دەنگێک، شەست ساڵە لە پێناو نەتەوەدا بەردەوامە

ئەحمەد بەكر

کە مستەفا بارزانی نەمر بڕیاریدا لەپێناو پاراستنی نەتەوە و نیشتیماندا شۆڕش دەست پێبکات و پشتئەستوور بەئیرادە و هیممەتی خەڵکی کورستان سەنگەری پێشمەرگایەتی ئاوەدان کردەوە، لە بیری ئەوەشدا بوو کە دەبێ دەنگی ئەو شۆڕشە ڕەوایەی خەڵکی کورستان ببیسترێ، هەربۆیە بڕیاری دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستانی دا، جێبەجێکردنی بڕیارەکە ئاسان نەبوو، بەڵام بەهۆی گرنگیەکەیەوە، هیممەتی زۆرکرا تا توانرا پێداویستییەکانی دامەزراندنی ئێزگە دابین بکرێن، سەرەنجام لە ٢٨ـ٩ـ١٩٦٣ پەخشی دەنگی کوردستان گەیەنرایە بست بەبستی خاکی نیشتمان.
دەستپێکردنی پەخشی دەنگی کوردستان وەک دەنگی پێشمەرگە و شۆڕش بووە سەرکەوتنێکی تری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و چوە سەرخەرمانی سەروەرییە بەردەوام و سەرکەوتنە مێژووییەکانی خەڵکی کوردستان و سەرکردایەتیە لێزان و خاوەن ئیرادەکەی.
دەنگی کوردستان بووە دەنگی گەلێکی چەوساوەی مێژوو، گەلێک کە لە پێناو ماف و ئایندە و چارەنووسیدا شۆڕشی دەکرد، ئەو دەنگە هەموو ئەوانەی ڕاچڵەکاند کە دەیانویست کورد بێدەنگ بکەن، هەمووئەوانەشی هەژاند کە پێیان وابوو دەتوانن دەنگی ڕەوای کورد کپ بکەن .
ئێزگە بووە دەنگی زوڵاڵی ئەو پێشمەرگانەی کە لە پێناو کوردستاندا پێش مەرگ دەکەوتن، پێشمەرگەو جەماوەری گەیاندە یەک و شاخ و شار، سەنگەر و خەڵک، شۆڕش و ورەی بەرزی جەماوەری ئاوێتەی یەکتری کرد.
کاریگەریی دەنگی کوردستان لەسەر دوژمن هێندەی کاریگەری دەنگی لوولەی چەکی پێشمەرگە بو و،هەر بۆیەش دوژمن بەردەوام لە ڕێگەی فڕۆکەوە هەوڵی دۆزینەوەی ستۆدیۆ و ئەنتێنەکانی پەخشی ئەو ڕادیۆیەی دەداو چەندین جار بە چڕی بۆردومانی کرد، بەڵام پێشمەرگەو میدیاکار و تەکنیککارو جواننووس و جوان دوێیانی ئەو دەنگە زوڵاڵە نەیاندەهێشت بێدەنگ بکرێن و ڕۆژانە لە کاتی دیاریکراودا دەنگی سەرکەوتنی پێشمەرگەو هەڵمەتی ئازادی خوازان و ور ەو ئیرادەو مۆڕاڵی شۆڕشگێڕانیان دەگەیاندە جەماوەر، ئەو جەماوەرەی کە ڕۆژانە بەتاسەوە چاوەڕێی هەواڵ و موژدەیان لێی دەکرد.
سەرەڕای هێرشی سەربازی، دوژمن هێرشی مێدیایشی دەکردە سەر دەنگی کورستان بەو ئومێدەی لە ڕێگەی فریکوێنسەکانەوە ئەو دەنگە بشێوێنێ و ڕی لە گەیشتنی بگرێت، بەڵام تەکنیککارانی ئێزگە زیرەکانە و لەخۆبوردوانە شەو و ڕۆژ لەکاردا بوون و ڕێگەی کزکردنی ئەودەنگەیان نەدەدا.
دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان لەلایەن بارزانیی نەمر شۆڕشێکی مێدیایی ڕۆشنبیری و فەرهەنگیی گەورە بوو کە دەچێتە پاڵ دێڕە پڕ لە سەروەیەکانی مێژووی گەلەکەمان.
لەقۆناغی دوای شۆڕشی مەزنی ئەیلولیش دەنگی کوردستان پێ بەپێی پێشمەرگە بەردەوام بوو و دوای ڕاپەڕین و دامەزراندنی دامودەزگا شەرعیەکان بەردەوام بوو لە خەبات لەپێناو پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئەزمونەکەمان و سەرپیخستنی.
ئەمڕۆ بەشکۆوە یادی دامەزرانی ئەو ڕادیۆیە دەکەینەوە و بە شانازیەوە لە دێڕە درشتەکانی میژووەکەی دەڕوانین و بەحورمەتەوە یادی شەهیدانی وشە و دەنگی ئازاد دەکەینەوە و خەبات و ماندووبوونی مێدیاکاران و نووسەران و ئەدیبان و ڕووناکبیران لەو ئێزگەیە دەهێنینەوە بیر،کە شەست ساڵ بەردەوام بوون لە پێناو نەتەوەو نیشتیماندا، ئێستا بەهەمان گوڕ بەردەوامین و ئەو دەنگە هەر بەزوڵاڵی دەبیسترێت.

جێگری بەڕێوەبەری ئێزگەی دەنگی کوردستان