زیانە‌كانی زیادبە‌كارھێنانی سۆشیال میدیا

بەکر کەریم حەسەن*
نووسەر و گەورە بازرگانی ئەمریكی (جیم رون) دەڵێ: “كات زۆر بەنرخترە لە سامان؛ ئەمیان دێ و، ئەویان دەڕوا!” شكی تێدا نییە لەم ژیانە خێرا و پڕ لە جەنجاڵییەی ئێستا لێی دەژین، هەمیشە هەست دەكەین كات كەمە و بەشمان ناكات و خێرا تێدەپەڕێ بەڵكو كاتی پێویست لە بەردەست نییە بۆ ئەنجامدانی كارەكان و بەردەوامی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان بە گشتی. هۆكاری سەرەكیی كەمی یان نەبوونی كات بۆ بەردەوامی پەیوەندییەكان و كارەكان زیاد بەکارهێنانی سۆشیال میدیایە بە گشتی و سەكۆ و پێگە جیاوازەكان.

چونكە زۆر جار وا بووە سۆشیال میدیا بۆتە جێگرەوەی بەردەوامی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بە گشتی و بگرە خێزانیش بە تایبەتی. لای هەموومان ئاشكرایە بەكارهێنانی سۆشیال میدیا بە گشتی پێگە و سەكۆكانی تایبەتمەند و پەیوەندیدار بە تایبەتی و بە پێی پسپۆڕی و پێویستی كەسەكان كۆمەڵێ سوود و قازانجی جۆراجۆری هەیە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێ باسی بكەم زیانەكانی زیادبەكارهێنانی سۆشیال میدیا و زیادەڕەوی و كات بەهەدەردان و بێئاگایی لە ژیان و دەوروبەر و خووگرتن و دابڕان لە ژیان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانە. بێگومان پێگەکانی سۆشیال میدیا بە گشتی كە لەلایەن خەڵكەوە بەكار دەهێنرێن لە جیهان لە ساڵی (2022 و 2023) دەگاتە (20) بیست پێگە و زیاتریش زۆرترین بەكارهێنەران (فیسبووك، یوتوب، وەتسئاپ) بەكار دەهێنن. سۆشیال میدیا لە زۆربەی هەرە زۆری كۆمەڵگە بۆتە پێداویستی و هۆكاری سەرەكی بۆ ژیان بەڕێكردن و كاتبەسەربردن بێئاگا لەوەی كە زیاد بەكارهێنانی زیانی زۆر بەجێ دەهێڵێت لەسەر خودی كەسەكە و كۆمەڵگە بێ ئەوەی هەستی پێ بكەین تووشی خووگرتن و پەیوەستبوون دەبین كە كاریگەری خراپ و نەرێنی بەجێ دەهێڵێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ و باری دەروونی كەسەكە و كەم بەرهەمی و كات بەفیڕۆدانی یەكجار زۆر و هەستكردن بە گۆشەگیری و دابڕان و دوودڵی و ڕاڕایی و هەستكردن بە بێزاری و خۆبەدەستەوەدان و كەمخەوی و پەرش و بڵاوی و ناجێگیری لە بیركردنەوە و بڕیاردان و لاوازی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و كەمدوویی بگرە دووركەوتنەوە لە خۆت، بیرچوونەوەی چۆنیەتیی هەڵسوكەوت و دواندن و بگرە زۆری تریش.

مرۆڤ گەر تەنیاش بێت چێژ و تام و بیركردنەوە و تێڕامان و پەرەپێدان و تێگەیشتن لە خۆ و دۆزینەوەی ناسنامەی خۆ، دوور لە هەموو تێكەڵاوی و پەرش و بڵاوی لە سۆشیال میدیا.

بۆیە لە كۆتاییدا جەخت لەوە دەكەمەوە كات زۆر بەفیڕۆ نەدەین بە سۆشیال میدیا بەتایبەتی قوتابیانی ئازیز لە قۆناغەكانی خوێندندا، چونكە ئیشوكار و ئەركە گرنگەكانی ژیان یەكجار زۆرن و، گرنگن لەبەر ئەوە پێویستە قوتابیانی ئازیز بەدوای خەون و خەیاڵی خۆیان بکەون؛ پاشەڕۆژ زامن و مسۆگەر بكەن ئەو وەختە کاتت زۆر لە بەردەست دەمێنێ دەتوانی چێژ و سوودی زۆر زیاتر ببینی لەوەی كە ئێستا بۆی پەڕۆشی.

لەم كاتەدا ئەركی بەرپرسیاریەتی و پەروەردەیی و نیشتمانی دەكەوێتە سەر شانی بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستاكان ڕۆژانە ئەگەرنا هەفتانە قوتابیان ئاگادار بكەنەوە لە مەترسی و زیانەكانی زۆر بەكارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و بەهەدەردانی كات، بەڵكو ڕابهێنرێن تەنها لەكاتی پێویست بەكاری بهێنن.