پە‌یوە‌ندیی ئیسرائیل، عە‌رە‌ب و كورد

مە‌شخەڵ كەوڵۆسی*

دوو گوێچكەم لێ ڕواوە، تاكو ئێستای نوسینی ئەم چەند دێڕە، هەمیشە بیستومە و خوێندومەتەوەو، سەرنجم داوە، كە خاوەنی هەر مافێك كە پێی وایە مافی زەوت كراوە، دەبێت خۆی لەپێشی پێشەوەی داواكردنی مافەكەیەوە بێت. دەبێت خۆی هەوڵ بدات وخەبات بكات، ئەوجا چاوەڕوان بێت، ئەوانیتر كۆمەكی بكەن.

تەنها لە كێشەی عەرەب ئیسرائیلدا نەبێت كە ئەم ڕاستییە پێچەوانە كراوەتەوە، یان پێچەوانە بووەتەوە. بەتایبەتی لەمەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا.

عەرەب یەك ئالەی گەورەی میدیایی و پڕوپاگەندەییان خستۆتە كار بۆ تۆمەتباركردنی هەركەس و لایەنێك” بەتایبەتی كورد” ئەگەر لەكوێرە ڕێگەیەكیش سڵاوێك لە ئیسرائیلییەك”نەك لەدەوڵەتی ئیسرائیل” بكات. ئیدی ڕۆژی قیامەت هەڵدەستێت و، هەزاران تۆمەت و هێرشی ئاراستە دەكەن.

عەرەب بۆ زمانی تەخوین و هێرشكردن، تیژترین زمانیان هەیە، ئەوان دەیانەوێت كورد لە مەلیك مەلەكی تربێت، و ئەوان خۆیان ئارەق نەكەوێتە ناوچاوانیان.

زۆر بەكورتی عەرەب دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل لەمانگی هەنگوینی بن، بەڵام كورد لەسەر كێشەكەی ئەوان دوژمنایەتی ئیسرائیل بكات؟ ئایا لەو چاوەڕوانییەدا هیچ لۆژیكێك هەیە؟ ئایا هیچكام لە نەتەوەكانی دەوروبەر، بەتورك و فارس و بلوچ و ئەوانی تریشەوە، بەخودی عەرەبیشەوە، پەیوەندییەكانیان لەگەل ئیسرائیل بڕیوە؟.

لەم ماوەیەدا دووا قەڵای عەرەب، سعودیە كە پیرۆزی و ڕەمزیەتێكی دینیشی هەیە، بەهەموو هێز و توانایەوە هاتە ناو پرۆسەی ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا، لەیەكەم وێستگەشدا، وەزیری گەشتوگوزاری ئیسرائیل سەردانی ڕیازی پایتەختی سعودیەی كرد و، لەوێ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: لەسعودیە زۆر هەست بە ئەمان دەكەم، لەئیسرائیل زیاتر مورتاحم!.

كەناڵەكان بە دەنگ و ڕەنگ قسەكانی وەزیرەكەی ئیسرائیلیان پەخش كرد، ئاڵای ئیسرائیل لە دەوحەو ئەبو زەبییەوە بیگرە تاكو دارولبەیزا و ڕیبات، دەشەكێتەوە، لەئاستی ڕێكخراوەیی و حیزبی و حكومی و تاكەكەسیشدا، لەهەموو گەلانی عەرەب، پەیوەندی نەك ئاسایی، بەڵكو پەیوەندی خۆش و گەرموگوڕیان لەگەل ئیسرائیلدا هەیە. هەموو پیرۆزییەكانی خۆیان پێشكەشی ئیسرائیل كردووە، هیچ نەماوە نەیكەن و هیچ شتێك بە نهێنی نەماوەتەوە.

كەچی دێن و لەكەناڵ و میدیا و ناوەندە جیاجیاكانیانەوە كورد تۆمەتبار دەكەن، بەوەی ئەفسەرێكی مۆساد ئەگەر هەشتا ساڵ لەمەوبەر سەردانێكی كوردستانی كردبێت بە پاسپۆرتی ساختەوە!.

ئەمە چ لۆژیكێكەو، چ یاریكردنێكە بە ئەقڵی بچوكی كورد. كاتێ كورد زۆر بچوك دێتە بەرچاو كەدێت پاكانە دەكات بۆ ئەو تۆمەتانەو، دەیەوێت بیسەلمێنێت كە هیچ پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا نیە.

من گومانم لەوە نیە كە كورد ڕاست دەكات و هیچ پەیوەندییەكی لەگەل ئیسرائیلدا نیە، چونكە كورد دەوڵەت نیە و لەئاستی ئەوەدا نیە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل هەبێت، بەڵام سەرسامم بەوخۆ بچوككردنەوەیە كە دێت پاكانە بۆ عەرەب دەكات.

كورد لەبیری چووە تاكە یەك ڕستە بە عەرەب و میدیا و نوخبەی عەرەبی بڵێت: هەیاران! بۆچی پەیوەندی ئێوە لەگەڵ ئیسرائیل هەق و ڕەوایە و شایستەی گوڵبارانەو نابێ كەس قسە بكات؟ بەڵام بۆچی پەیوەندی كورد لەگەڵ ئیسرائیل حەرامە و دنیا دەڕوخێت و خیانەتە؟

باشە خیانەتە لەچیی؟ ئیسرائیل لەكوێداو كەی خاكی كوردی داگیركردووە؟ مەگەر خاكی قودس یان ئۆرشەلیم، خاكی باوك و باپیری ئێمەیە تاكو خیانەت بێت لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندی هەبێت؟ بەكام لۆژیك و پێوەر ئێمە شەڕتان بۆ بكەین، لەكاتێكدا ئەوە ئێوەن خاكی ئێمەو كەرامەتی ئێمە و مێژووی ئێمەو سەروەری ئێمەتان داگیركردووە؟. سەرباری ئەوەش چاوەڕوانن وەك سەربازێكی گوێڕایەڵ بە سكی برسی شەڕی قودستان بۆ بكەین، خۆیشتان لەنێو شەوە سورەكانی ئوتێلە پێنج ئەستێڕەییەكانەوە، لەگەڵ هاوڕێ ئیسرائیلییەكانتان گاڵتە بەخوێنی كوژراوەكانمان بكەن. دەبێ كورد بەزمانێكی ڕوون بە عەرەب بڵێت: ئێمە لەمەلیك مەلەكی تر نین! كامیان دەبێ پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ببڕن، كوردستان یان ڕیاز؟.

سە‌رۆكی ناوە‌ندی چاوی كورد