ھە‌ڵوێستێكی ناجۆر و لە‌ خشتە‌بە‌ر

عارف ڕوشدی

گەلی کوردستان مافی هەیە و بە پاڕانەوە و زەلیلی بەدەستی ناهێنێ

چەند ڕوژێک بوو خەڵکی کوردستان شاگەشکە بووبوون بەوەی شاندی هەرێم بە هەموو پێکهاتەکانی حکوومەتەوە سەردانی بەغدایان کرد و لە لایەن فراکسیۆنە کوردییەکانەوە پێشوازی لێ کرا و هەڵوێستێکی کوردانەیان نواند. دواتریش هەنگاوێکی سەرەتاییش هاوێژرا بەرەو چارەیەکی کاتیی گرفتی دابینکردنی شایستەیەک بۆ دابینکردنی موچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی کوردستان و بەردەوامیی دانووستانەکان. ئەمە لە کاتێکدایە پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا پشکی هەرێمی کوردستانی بە کەموکوڕییەوە دیاری کردووە؛ بەڵام چونکە لە بنەڕەتدا پیلانێک لە ئارادا هەیە بە ئاراستەی لە بەریەک هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان، بە جۆرەها شێوازی قێزەوەن ڕێری دەکرێت لە جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی پەیوەندیدارن بە خواستە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان. سەرەڕای ئەم ڕاستییانە کە لە هیچ کەسێک شاراوە نین، ئەوەندەی نەبرد فراکسیۆنەکان بێجگە لە (فراکسیۆنی پارتی) لە پێشەمانییەکی ناشیریندا، بە پێشکەشکردنی یاداشتنامەیەکی کرچ و کاڵ کارتی پشتیوانیی لە هەوڵەکانی ڕەگەزپەرستانی بەغدا دژی پێگەی یاسایی هەرێمیان بەرز کردەوە! داوادەکەن حکوومەتی بەغدا باز بدات بەسەر دامودەزگا شەرعییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا و ڕاستەخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت کە هەرگیز و هەرگیز ناینێرێت. ئایا ئەمە بێرێزیکردن نییە بەرامبەر خەڵکی سەرفرازی کوردستان؟ ئایا ماف بە پاڕانەوە و خۆ زەلیلکردن بەدەست دەهێنرێت؟ لە کاتێکدا حکوومەتی بەغدا تا تەوقی سەری نوقمی هەموو جۆرەکانی نادادپەروەری و گەندەڵی بووەتەوە بە شاهیدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی! باشە ئەگەر ئەو هەوڵەیان بۆ لە خشتەبردن و ناپاکی نەبێت دەبێت چی بێت؟ بەغدا چەکی ملهوڕیی برسیکردن بەکار دێنیت لە پێناوی بیزارکردنی خەڵک و هەنگاونان بەرەو جێبەجێکردنی پیلانە شۆڤینییەکەیان. تکایە با وشیار و هەستیاربین بە هاش و هوشی ناپاکان کەس لە خشتە نەبرێت، دڵنیابن لێفەی سەر چاوەکانی خوشمانیان پێ بدەین، ئابلوقەی ستەمکارانەیان کۆتایی پێناهێنن.