گرنگی پلاتفۆرمی (ئی – ڕیزبە‌ندی)

به كر كه ریم حه سه ن*

سەركردە و شۆڕشگێڕی هیندی (غاندی) دەڵێ: “بەدڵ هەوڵدان و كاركردن، تۆوی سەركەوتن دەچێنێ و، دوایی بەرهەمەكەی دەچنیتەوە.”

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی نۆیەم لە هەنگاو و كردارێكی ناوازە و بێوێنە و نوێدا پلاتفۆرمی (ئی-ڕیزبەندی) ڕاگەیاند، كە بریتییە لە پۆلینبەندی ناوەندەكانی خوێندنی حكومی لە چوارچێوەی پڕۆژەی بنیادنانی تواناكان كە ستاندارد بۆ قوتابخانە و بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و ڕێنمایكاران و مامۆستایانی دیاری كردووە، لە ئێستادا ئەم پلاتفۆرمە بەردەستە و هەموو كەسو كار و بەخێوكارانی قوتابیان دەتوانن لە ڕێگەی ئەو پلاتفۆرمە ئاستی باخچە و قوتابخانەی منداڵەكانیان بزانن.

كە بەسەر چوار ئاست دابەش كراوە بەم شێوەیە: – ئاستی یەكەم لە نمرەی (٢٥ەوە دەست پێ دەكات تا نمرەی ٤٤).

  • ئاستی دووەم لە نمرەی(٤٥ەوە دەست پێ دەكات تا نمرەی 6٢). -ئاستی سێیەم لە نمرەی (6٣وە دەست پێ دەكات تا نمرەی 8١). – ئاستی چوارەم لە نمرەی (8٢ەوە دەست پێ دەكات تا نمرەی ١٠٠). هەر لەم ڕێوڕەسمەدا بڕوانامەی سپاس و ڕێزلێنان بەخشرایە ئەو قوتابخانە و باخچانەی كە ساڵی خوێندنی ڕابردوو (٢٠٢٢-٢٠٢٣) ئاستی چوارەمیان بەدەست هێنابوو.
    ڕاگەیاندنی ئەو پلاتفۆرمە بەهەموو وردەکاریەکەوە دەستکەوتێکی گرنگی وەزارەتی پەروەردەیە؛ کابینەی نۆیەم شایانی سپاس و ستایشکردنە بۆ وەزارەتی پەروەردە و تایبەت جەنابی وەزیری پەروەردە بۆ هەوڵ و ماندوبوونی بەردەوام و بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە گرنگە پەروەردەییە.
  • کە خۆی لە خۆیدا ئەو پرۆسەیە، پرۆسەی چاكسازی و دادپەروەری
    و بەرەوپێشبردن و پەرەپێدان و كێبڕكێیە لە كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن نێوان باخچە و قوتابخانە حكومییەكان كە بە كۆمەڵێ ستاندارد پاڵپشتی كراوە، لە پڕۆژەی بنیاتنانی تواناكان بە هەماهەنگی ئەنجومەنی ڕۆشنبیری بەریتانی و یەكێتی ئەوروپا لە بوارەكانی (زانین) و (كارامەیی) و (بەها و ڕەفتارەكان) جێبەجێ دەكرێت. ئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنانە لە ڕێگای سەردانی چەند لیژنەیەك بووە لە سەرپەرشتیاران بۆ قوتابخانەكان، دوا لیژنەی سەردان و پێداچوونە بە هەڵسەنگاندن لە هەمان پارێزگای قوتابخانەكان نەبووە، واتە لیژنەی سەرپەرشتیاری لە پارێزگایەک سەردان و بەدواداچوون و هەلسەنگاندنی کردووە بۆ قوتابخانەکانی پارێزگایەکی تر ئەوەش زیاتر دڵنیایی و دادپەروەری و ڕاستاندنی دروستی هەڵسەنگاندنەكان دەردەخات.
  • بە دڵنیایی هەڵسەنگاندنی باخچە و قوتابخانەكان بە پرۆسەیەكی هەرە گرنگ و پێویستی دەبینم لە پێناو خزمەت گەیاندنی گشتی و ئامانجی هاوبەش و دیاریكردنی ئاستەكان و دەست نیشان كردنی خاڵی لاواز و بەهێز و لایەنی كەمتەرخەم و داهێنەر لە كۆی كاراكتەرەكانی ئەو هەڵسەنگاندنە و پەڕەپێدانی تواناكان و كاریگەری قوتابخانە لە سەر كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و كۆمەڵگە بە گشتی، لەگەڵ ئەوانەشدا بەرئەنجامی ئەو هەڵسەنگاندنانە متمانەیەكی زیاتر دەبەخشێ بە پرۆسەكە لەلایەن خانەوادەی قوتابیان و كۆمەڵگە بە گشتی، هەروەها ڕوونی و شەفافیەتی پرۆسەكە دەردەخات لەلایەكی ترەوە كێبڕكێ و هەوڵدانی زیاتر و داهێنانی بەردەوام لەلایەن قوتابخانەكانەوە دێنێتە ناو پرۆسەكە و بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و پەروەردەیی و ویژدانی دەكاتە سەر مەشقی كاركردنی بەردەوام و مكوڕبوون لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەكان و بەدەستهێنانی بەرهەمی زیاتر و بنیادنانی تاكێكی وشیار و بەئاگا و زیندوو لە ئەنجامی كاركردنی بەدڵ بەیەكەوە، كە بێگومان ئەوەش پاشەڕۆژی پڕشنگدار مسۆگەر دەكات بۆ پرۆسەكە‌.