مرۆڤێكی نێردراو، یان كە‌سێكی بە‌نائاساییكراو؟

عومەر چنگیانی

لە بریتی ئەوەی پێش خوێندنەوەی بابەتەكە بڕیار بدەی و، هەڵبچی و كاردانەوە و، دەمارگیریت پێوە دیار بێت، بەرلەوەی سەنگەرمان لێ بگری، بزانە ئەو ئاستە نزمە لە بیركردنەوەدا كە بێباوەڕەكانی مەككەی تێدا بوو، کە لێیشیان قەبووڵ نەكرا، تۆی مسڵمان تێی كەوتوویت و، وەك موجیزە باست كردووە و، بۆت گوتراوە یان نا؟
چونكە لە مێشكی قورەیشدا كاری پێغەمبەرایەتی، هێنانی گۆڕانكاریی مادی بوو! چونكە لە دەوروبەری خۆیان لە باسی موجیزەی مادی زێدەتریان لە بارەی عیسا و مووساوە (دروود و سڵاوی خوایان لەسەر) نەبیستبوو!

چونكە لە باسی “سفرەوخوانی ئاسمانی هاتنەخوارەوە” بۆ عیسا و، “دەستی درەوشاوەی بنباڵ”ی مووسا
و، “داری بە بەردا كێشراو” و، “ئاوی وەك خوێن سووركراو” و، “بۆقی زۆری لە گشت لایەك ڕژراو” و، “ئەسپێتێدان” و، “دەریای كەرتكراو”، لە موجیزەی پێغەمبەراندا، دروود و سڵاوی خوایان لەسەر، زیاتریان نەدەزانی، كە محەمەد دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، هات و گوتی: منیش پێغەمبەرم و، بە من كۆتایی بەو زنجیرەیە دێت، گەرچی بۆ چاخی تر و، بۆ هەتاهەتایی هات، سەروشكەكانی مەكە وەك ئەوەی گوتبێتی: من ئەندازیارێكی ڕێگاوبان و بیركۆڵینم!

لێیان دەویست بۆ چەسپاندنی ڕاستییەكانی كە هێناویەتی ئاو و، جۆبار و، باخ و باخاتیان بۆ بێنێتە بەرهەم و، لە 90ەمین ئایەتی سوورەتی “ئیسرا”وە تا 9٣هەمی ئایەتی ئەو سوورەتەدا، باسیان لێوە دەكا و، دەفەرمێت:
“وتیان: ئێمە بڕوا بەو دۆعاخوێندنە، یان باسی بڵندبوونەوەی تۆ ناهێنین، تا لە زەویدا كانیاوێكی شیرینمان بۆ هەڵنەقوڵێنی!
یان باخێكی میوەی خورما و ترێت هەبێ و، بە نێویشیا چەندین دەریاچە بێن و بڕۆن و، لە زەویدا بتەقێنەوە! یان ئەگەر – وەک گومان دەبەیت – دەسەڵاتت هەیە كەرتێكی ئاسمانمان وەسەردا بێنیتە خوارەوە! یان فریشتەی خوایی بەشوێن یەكتردا بێنی!

یان ماڵێكی بلوورینت هەبێت! یان بەرەو ئاسمان بفڕیت و بڵند ببیتەوە! ئەوكاتیش بڕوا بەو بڵندبوونەوەیەت ناهێنین، تا نامەیەكت لە ئاسمانەوە بۆ نەیەتە خوارەوە و، نەیخوێنینەوە! لە وەڵامیاندا بڵێ: پەنا بە خوای گەورە، باشە من لەوە زیاتر هەم، كە مرۆڤێكم و پێغەمبەرم؟!

لەو ڕیزبەندییە وردەوە ببن، لە پێشدا، مرۆڤ، پاشان پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، خوای گەورە
بۆ خۆی هەڵیبژاردووە، بۆ ئەوەی ئەمانەتی ڕاگەیاندنی نامەی خوا جێبەجێ بكات، لە كاتێكیشدا كە لە وەسفیدا، لە سێهەم ئایەتی سوورەتی (نەجم)دا، فەرموویەتی: “لەخۆڕا، هیچ شتێک ناڵێت”، ڕوونكردنەوەی خوایی بەوەندە نەوێستا و، خەڵكی وا تێبگەن، كە ئەم حوكمە ڕەها (موتڵەق)ە، بەڵكو یەكسەر، لە دوای ئەو ئایەتە فەرمووی: “ئەوەی كە دەیڵێت: نیگایەكە، خوا بۆی ناردووە!”، كە وابوو، ئەو سیفەتی عیسمەتەی باسی لێ كرد، ڕەها و بێسنوور نەبوو!
پابەند بوو بە نیگای خواییەوە، بە مانا، عیسمەتەكە تەنیا لە سنووری گەیاندنی پەیامەكەی خوا و، بانگكردنە بۆ ئایینەكەی، ئیتر (محەمەد)ی ڕەسوول ئەوەیە، كە نیگای “خوایی”ی بۆ دێ، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ و، عیسمەتەكەیش هەر لەم سنوورەدایە، بەڵام محەمەدی مرۆڤ، لە دەرەوەی بازنەی نیگای خوایی بۆ هاتن و بانگی ئیسلامی و، راگەیاندنی ئایینەكە، دەبێتەوە بە مرۆڤێك و، ڕاستی دەپێكێت و، دەگونجێ نەیشیپێكێت. یارەكانی پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە، مامەڵەیان دەكرد؛ بەر لە دەستپێكی جەنگی بەدر، لە ساڵی دووەمی كۆچیدا، كە پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، لەشکری برد و، لە لایەكی شیوەڵی بەدر لایان دا، حوبابی كوڕی مونزیر خوای لێ ڕازی، پێی گوت: “ئەرێ مانەوە لەم شوێنە، بڕیارێكی خواییە و، نابێ لێی لا بدەین و، دەبێ گوێڕایەڵی فەرمانی خوا بین، یاخود ئەمە ڕای خۆتە و فێڵێكی جەنگییە؟”،

كە فەرمووی: “ئەمە ڕای خۆمە و پلان و، پیلانی جەنگە”، حوباب گوتی: دەی ئێرە باش نییە و، شوێنێكی دیكەی دیاری كرد و، پێغەمبەریش دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، ڕاوبۆچوونەكەیی پەسند كرد و، بە گوێیشی كرد. (١)

لەو كاتەدا، ئەو یارە خوای لێ ڕازی، ڕاوبۆچوونێكی پێچەوانەی ڕای پێغەمبەری دەربڕی! ئەوە چۆن؟! چونكە بابەتەكە لە باسی نیگای خوایی دەرچوو، كەوتە نێو جیهانی ڕادەربڕینێکی پەتیەوە و بەس، ڕای تایبەتی وەكو مرۆڤ.

لەم كاتەدا محەمەدی مرۆڤ بوو دەدوا، نەک محەمەدی پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێ.

(٢) پەراوێز:

(١) السیرە النبویە، أبو الحسن الندوی، طبعە دارالقلم، دمشق، ص ٢١7 و ٢). (٢) بگەڕێنەوە بۆ: لاپەڕە ٣ی خەباتی ژمارە (١6٣٢) /٢00٤/١١/٢7 و، (القرن والسلطان، هموم إسلامیە معاصرە، فهمی هویدی) و، لاپەڕە “9”ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە٢٢67 چوارشەممە ٢ی نۆڤەمبەری.