ساڵوەگەڕی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی

سەگڤان هالو

ڕیفڕاندومی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی ٢٠17 بە گوێرەی گشت یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتیەکان و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مروڤ، مافێکی ڕەوای گەلی کوردستان بوو.

گەلی کوردستان بەر لە ڕووخانی ڕژێمی بەعسی
گوڕبەگۆڕ لە ساڵی ٢٠٠٣ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ڕانەگەیێندراو مامەڵەی لەگەڵ قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان دەکرد. بەڵام دوای ڕوخانی بەعس کورد بە شێوەیێکی ئارەزومەندانە بەشداریی لە پڕوسەی سیاسی عێراقدا کرد و ڕوڵێکی سەرەکیشی ھەبوو لە بونیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراق بەو ئومێدەی کە عێراقێکی دیموکراسی فیدراڵی دروست دەبێت و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستانیش لە چوارچێوەی دەستووری ھەمیشەییدا دەستەبەر دەبن. بەڵام بە داخەوە ڕێک پێچەوانە دەرچوو و ھەمان
ئەقڵی سیاسی پێش ٢٠٠٣ سەری ھەڵدایەوە و قوناغ بە قوناغ مافەکانی گەلی کوردستان پێشێل کران تاکو کار گەیشتە ھەوڵەکانی دەستەڵاتدارانی عێراق بۆ نەھێشتنی قەوارەی فیدراڵی ھەرێمی کوردستان.

شەڕی داعش و بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان
و پەلاماردانی سەربازی بە مەبەستی داگیرکردنی ھەرێمی کوردستان و زور ھەڵوێستی نەشیاوی دیکەی حکوومەتی عێراق ھۆکار بوون کە سەرکردایەتیی کوردستان بگاتە ئەو بڕوایەی کە ئیتر دەرفەتی شەراکەتی سیاسی نەما لەگەڵ ئەم وڵاتە، ئەوە بوو کردنی ڕیفڕاندومی سەربەخۆیی کوردستان کاتەکەی دیاری کرا بە ڕەزامەندی گشت لایەنە سیاسەکانی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێزدار سەرۆک بارزانی.

ھەرچەند کە لایەنەکانی تر پاشگەز بوونەوە لەو بەڵێنەی کە لە کۆبوونەوەکەدا بە بارزانییان دابوو بەڵام بارزانی پێداگیریی لە بەڕێوەچونی پرۆسەکە کرد لە کاتی خویدا لە ٢٠17/9/٢٥ ھێژا سەرۆک بارزانی زۆر بە پەروشەوە ھەوڵی دا پڕوسەکە سەرکەوتن بە دەست بێنێت سەرەڕای ھەموو ئەو تەحەدیاتانەی کە لە ئارادا بوون لە سەر گشت ئایتەکاندا و ھەر ئەمەش ڕوویدا و پرۆسەکە بە ڕێژەی نزیکەی 9٣% دەنگی ھاوڵاتیانی کوردستان سەرکەوتنی تومار کرد.

بارزانی ئیرادەی گەلی کوردستانی لە سەرووی
ھەموو شتێکەوە دانا ئەمەش خۆی لە خۆیدا مایەی شانازییەکی گەورەیە و مێژوو لەسەر لاپەڕەکانی خویدا وەک شانازیەکی گەورە دەینووسێتەوە و بەزەییش بەو لایەنە سیاسیانەش ناکات کە خیانەتیان لە گەل و خاکەکەی خویان کردووە. لە کوتایدا دەڵێین؛ پرۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و سەرکەوتنی بە ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی سەرفرازییەکی ئەوەندە گەورەیە مایەی شانازی ھەر کورد و کوردستانیەکە و گشت ئازادیخوازان و سەربەخۆییخوازانە لە جیهاندا.