دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیهەرێمی کوردستاندا

شانیا محەممەد

بەشداری ژنان لە کایەی سیاسەتدا زیاتر لە سەدەیەکە هاتۆتە ناو سیستمی سیاسی و کەلتووری فەرگەنگیی کۆمەڵگاکان، بەڵام بە ڕێژەیەکی زیاتر لە وڵاتانی خۆرئاوا بەشداری ژن و بڕیاردانیان زۆرتر پەرەی سەندووە وەک لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
بێگومان هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بێبەش نەبووە لەو پێشکەوتنەی کە جیهان بەخۆیەوە بینووە، لە ساڵی ١٩٩٢ کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرا، قۆناغ بە قۆناغ ژنانی پارتە سیاسییەکان دەستیان کرد بە بەرەوپێشچوون بۆ وەرگرتنی پۆستە ئیداری و سیاسییەکان. لە کابینەی یەکەمی حکوومەتی هەرێم تەنها یەک ژن بوو بە وەزیر، دواتر و لەگەڵ گۆڕینی کابینەکانی حکوومەت گۆڕان ڕوویداوە تەنانەت لە شێوازی بەڕێوەبردنی ناو پارتە سیاسیەکانیش، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم نموونەی چەند ژنێک دەهێنینەوە کە بەشدارن لە کایەی سیاسیدا.
لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا سێ وەزارەت هەیە کە وەزیرەکەی ژن بێت ئەوانیش وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان .
لە دەسەڵاتی گەل، دیارترینیان لە کۆی ٤ خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمین جار ژنێک بوو بە سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ژن بوو، سەبارەت بەئەندام پەرلەمانەکان لە کۆی ١١١ پەرلەمانتار ٢٩ پەرلەمان ژن بوون.
لە دەسەڵاتی دادوەریدا تەنها چەند حاکمێک هەن کە ژنن وەک حاکمی کەتن لە ڕانیە، بەڵام سەرۆکی دادگاکان گشتیان پیاون، ئەگەر شۆڕببینەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان و مودیرەکانی قوتابخانەکان و فەرمانبەر و کارمەندی دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەت ژنان وەک بەڕێوەبەر و فەرمانبەر و کارمەند بەشداری دەکەن .
تەنانەت لە سەرجەم شارەوانییەکانی هەرێم سەرۆکی شارەوانیی پارێزگای سلێمانی ژنە، وە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ١٠ ئەندام ژنان پێکدێت.
بەڵام داتایەکی فەرمیمان نییە کە گشت ئەو ڕێژەییەمان بۆ دەست نیشان بکات کە لە هەر سێ دەسەڵاتەکەدا هەن، ئەوەی لە بەردەستمانە خۆمان بەدواداچوونمان بۆی کردووە، هەر چەندە هەموو ئەو پلە و وەزیفانەمان لەسەرەوە باسمان کرد، کە ژنان بەشدارن لە کایەی سیاسیدا بەڵام بەشداریان نەگەیشتۆتە یەکسانیی کۆمەڵایەتی لە ئەرک و مافدا، بێگوومان ئەو ڕێژەی کە ئێستا هەیە بەراوردی بکەین بە ساڵانی سەدەی ڕابردوو، جیاوازییەک دەبینن چونکە ئەوکات کۆمەڵێک ژن لە ناو پارتە سیاسییەکان وەک ژنی شۆڕشگێر ناویان دەبرا و بەشدار دەبوون لە پارتی سیاسی و شۆڕشدا.
دوا بەدوای دەستبەکار بوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژنانیش داوایان کرد بەشداری زیاتریان هەبێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ژنە سەرکردەیەکمان نەبووە کە بڕیارە چارەنووس سازەکانی لە هەرێم بدا یاخود جێگری سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی هەرێم بێت یان سەرۆکی حکومەت بێت یان سەرۆکی ئەنجوومەنی پاڕێزگا بێت یان هەر پێگەیەکی بەرز لە کایەیی سیاسیدا. هاوکات لە بەڕێوەبردنی ئیدارەکان ناحیە و ناوەندە پەروەردەیی و دادگاکان، ئەوە هەیە تەنها ڕێژەیەکی کەم ژنان بەشداریان هەیە، ئەوە کە وای کردووە ڕێژەیەکی کەم بەشداری ژنان هەبێت بە کەڵتوورنەکردنی بەشدارییە.
ئەوەی پەیوەستە لە کۆمەڵگاکەمان بکرێت بۆ ژنان بە کەڵتوورکردنی بەشداری ژنانە لە کایەی سیاسیی هەرێمدا ئەویش بە چەند ڕێگەیەک دەکرێت.
١- متمانە بەخۆبوونی ژنانە، دواتریش متمانە پێکردنی گشت چین و توێژەکان بە ژنان.
٢- ڕێگەیان پێبدرێت ژنان بێنە پێشەوە بۆ گرتنە دەستی پۆستە باڵاکانی هەرێم.
٣- پارتە سیاسیەکان بڕیاربدەن و پۆستە باڵاکانیان بەدەنە دەستی ژنان.
٤- لە ڕێگای ڕێکخراوەکانی کۆمەلگای مەدەنی مەشق و ڕاهێنانی زیاتر بکرێتەوە بۆ بەشداری ژنانی سەرکردە
٥- لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان زۆرترین ڕێژەی ژن خۆیان کاندید بکەن و دیاری بکرێن.
٦-ڕاگەیاندنەکان زیاتر بایەخ بە توانا و لێهاتوویی ژنان بدەن.
٧- هۆشیاریی زیاتر بڵاوبکرێتەوە دەربارەی زیرەکیی ژنان لە سیاسەتدا.
٨- ڕاگەیاندنی کەمپینی بەکەڵتوورکردنی بەشداری ژنان لەلایەن چالاکوانانی مەدەنی و ڕێکخراوەیی.
هەر وڵاتێکی پێشکەوتوو بەوە دەناسریتەوە کە ژنان لە دەسەڵاتەکانی ( جێبەجیکردن و دادوەری و گەل) زۆرترین ڕێژەیان هەیە، هەروەها ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم لە ٪٥٠ ژن پێکدەهێنێت ئەوەش وادەکات ژنان زیاتر بێنە پێشەوە.
بۆچی ئافرەتان دەبێت بە شداریان لە کایەیی سیاسدا هەبێت؟
چونکە ئافرەتان داهێنان دەکەن، ناکۆکی کەم دەکەنەوە، ئەگەری جەنگ کەمترە، ئاشتی بەرقەرار دەبێت، ژنانە میهرەبانترن، زیاتر هێورترن، پێشکەوتنی زیاتر بەدەست دەهێنن بۆ وەڵاتەکەیان، ژنان پێگە و ڕۆڵیان لە هەر ئیدارەییەکدا هەبیت ئاوا ئەو ناوچە جوگرافیاییە زیاتر پێشکەوتووترە.