۆچی بۆ شەهیدانی کەرکووک دەیان ئیمزا کۆ ناکەنەوە و دادگایی بکوژ و تەقەکەرانی سەر ڕۆڵەی کوردیان پێ ناکرێت؟ لێرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە ئەو لایەنانە بە فیتی کێ کەمپین و هەڵمەت ڕێکدەخەن و لە پێناوی چیدا دەیکەن. لە کاتێکدا ئەو هەموو هەرا و دەنگە دەنگەیان ئەگەر پشتیوانی بووایە لەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقدا کراوە، گومانی تێدا نەبوو دەستپێشخەری زیاتر دەبینرا بۆ جێبەجێ کردنیان و
وەرگرتنی بەشێک لە مافە دەستوورییەکانمان.