قۆناخی نوێی كاری رێكخراوە‌یی یە‌كێتی ئافرە‌تانی كوردستان و ئە‌ركە‌ مرۆڤایە‌تی و نیشتمانییە‌كانی

د. ڤیان سلێمان

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا و وەکوو بەشێک لە پێداویستییەکانی ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی نوێ، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، کۆنفرانسی ناوخۆیی بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرەی نۆیەمی لە سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان ئەنجام دا و لە پرۆسەیەکی ئازاد و دیموکراسی و بە بەشداری ئەندامان، نوێنەرانی کۆنگرە هەڵبژێران.

کۆنگرە لە ژیانی هەر ڕێکخراوێکدا، سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی یان هەر بوار و تایبەتمەندییەکی دیکە، پێویستییەکی حەتمی بەردەوامی و نوێبوونەوە و گەشەسەندنە، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ژیانی ڕێکخراوەیی خۆیدا و سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان بەردەوام پەیڕەوی لە بنەما دیموکراسییەکان کردووە و کۆنگرەکانی خۆی ئەنجام داوە.

سەرەڕای ناهەمواری بارودۆخ و ئاڵۆزی و قەیرانەکان، كە بەشێکیان جیهانی و ناوچەیین و بەشێکیان ناوخۆیین، لەو چوارچێوەیەشدا بارودۆخی ناهەمواری هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی و ئابووری و کارتێکەرەکانی ئەو دوو بوارە لەسەر باری کۆمەڵایەتی، لەو چوارچێوەیەشدا ئەو فشارانەی لەلایەن چەند هێزێکی عێراقی بەدەر لە دەستوور و ڕێککەوتنەکان و بنەماکانی سازان و هاوبەشی و هاوسەنگی، پێشێلی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و فشار دەخەنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و سەروەری و دەسەڵاتەکانی بە ئامانج دەگرن، لەو نێوەندەشدا قورسایی ئەرکی سەرشانی پارتیمان وەکوو لایەنێکی سەرەکی پێكھێنە‌ری سیستەمی سیاسی و دیموکراسی هەرێمی کوردستان و حیزبێک کە‌ لە هەموو بارودۆخەکاندا بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرێت و هیچ کاتیش سازش لە مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان ناکات.
لەم هەلومەرجەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەکوو پارتێکی دیموکراسیخواز دەرفەتی بەستنی کۆنگرەی بۆ ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی ڕەخساندووە و یەکێتی ئافرەتانی کوردستانیش وەکوو یەکێک لەو ڕێکخراوانە، کۆنگرەی خۆی دەبەستێت.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، وەکوو وێستگەیەکی گرنگی خۆهەڵەسنگاندن و خۆڕێکخستنەوە و خۆئامادەکردن بۆ قۆناخێکی نوێ کە دەتوانین بڵێین جیاواز لە قۆناخەکانی دیکە، لە کۆنگرە دەڕوانێت و هەوڵ دەدات شێوازو پانتایی خەبات و تێکۆشانی فراوانتر بکات.

ئەم ڕێکخراوە تەمەن زۆر و بەردەوام لە خەبات و خاوەن پێگە گەورەیە لەناو ئافرەتانی کوردستاندا، دوور لە بانگەشەی بێ ناوەڕۆک و دوور لە بەکارهێنان و بە ئامرازکردن، خاوەنداری لە پرسی ئافرەت کردووە و لە ڕوانگەی تایبەت بە خۆیەوە کە هەڵقوڵاوی خودی کێشەکانی ئافرەتی کوردە، کاری بۆ پێشخستنی ئەم پرسە و باشترکردنی بارودۆخی ئافرەتانی کوردستان کردووە.

پرسەکانی وەکوو بەشداری سیاسی، سیستەمی کۆتا، گەیشتنی ئافرەت بە ناوەندی بڕیار، ئەگەر ناوەند و ڕێکخراوێک کاریان لەسەر بکات، ئەمانە و هەموو پرسێکی تایبەت بە ئافرەت، لە سەرەتاییترین کێشە، هەتا کێشەکانی دیکەی نادادپەروەری، تێڕوانینی نایەکسان بۆ بوونی ئافرەت لە پانتایی گشتی، کێشەکانی ئافرەت

لەناو خێزاندا و کێشەکانی ئافرەت دوای جیابوونەوە پەیوەست بە منداڵی خێزانە لێکترازاوەکان، هۆشیاری پێش هاوسەرگری، تەندروستی و دەرووندروستی ئافرەت، توندوتیژی وەک پەتایەکی کۆمەڵایەتی، دەسگیرۆیی ئافرەتانی خاوەن ئەندێشەی کارسازی و دەستڕەنگینی و زۆر بابەتی دیکە، ئەو پرسانەن، کە یەکێتی ئافرەتان بۆ هەر یەکەیان ڕێوشوێن و میکانیزمی تایبەتی هەیە و دەیەوێت لە هەر یەکە لەو ڕێگایانەوە هاوکاری ئافرەتان بکات.

ئەمانە باس دەکەم، تا بڵێم، پرسی ئافرەت لە دیدی یەکێتی ئافرەتان و بەرنامەی کاریدا، پرسی سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و پرسی کۆمەڵگەشە، هیچکات یەکێتی ئافرەتان، خەم و خواستی توێژێک یان دەستەبژێرێک لە ئافرەتانی هەڵنەگرتووە و هی ئافرەتانی دیکە فەرامۆش بکات، بەڵکوو مەبەستیەتی هەموو ئافرەتانی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا بارودۆخیان باشتر بێت، ڕاستە ئەوە لە توانای یەکێتی ئافرەتان و هیچ ڕێکخراوی دیکەدا نییە، بەڵام ئێمە لە ڕێگا جۆراوجۆرەکان و لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و ئامرازە بەردەستەکانەوە کار بۆ ئەوە دەکەین کۆمەڵگەکەمان بۆ ئافرەتان شوێنێکی شیاو و باشتر بێت و ئافرەت لە بەرنامە و سیاسەتی حکومەتەکەمان، شوێنێکی سەرەکی هەبێت، هەروەک گۆڕانکارییەکان ئەوە دەسەلمێنن.

دیدگای یەکێتی ئافرەتان تایبەتمەندی کوردستانیانەی لەبەرچاو گرتووە و دیارخەری ڕەهەندەکانی پرسی ئافرەت لە کوردستان و وەڵامدەرەوەی خودی کێشەکانی ئافرەتانی کوردستانە، پەیامەکەی، پەیامێکی مرۆڤانەیە پشت دەبەستێت بەو بەها مرۆڤایەتیانەی کە جیهانە‌ پێشکەوتوەکەی مرۆڤ پێیگەیشتووە.

پرسی نەتەوە و پاراستنی دەستکەوتە دیموکراسییەکانی هەرێمی کوردستان، لای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پرسێکی سەرەکی و لە پێشینەیە و هاوئاستە لەگەڵ خودی پرسی ئافرەت، یەکێتی ئافرەتان لە کاتێکدا دەیەوێت ئافرەتانی کوردستان تەواوی مافە مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگییەکانیان بەدەست بهێنن و هاوئاست و هاوشانی ڕەگەزەکەی دیکەی کۆمەڵگە دەرفەتی پێگەیاندن و تواناسازی دوور لە هەر بەربەستێکی نەریتی کۆمەڵگەیی بۆ بڕەخسێت، لەهەمانکات دەیەوێت ئافرەتانی کوردستان لێزان و لێهاتوو و هۆشیار بن و زانایی و هۆشیاری خۆیان بۆ خزمەتی گەشەسەندنی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکان بەکاربهێنن.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان،پشت ئە‌ستووربە‌ پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک حیزبێکی نیشتیمانی و قوتابخانەیەک بۆ هزری نەتەوەیی و حیزبێکی خاوەن تایبەتمەندی مەدەنی و سەردەمیبوون، کە هەر لە سەرەتاوە باوەڕی بەوە هەبووە کە هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسی سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر نەتوانێت ئامرازەکانی بەشداری ئافرەت فەراهەم بکات، لە سۆنگەی ئەو باوەڕە و پشتیوانی ڕابەری نیشتمانی و یەکسانیخوازی و مرۆڤدۆستی (سەرۆک بارزانی) کۆنگرەی خۆی دەبەستێت و خۆی بۆ (٤) ساڵی ئایندە، ئامادە دەکات.

بە هیوایەکی زۆر و هەموو توانا و پشتیوانیمان بۆ پێشخستنی ڕێکخراوی دایک و پێشەنگ مانەوەیەتی لە لەخۆگرتنی پرسی ئافرەت و خاوەنداری لە کێشەکانی ئافرەتانی کوردستان.