ڕیفراندۆم وەك هەژانی فیكری و سۆنەری كۆمەڵگە

ئەم هەفتەیە یادەوەری شەشەمین ساڵەی ڕیفراندۆمی پڕشكۆی خەڵكی كوردستان بوو، هەڵبەتە زۆر قسە لەسەر ئەو یادە كرا، یار و نەیار بۆچوونی خۆیان گوت. هەمووان بەڵگە و فاكتەكانی خۆیان خستە بەرچاو. زۆرێك لەوانەی دژبەری ڕیفراندۆمن، لەمێژوودا چەقین و قسەكانی شەش ساڵ لەمەوبەریان دووربارەكردەوە، ئیدی گوریسەكە بەمجۆرە ڕاكێشرا.
یەكێك لەو خاڵانەی كە هیچ لایەك نەچوون بە تەنیشتیدا، ئەوەیە كە ڕیفراندۆم، ئەگەر هیچی نەكردبێت، خۆی لەخۆیدا بووەتە هەژانێكی فیكری زۆر گرنگ بۆ ناسیۆنالیزمی كوردی، بەجۆرێك هیچ ڕووداوێكی مێژووی دوور و درێژی ئەم میللەتە شك نابەین، بەئەندازەی ڕیفراندۆم قسەی لەسەركرابێت و خوێندنەوەی بۆ كرابێت و باسوخواسی لەسەر سەربەخۆیی دروست كردبێت.
ئەم هەژانە فیكریەی زۆر گرنگ و چارەنوسسازە بۆ ئەقڵی سیاسی كورد و، وشیاری نەتەوەیی بردۆتە سەرەوە، تەنانەت ئەوانەشی كە دژبەری ڕیفراندۆمن و نەخێریان بۆی كردووە، دواجار لەناو چوارچێوەی ئەو هەژانەدا خۆیان دەبیننەوەو، وتوێژەكانیان، بەڵگەكانیان و ئینكاری كردنیان لەوەی كاتی ڕیفراندۆم نەبوو، دەچێتە چوارچێوەی دەوڵەمەندكردنی ئەو زەمینە فیكرییەوە كە ڕیفراندۆم بۆ ناسیۆنالیزمی كوردی دروستكردووەو، هەمووان پێكەوە باس لە سەربەخۆیی نەتەوەیەكی ژێردەست دەكەن، جا هەندێك دەڵێت كاتییەتی، هەندێك دەڵێت كاتی نیە، ئەوەش تەنها كێشەیەكە لەسەر وردەكاری و تەوقیت، نەك لەسەر جەوهەر، چونكە جەوهەر مەسەلەی سەربەخۆییە كە ڕیفراندۆم زەمینەی بزاوتی بۆ سازاندووە!.
ئایا كەسێك هەیە نكولی لەو ڕۆڵە گرنگە بكات كە ڕیفراندۆم دروستیكردووە؟ كەس دەتوانێت بوێری ئەوە پیشان بدات كە نكولی لەو راستییە بكات كە ڕیفراندۆم تاكە ڕووداوێكە بەو ئەندازەیە گفتوگۆ و هەژانی فیكری دروستكردبێت؟.
لەلایەكی تریشەوە، پێم وانیە هیچ كەس نكولی لەو ڕاستییە بكات كە خاڵی دووەمی پڕ واتا و پەندی ڕیفراندۆم ئەوەیە وەك سۆنەرێك بۆ دەرخستنی نەخۆشینەكانی كۆمەڵگە و كەشفكردنی ئینتیمای زۆرێك لە حیزب و سیاسییەكان كاری زۆر باشی كرد، ئەگەر ڕیفراندۆم نەكرایە، نەماندەزانی كام سیاسی و كام حیزب ئامادەیە دەست بخاتە ناو دەستی دوژمن بۆ لەناوبردنی خەونی نەتەوەكەی خۆی؟ ئەگەر ڕیفراندۆم نەكرایە، نەماندەزانی كێ بوێری ئەوەی هەیە بە گەلە ژێردەستەكەی خۆی بڵێت: كاتی ئازادیت نیە؟.
ڕیفراندۆمی پڕشكۆی خەڵكی كوردستان، وەك سۆنەرێكی ورد هەموو ئەو حیزبە هەلپەرستانەی پێناساندین كە لەسەرەتاوە وەك شەریك خۆیان نمایش كرد و، بەشداربوون لەپرۆسەی ریفراندۆم، دواتر كە زانیان ئاستەنگ دروست بوو خۆیان لێ شاردەوە. ئەوانەی شەیدای دەستكەوت بوون و بۆ بەرپرسیارێتی هەلاهەلابوون، هەموو ئەوانەی وەك سۆنەرێكی ڕاستگۆ پێناساندین.
ئەگەر ڕیفراندۆم نەبووایە، چۆنمان بزانیایە حیزب هەیە پێی وایە ئەتوانیت مێژوو بخەڵەتێنێت، لەسەرەتاوە وادەزانێت دەستكەوت دەبارێت، بەشداری ریفراندۆم دەكات، بەڵام كەزانی كێشە دروست بوو، دەڵێت: ڕیفراندۆمە سەقەتەكە!.
بۆیە بە تەواوی وشیاریمەوە دەڵێم: ڕیفراندۆم ئەگەر هیچی نەكردبێت، ئەم دوو خاڵەی كردووە كە زۆر بەدەگمەن ڕووداوێكی مێژووی ئێمە هەیە توانیبێتی ئەو هەژانە گەورەیە دروست بكات و ببێتە جێگەی باسوخواسێكی درێژخایەن. بۆیە گەر تەنها لەم گۆشەیەشەوە تەماشا بكەین، تێدەگەین ڕیفراندۆم لەپاڵ ئەركە سیاسی و یاساییەكەیدا، ئەركە فەرهەنگییەكەیشی بەزیادەوە بەجێگەیاندووە.