بەرگری و پاراستنی نیشتمان ئەرکی نیشتمانپەروەرانە

شێرکۆ حەبیب

دەڵێن “خۆشەویستیی وڵات لە ئیماندایە” واتە ئەوەی وڵاتەکەی خۆشنەوێت ئیماندار نییە، لێرەدا گرنگی و پیرۆزیی وڵاتمان بۆ دەردەکەوێ. بۆیە مرۆڤ گیانی خۆی لە پێناودا بەخت دەکات و ئەوانە گیانی خۆیان لەو پێناوە بەخت دەکەن، هەردەم ناویان لە مێژوودا بەسەربەرزی و زیندوویی تۆمار دەکرێت، لە بەرامبەریشدا هەیە بازرگانی بە وڵات دەکات لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خودی خۆیدا لای گرنگ نییە ئەوانەی گیانی خۆیان دەخەنە مەترسی لە پێناو وڵات. لە ڕاستیدا ئەمڕۆ چۆن بازرگانی بە زۆر بابەت دەکرێت، هەندێ کەس و لایەن وەها بازرگانی بە وڵات و دۆزی ڕەوای کورد دەکەن بۆ گەیشتن بەمەرامی تایبەتی خۆیان. وای لێهاتووە کە بەئاسانی باوەڕ بە مێشیک بێنی کەوا گوڵ جوانترە لە خاشاک و پیسایی، لەوەی باوەڕ بە خۆفرۆشان بێنی کەوا نیشتمان بەهاتر و بەنرخترە لە سامان و سەروەت.
دەگێڕنەوە کاتی شوانێک شوێنی خۆ حەشاردانی جیڤارای بۆ دوژمن ئاشکرا کرد و جیڤارا دەسگیر کرا، لە شوانەکەیان پرسی بۆ شوێنی ئەو مرۆڤەت ئاشکرا کرد کە ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ بەرگری لە ئێوەو مافەکانتان؟ لە وەڵامدا شوانەکە گوتی “جەنگەکانی لەگەڵ دوژمن مەڕەکانی دەترساند”
هەروەها دەگێڕنەوە کاتێک هێزەکانی فەرەنسا وڵاتی میسریان داگیر کردبوو بەسەرپەرشتیی ناپلیۆن، یەکێک لەو سەرکردانە دەستگیر دەکرێ کە ڕووبەرووی فەرەنسیەکان بووبووەوە، ناوی (محەمەد کەریم) بوو، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام ناپلیۆن داوای کرد بیبنێ پێش ئەوەی لە سێدارەی بدەن، کاتێک ناپلیۆن بینی پێگوت “جێگای داخە کەسێکی وەک تۆ لە سێدارە بدەم، کە بە ئازایەتی بەرگریت لە وڵاتەکەت کرد، و نامەوێت مێژوو باسم بکات بڵێ قارەمانێکی لە سێدارە دا کە بەرگری لە وڵاتەکەی دەکرد. بۆیە بڕیارم دا لێت ببوورم بەرامبەر دە هەزار پارچە ئاڵتون بەرامبەر هەر سەربازێک کە کوژراوە” لە وەڵامدا محەمەد کەریم پێی گوت ئەو بڕە پارەیەم پێ نییە، بەڵام قەرزم لای بازرگانەکان هەیە زیاتر لە سەد هەزار پارچە ئاڵتون، ناپلیۆن پێگوت دەتوانی بچی قەرزەکانت کۆبکەیتەوە، کەریم دوای ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک سەربازی فەرەنسی بەدەست و پێ بەستراوی لەو باوەڕەدا بوو قەرزەکانی وەربگرێتەوە بۆ ئەوانە لە پێناویان ژیانی خۆی بەخت کرد، بەڵام یەک لە بازرگانەکان ئامادە نەبوو قەرزەکانی بداتەوە، بەڵکو تۆمەتباریان کرد کە ئەو هۆی وێرانگاری ئەسکەندەرییە و ئاڵۆزیی بارودۆخی ئابووری بوو.
بە سەرسووڕمان و باوەڕنەکردن گەڕایەوە، نابلیۆن پێیگوت هیچ ڕێگایەکم لە پێشدا نییە تەنیا لە سێدارەت بدەم، نەک لەبەر ئەوەی دژایەتی و بەرەنگاری ئێمەت کرد، بەڵکو تۆ گیانی خۆت کردە قوربانی بۆ کەسانێکی ترسنۆک کە بازرگانیکردنیان لە لا گرنگ ترە لە سەربەخۆیی نیشتمان.
ئەمە واقیعی ئەمڕۆی کوردستان چەندین سەرکردە و ئێستاشی لەگەڵ دابێ خۆیان کردە قوربانی بۆ گەل و نیشتمان بەڵام بەداخەوە کەسانی وەک ئەو شوانە و بازرگانانەشی تیدا.